نەهامەتيێن ئێزديان بەردەوامن و قوربانیێن دەستێ داعش مرنێ هەلدبژێرن

 نەهامەتيێن ئێزديان بەردەوامن و قوربانیێن دەستێ داعش مرنێ هەلدبژێرن

وشه‌:

شەش ساڵە برینی ئێزیدییەكان كراوەیە و هیچ كێشەیەكیان بۆ چارەسەر نەكراوە، بابەتەكەیش زیاتر پێوەستە بە حكوومەتی عێراقەوە، كە ناتوانێت یان نەیویستووە كێشەی ئەوان یەكلا بكاتەوە، ئەندامێكی كۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق رای گەیاند كە لە ماوەی مانگێكدا خۆكوشتنی سێ هاووڵاتی ئاوارەی ئێزیدیان لە كەمپەكان تۆمار كردووە، ئەوەیش كاردانەوەی بێزاری و ئەو دۆخە بژێوی و دەروونی و كۆمەڵایەتییە ناڵەبارەیە كە تیایدا دەژین.

كێشەی سەرەكیی ئێزیدییەكان وەك خۆیان باسی دەكەن، بریتییە لە ئاشكراكردنی چارەنووسی رفێنراوانیان و هێنانەوەی زیندووەكانیان و دیاریكردنی چارەنووسی ئەوانەیشی مردوون، كە تا ئێستە رێگە بە هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكانیشیان نەدراوە، جیا لە قەرەبووكردنەوەی مایەكی و مەعنەویان، ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیان و ئاشتكردنەوەیان لەگەڵ هۆزەكانی ناوچەكە بۆ ئاساییبوونەوەی ژیانیان، لە سەرووی ئەوانەیش بەكۆمەڵكوژی ناساندنی ئەوەی بەدەستی داعش بەسەریان هات، كەچی دوای رزگاركردنەوەی ناوچەكە دەركەوت كە پلانێكی پێشتر بۆ شنگال و دەوروبەری هەبووە و بابەتەكە تەنیا هێرشی داعش نەبووە، باشترین بەڵگەیش، تا ئێستە چەند لایەنێك سوود لە دۆخی كارەساتباری شنگال و دەروبەری دەبینن و رێگرن لەبەردەم ئاساییبوونەوە و گەڕانەوەی ئێزیدییەكان بۆ زێدی خۆیان.

شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری كورد لەسەر پارێزگای نەینەوا لە بەغدا بە "وشە"ی راگەیاند، شنگال لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمە لە چوارچێوەی مادەی 140، ناوچەیەكی سنوورییشە، دوای داگیركردنی لەلایەن داعش و رزگاركردنەوەی، چەكدارانی پەكەكە و یەپەگە و حەشد هاتوونەتە ناوچەكە كۆنترۆڵیان كردووە، ئەوان لە تەواوی ناوچەكە لە گوند و كۆمەڵگاكان دەسەڵاتیان هەیە، ئەوەیش وای كردووە ئێزیدییەكانی ئاوارە لە كەمپەكان و دەرەوەیشی نەتوانن بگەڕێنەوە شنگال.

زیاتر گوتی، هەمووان دەزانن لە ماوەی چەند ساڵی دوای ئازادكردنی ناوچەكە زۆر كەس بە دەستی ئەو میلیشیایانە كوژران، بۆیە مەترسی زۆر لەسەر خەڵكی شنگال هەیە ئەگەر بگەڕێنەوە ئەو ناوچەیە و تەنانەت گوندەكانی ئەوان لەلایەن حەشد و پەكەكەوە تێكدراوە، هۆكاری سەرەكیی نەگەڕانەوەی ئەوان، باڵادەستیی ئەو میلیشیایانە و لاوازیی هێزەكانی عێراقییە، لەوكاتەی بەپێی زانیارییەكان مووچەی چەكدارانی سەر بە پەكەكە لەلایەن حەشدی شەعبییەوە خەرج دەكرێت.

