ناڤهندهكا بريتانى كۆمكوژيا گوندێ كۆچۆ دكیۆمێنت دكهت
رووداو- هەولێر
چەكدارانی داعش لە رۆژی سێی ئابی 2014 هاتنە ناو گوندی كۆچۆ لە ناوچەی شنگال و دوای دوانزدە رۆژ دانوستاندن لەگەڵ موختار و پیاوماقووڵانی گوندەكە، داعش دەستی بە هەڵمەتی كوشتار و رفاندنی دانیشتووانەكەی كرد. سكوڵی ئابووری و زانستی سیاسیی لەندەن (LSE) لە راپۆرتێكی هەفتەی رابردوویدا هەوڵی بە دۆكیۆمێنتكردنی كۆمەڵكوژیی ئەو گوندە و كاریگەری لەسەر دێموگرافی گوندەكە داوە.
سەرچاوەی داتاكان
راپۆرتەكەی (LSE) پشت بە دوو سەرچاوەی زانیاری دەبەستێ، یەكەمیان ئەو زانیارییانەی كە كەسانی ئێزدی مەشقپێكراو لە خزمانی نزیك و دووری خۆیان، هاوڕێكانیان و دراوسێكانی جارانی خۆیان لە كەمپی ئاوارە ئێزدییەكان لە هەرێمی كوردستان كۆیانكردوونەتەوە، سەرچاوەی دووەم پیاوانی بەتەمەنی گوندەكەن.
ئەنجامەكان
بەگوێرەی ئەو داتایانەی كە ناوەندە بەریتانییەكە لە كەمپی ئاوارەكان و پیاوانی گوندەكە دەستیكەوتوون، 1161 قوربانی لە گوندەكە هەن كە بەناو دەستنیشانكراون. لەو ژمارەیە 628 كەس لە دەست داعش رزگاركراون و 533 كەس وەك شوێنبزر یان كوژراو ماونەتەوە.
راپۆرتەكە ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە لە نێوان داتاكانی كەمپەكان و ئەوەی پیاوە ئێزدیەكاندا جیاوازی هەیە. 28 كەس كە لە لیستی كەمپەكاندا هەن، لە لیستی پیاوانی گونددا نین و 285 كەسیش كە ناویان لای پیاوەكانە لە لیستی كەمپەكاندا ناویان نەهاتووە. بەو پێیەش لیستی كەمپەكان و لیستی پیاوانی گوند لە 848 ناودا هاوڕان. جیا لەمە 9 كەسی دیكەش هەن كە ناویان لە هیچكام لەو دوو لیستەدا نەهاتووە.
بەپێی داتاكانی راپۆرتەكە، 579 كەس لە قوربانیان پیاو بوون و 582 كەسیان ئافرەت بوون. 301 قوربانی (26٪)یان تەمەنیان لە خوار 10 ساڵ و 558 كەسیان واتە 48٪ یان تەمەنیان لە خوار 20 ساڵ بووە. زیاترین ژمارەی قوربانی لە گروپی تەمەنی (0 بۆ 9 ساڵ) بووە، لەو گروپەدا 144 كەسیان كچ و نزیكەی 157 كەسیان كوڕ بوون. گروپی تەمەنی (50 بۆ 60 ساڵ) كەمترین ژمارەی قوربانییان بەركەوتووە.
كوژراو و شوێنبزر
لە كۆی ئەو 533 كەسەی بە كوژراو و شوێنبزر پۆلێنكراون، 360 كەسیان، واتە 68%یان پیاون، 173 كەسیان، واتە 32%یان ئافرەتن. لە 301 قوربانییەكەی خوار تەمەنی 10 ساڵ، 22 كوڕ و 25 كچیان شوێنبزرن یان كوژراون. لە گروپی تەمەنی 10 بۆ 19 ساڵ 257 قوربانی هەن، لەو ژمارەیە 135 كەسیان پیاو و 122ی دیكەیان ئافرەتن كە 79 پیاو و 38 ئافرەتیان كوژراون یان كەس سۆراخیان نازانێ.
لەو 287 پیاوەی كە لە كاتی هێرشەكەدا تەمەنیان 20 ساڵ بۆ سەرەوە بووە، 259 كەسیان، واتە 90٪یان كوژراون یان چارەنووسیان دیار نییە. لەو 187 ئافرەتەی تەمەنیان لە نێوان 20 بۆ 30 ساڵە، 26 كەسیان كوژراون یان شوێنبزرن. لە 81 ئافرەتەكەی گروپی تەمەنی 40 بۆ 59 ساڵ، 42 كەسیان كوژراون یان شوێنیان دیار نییە، ئەم ژمارەیە بۆ 48 ئافرەتەكەی گروپی تەمەنی 60 ساڵ بۆ سەرەوە 42 كەسە.
راپۆرتەكە بە دووری نازانێ ئەو كوڕە مێرمنداڵانەی لە كاتی هێرشەكاندا تەمەنیان لە 12 ساڵ بۆ سەرەوە بووە، زیندوو بن و لە پێنج ساڵی رابردوودا لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعشدا بووبن، بەڵام پێیوایە ئەگەری كەمە كوڕ و پیاوانی بە تەمەنتر زیندوو بن، بەڵام سەبارەت بە كچ و ئافرەتان پێیوایە ئەگەری زۆرە زیندوو بن.
رزگاركراوان
لە كاتی هێرشەكانی داعشەوە، 628 قوربانی خەڵكی كۆچۆ رزگاركراون. لەو ژمارەیە 219 كەسیان پیاون، واتە 35٪ی رزگاركراوان. 309 كەسیان ئافرەتن، واتە 65%ی رزگاركراوان. لەو ژمارەیە 135 كەسیان كوڕ و 119 كەسیان كچی تەمەن خوار 10 ساڵن. لە گروپی تەمەنی 10 بۆ 19 ساڵ، 56 پیاو و 84 ئافرەت رزگاركراون.
لە پیاوانی تەمەن 20 بۆ سەرەوە تەنیا 28 كەسیان رزگاركراون، بەڵام لە ئافرەتاندا ئەو ژمارەیە زۆرترە. لە گروپی تەمەنی 20 بۆ 39 ساڵ، 161 ئافرەت رزگاركراون. لە گروپی تەمەنی 40 بۆ 59 ساڵ، 39 ئافرەت گەڕاونەتەوە. لە ئافرەتانی تەمەن 60 ساڵ بۆ سەرەوە تەنیا 6 ئافرەت رزگاریان بووە.
بەگوێرەی راپۆرتەكە، لە گروپی تەمەنی 40 ساڵ بۆ سەرەوە و بە تایبەتی لە گروپی تەمەنی 50 ساڵ بۆ سەرەوە، ژمارەی ئافرەتە رزگاركراوەكان بە شێوەیەكی بەرچاو دادەبەزێ. بەشێك لە هۆكاری ئەوەش دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی كە ئەو ئافرەتانەی تەمەنی دووگیانبوونیان تێپەڕاندبوو، لەلایەن داعشەوە جیاكرابوونەوە و كوژرابوون.
لە ساڵی 2014، نزیكەی 6417 ئێزدی لە ناوچەی شنگال و دەوروبەری لەلایەن چەكدارانی داعشەوە رفێنران. بەگوێرەی داتاكانی نووسینگەی كاروباری ئێزدییەكانی سەر بە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، چارەنووسی زیاتر لە 2990 كەسیان هەتا ئێستا دیار نییە، لە كاتێكدا زیاتر لە 3300 كەسیان رزگاركراون.
تعليقات