ژ سه‌رجه‌مێ 3 هه‌زار رزگاربوويێن ئێزدى850 كه‌س هاتينه‌ قه‌ره‌بووكرن

وشه‌:
له‌ كۆی‌ سێ هه‌زار و 500 كه‌س له‌ رزگاربووانی‌ ده‌ستی‌ داعش، ته‌نیا 850 كه‌س قه‌ره‌بوویان وه‌رگرتووه‌ و كۆچ و كۆچبه‌رانی‌ عێراقیش ده‌ڵێ، هه‌موو هه‌وڵێك ده‌خه‌نه‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی‌ سه‌رجه‌م رزگاربووان قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌.
نامانه‌وێت چیتر ئه‌و نه‌هامه‌تییانه‌ به‌رده‌وام بێت

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 12ی كانوونی دووه‌م، نه‌ورۆز حه‌سه‌ن یه‌ك له‌ ژنه‌ ئێزیدییه‌كانی‌ شنگال و رزگاربووی‌ ده‌ستی‌ داعش به‌ "وشه‌"ی‌ راگه‌یاند، له‌ سه‌ره‌تای‌ رزگاربوونمان له‌ ده‌ستی‌ داعش، تا ئێسته‌ هیچ كه‌س و لایه‌نێك هاوكاری نه‌كردووین.

زیاتر روونی ده‌كاته‌وه‌، كه‌سوكارم منیان به‌ بڕی‌ 10 هه‌زار دۆلار له‌ قاچاخچییه‌كانی‌ داعش كڕیوه‌، چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ین  لایه‌نی‌ پێوه‌ندیدار قه‌ره‌بوومان بكاته‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ تا ئێسته‌ هیچ دیار نییه‌، ئێسته‌ ناتوانین ئه‌و قه‌رزانه‌ بده‌ینه‌وه‌ كه‌ بۆ رزگاركردنم وه‌رمانگرتووه‌.

سه‌لوا سه‌یدۆ ژنێكی‌ تری‌ ئێزیدیی‌ رزگاربووی‌ ده‌ستی‌ داعشه‌ و وه‌ك بۆ "وشه‌" ده‌ڵێ، ماوه‌یه‌كه‌ له‌ ده‌ستی‌ داعش رزگار بووین، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ تا ئێسته‌ هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك له‌لایه‌ن عێراق و هه‌رێمی‌ كوردستانیشه‌وه‌ به‌ ئێمه‌ نه‌دراوه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش جێی‌ داخه‌.

"ئێمه‌ له‌ رێی‌ "وشه‌"ه‌وه‌ داوا ده‌كه‌ین حكوومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان یاخۆ حكوومه‌تی‌ عێراق هاوكاریمان بكه‌ن، قه‌ره‌بووی ئه‌و كه‌سانه‌یش بكرێته‌وه‌ كه‌ تا ئێسته‌ قه‌ره‌بوویان وه‌رنه‌گرتووه‌، چونكه‌ ئازار و ناخۆشی‌ زۆرمان له‌ ده‌ست تیرۆرستانی‌ داعش بینیوه‌ و نامانه‌وێت چیتر ئه‌و نه‌هامه‌تییانه‌ به‌رده‌وام بێت". سه‌لوا وای گوت.

ئه‌سكه‌نده‌ر محه‌مه‌د سه‌لیم به‌ڕێوه‌به‌ری‌ كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق له‌ پارێزگای دهۆك به‌ "وشه‌"ی‌ راگه‌یاند، تا ئێسته‌ پاره‌ی‌ به‌شی یه‌كه‌می‌ رزگاربووانی‌ ده‌ستی‌ داعش دابه‌ش كراوه‌ كه‌ ژماره‌یان 899 كه‌سه‌ و له‌و ژماره‌یه‌ك 850 كه‌س پاره‌یان وه‌رگرتووه‌.

وه‌ك ئاماژه‌ی پێ ده‌دات، ئێمه‌ له‌ هه‌وڵی‌ به‌رده‌وامداین بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی‌ له‌ ده‌ستی‌ داعش رزگار بوون قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌، هاوئاهه‌نگیمان له‌گه‌ڵ نووسینگه‌ی‌ رزگاركردنی‌ ره‌فێنراوه‌ ئێزیدییه‌كان هه‌یه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌هۆی‌ تێكچوونی‌ دۆخی دارایی‌، عێراق تا ئێسته‌ پاره‌ی بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یان دیاری نه‌كردووه‌، هه‌موو ناوه‌كان بۆ  قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ به‌ نووسراو راده‌ستی عێراق كراوه‌ و چاوه‌ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ناوه‌كان و بڕی‌ پاره‌كه‌ ده‌كه‌ین.

به‌پێی‌ قسه‌ی‌ ئه‌و به‌رپرسه‌، بڕی‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ كه‌ به‌سه‌ر رزگاربووانی‌ ئێزیدی‌ و ئه‌وانه‌ی‌ له‌ ده‌ستی‌ داعش رزگار بوون دوو ملیۆن دیناره‌ بۆ هه‌ر كه‌سێك.

به‌پێی‌ داتاكان زیاتر له‌ سێ هه‌زار و 300 كه‌س له‌ كوردانی‌ ئێزیدی‌ له‌ ده‌ست داعش رزگار بوون، به‌شێكی‌ زۆری‌ ئه‌وانه‌ ئێسته‌ له‌ كه‌مپه‌كانی‌ دهۆك ده‌ژین.

تعليقات

المشاركات الشائعة