دووبەردانی دووپاتی كردەوە، وەك سەرۆك لیژنەی شنگال و ئاوەدانكردنەوەی ساڵی رابردوو، راپۆرتی خۆمان دا بە سەرۆك وەزیرانی عێراق، كە سێ خاڵی گرنگی لەخۆ گرتبوو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان، یەكێك لەوانە دەركردنی چەكدارانی سەر بە پەكەكەیە و ئەوەیتر گەڕانەوەی شەرعیەتی حكوومەتە، كە تا ئێستەیش حكوومەتێكی ناشەرعی لەوێ فەرمانڕەوایەتی دەكات، لەگەڵ ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە، ئەوانە وا دەكەن خەڵكی شنگال و دەروبەری بگەڕێنەوە، بەڵام تا ئێستەیش هیچ وەڵامێك لە نووسینگەی سەرۆك وەزیران لەوبارەوە نییە، دووبەردانی لەبارەی هۆكاری پشت مانەوەی دۆخەكە بەو شێوەیە و مانی پەكەكە و حەشدی شەعبی لە ناوچەكەی بە ویستێكی عێراقی لەقەڵەم دا، كاتێك مووچەیان لە بەغدا و لەلایەن حەشدی شەعبییەوە بۆ خەرج دەكرێت.   

ئەمڕۆ فازڵ غەراوی، ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمسیاران لە كۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤی عێراق گوتی، كۆمسیۆنەكە لە ماوەی مانگێكدا خۆكوشتنی سێ ئاوارەی ئێزیدیان لە كەمپەكانی ئاوارەیی لە دهۆك و چیای شنگال تۆمار كردووە، ئەوان لەوانە بوون كە قوربانی توندوتیژی و بە كۆیلەكردن بوونە لە سەردەمی داعش، كە بە دەست دۆخێكی خراپی دەروونییەوە بەهۆی ئەو تاوانانەی بەرانبەریان كراوە و لەدەستدانی كەسوكاریان و مانەوەیان بۆ ماوەیەكی زۆر لەو كەمپانە، دەناڵێنن.

زیاتر گوتی، نیگەرانیی خۆمان دەردەبڕین و بەداخەوەین بۆ دووبارەبوونەوەی كاری خۆكوشتنی ئەوان، پێویستە حكوومەت كار بۆ گەڕاندنەوەی خێرایان بۆ ناوچەكانیان بەزۆری بكات و هۆكارەكانی زیادبوونی خۆكوشتنی ئەوان لە كەمپەكات بزانرێ و چارەسەری بە پەلەیان بۆ بكرێت، هاوكات پێویستە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان پڕۆگرامی شیاندنەوەی ژنانی قوربانی دەستی داعش و توندوتیژییەكانی رژِتر بكەن و كەرەستەی گەڕانەوەیان و كۆتاهێنان بە ئاوارەییان دابین بكەن، لە رێگەی ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیان.   

ئەوەی حكوومەتی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ ئێزیدییەكانی كردووە، زیاتر لە هەردوو حكوومەتی حەیدەر عەبادی و عادل عەبدولمەهدی، ئەوە بوو لە ساڵوەگەڕی كۆمەڵكوژی ئەوان پێشوازی لە ژمارەیەك ئێزیدی كرد و دڵی دانەوە، جیا لەوەیش كاتێك بەم دواییە سەردانی دهۆكی كرد، لە كەمپێكی ئاوارەكانی ئێزیدی بەڵێنی هەوڵدان بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیان و گەڕاندنەوەیانی بۆ ناوچەكانیان و سۆراخكردنی رفێنراوەكانیانی دا.

زۆرێك لە چاودێران بۆ دۆخی ئێزیدییەكان و ناوچەكە پێیان وایە ئەو هۆكارانەی كێشەی ئەوان یەكلا ناكاتەوە، رەنگە لە دەسەڵاتی كازمی نەبێت و ئەو بەڵێنانەیشی وەك دەیان بەڵێنی تر كە لەوەتەی دەسەڵاتی وەرگرتووە، تەنیا بەڵێنی زارەكین، بە كورتی ئەوەی دۆخی ئێزیدییەكان یەكلا ناكاتەوە ویستێكی سیاسی ناوخۆیی و دەرەكییە نەك تەنیا عێراقی، ناوچەیی پێوەست بە ململانێی وڵاتانی ناوچەكە لەگەڵ یەكتر و عێراقیش لەگەڵ كورد و هەرێمی كوردستانەوە.

تعليقات

المشاركات الشائعة