200 مامۆستايێن شنگال هاتنه‌ دامه‌زراندن

رووداو - هەولێر 
دوای راپۆرتێکی تۆڕی میدیایی رووداو، 200 دەرچووی پەیمانگەی مامۆستایانی شنگال دامەزران، پەرلەمانتارێکی عێراقیش دەڵێت: زۆربەی مامۆستاکان کوردی ئێزدین و ژمارەیەکی کەمیشیان عەرەبن.
 
خالیدە خەلیل، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای هەوڵێکی زۆر، توانیمان رەزامەندی بۆ دامەزراندنی ئەو 200 دەرچووەی پەیمانگەی مامۆستایانی شنگال وەربگرین و بخرێنە سەر میلاکی پارێزگای نەینەوا".
 
ئەو مامۆستایانە دەرچووی پەیمانگای مامۆستایانی شنگالن کە سەر بە هەرێمی کوردستانە، لەبەرئەوە کێشەیان بۆ دروستبوو و دانەمەزران، پەیمانگەکە لە ساڵی 2013 دامەزراوە و ئامانج لێی پڕکردنەوەی کەمی میلاکی مامۆستایان بوو لە سنوورەکە. 
 
هەرچەندە ئەو مامۆستایانە پێشتر ناویان دەرچووبوو، بە گوتەی خالیدە خەلیل، "بەڵام رێگری لە دامەزراندنیان دەکرا، سەرئەنجام وەزارەتی پەروەردەی عێراق نووسراوی فەرمی بۆ دامەزراندنی هەموویان کردووە کە زۆربەیان کوردی ئێزدین و ژمارەیەک عەرەبیشیان تێدایە".
 
رائید غانم، کە یەکێکە لەو مامۆستایانەی نزیکەی حەوت ساڵە چاوەڕێی دامەزراندن دەکات بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو 200 مامۆستایە دەرچووی ساڵانی 2013 و 2014ـەن، بەڵام بەهۆی هێرشەکانی داعش و دواتریش تێکچوونی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، دامەزراندنیان دواکەوت.
 
پێشتر تۆڕی میدیایی رووداو لە رێگەی ڤیتییەکەوە دەنگی ئەو مامۆستایانەی گەیاندبووە لایەنی پەیوەندیدار، رائید غانم دەڵێت:" ئەوەی کە ئێمە چاوەڕێی بووین لە رێگەی رووداوەوە دەستمانکەوت".

تعليقات

المشاركات الشائعة