قوتابيهكێ ئێزدی پلا ئێكێ لسەر ئاستێ پارێزگهها مووسل بدهستڤهدئينت
قوتابيهكێ ئێزدی پلا ئێكێ لسەر ئاستێ پارێزگهها مووسل بدهستڤهدئينت
رووداو دیجیتاڵ :
رەمزی خدر، خوێندکارێکی کوردی ئێزدیی خەڵکی گوندی خانەسۆرە و ئاوارەی کامپی شێخانە، ئەو پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی پارێزگای موسڵ لە بەشی یاسا بەدەستهێناوە.
رەمزی دەڵێت، گەرما و سەرمای زۆری بینیوە، بەڵام "دەبێت مرۆڤ بەرگە بگرێت و بزانێت چۆن خۆی دەژیێنێت و ژیانی بەڕێوە دەبات". باس لەوەشدەکات، ئەو کاتەی هەواڵەکەیان پێگەیاندووە، "باوەڕم نەکرد، تاوەکو چوومە زانکۆکە".
ئەو خوێندکارە کوردە ئێزدییە ئاماژە بەوە دەکات، لە کاتی خوێندنیدا چەندین کەس هەڕەشەیان لێکردووە و پێیان گوتووە، "قبووڵ ناکەن کەسێکی ئێزدی ببێتە یەکەم". دەشڵێت، سکاڵای لەلای چەند لایەنێکی ئەمنی تۆمارکردووە و پۆلیس و ئاسایشی هەرێمی کوردستانی ئاگادارکردووەتەوە "بەڵام رۆژێک نەمبینی لێکۆڵینەوە بکرێت".
رەمزی ئەو کەسانە ناناسێتەوە کە هەڕەشەیان لێکردووە و دەڵێت، گومانی لە کۆمەڵێک کەس هەیە، "ئەو کەسانە رکابەری من بوونە" و ترسیشی هەیە سبەی کەسێکی دیکە لەو زانکۆیە ببێتە یەکەم، تووشی هەمان هەڕەشە دەبێتەوە.
نمرەکانی رەمزی نایاب بووە و بە تێکڕای چوار ساڵەکەش 91 لە 100ـی بەدەستهێناوە و لە ساڵی 2018 بۆ 2019 خەڵاتی قوتابیی نموونەیی لە بواری یاسا پێدراوە.
پلانی رەمزی باس لە پلانی خۆی بۆ دوای تەواوکردنی زانکۆ دەکات و دەڵێت، دەیەوێت لە خوێندن بەردەوام بێت، ئەو دەڵێت "ئێزدی نابێتە حاکم، بەڵام ئاواتی من ئەوەیە ببمە حاکم و کار لەسەر کەیسی ئێزدییەکان بکەم".
ئەو خوێندکارە دوو ساڵی خوێندنی لە دهۆک بەڕێکردووە و دوو ساڵی دیکەش لە موسڵ، دەڵێت، "ئەوکاتە داعش لە موسڵدا بووە و مەترسیمان لەسەر بوو، بۆیە دهۆک خۆشتر بوو".
لەبارەی ئەوەی بۆچی بەشی یاسای هەڵبژاردووە، رەمزی ئاماژەی بەوە کرد، ئەو تاوانەی بەسەر کوردانی ئێزدی هاتووە، "تاوانێکی گەلێک گەورەیە" و دەیەوێت لەڕێگەی یاساوە دەنگی ئەوان بگەیێنێتە جیهان.
تعليقات