کچهكا ئێزدی ژ دەستێن داعش هاته رزگارکرن
رووداو - هەولێر
کچێکی دیکەی کوردی ئێزدی خەڵکی گوندی کوچو لە شاری روممادی لەلایەن سوپای عێراقەوە لەدەست داعش رزگارکرا و نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش دەڵێت، بەمنزیکانە دەیگێڕنەوە بۆ نێو کەسوکاری.
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش بە رووداوی راگەیاند، ناوی ئەو کچە ژیان شەمو خزر ـە، لەدایکبووی 2002 و خەڵکی گوندی کوچو ـە. لە بیابانەکانی روممادی لە دەستی داعش رزگارکراوە و لە پەیوەندیدان بۆئەوەی بەزووترین کات بیگەڕێننەوە لای کەسوکارەکەی.
حوسێن قائیدی ئەوەشی گوت، ئێستا ئەو کچە لەلای سوپای عێراق پارێزراوە.
نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش بە بڕیاری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان لە 2014 کرایەوە.
لە 3ـی ئابی 2014 داعش هێرشیکردە سەر شنگال و نزیکەی شەش هەزار و 500 کوردی ئێزدی کەوتنە دەستی ئەو رێکخراوە کە لەو ژمارەیە تاوەکو ئێستا سێ هەزار و 515 کەس لەلایەن ئەو نووسینگەیەوە رزگارکراون کە هەزار و 983 کەسیان منداڵ بوون. هەزار و 193 کەسیان ژن و 339 کەسیان پیاو بوون.
تعليقات