ئيساله‌ رێوره‌سمێن جه‌ژنا جه‌مايێ نائێنه‌ گێران

رووداو - دهۆك
دوای تێپەڕبوونی نزیكەی شەش مانگ بەسەر مردنی میر تەحسین، میری ئێزدیانی جیهان، تاوەكو ئێستا نەیانتوانیوە لەسەر هەڵبژاردنی میری نوێ‌ رێكبكەون، حەوت كەس خۆیان بۆ شوێنی میر تەحسین داناوە، ئێزدییەكان چاوەڕێن ماڵی میر یەكێك لەو حەوت كەسە دەستنیشان بكەن.

رۆژی دووشەممە 28/1/2019 میر تەحسین سەعید بەگ لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی شاری هانۆڤەری ئەڵمانیا لە تەمەنی 86 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد. دواتر تەرمەكەی هێنرایەوە كوردستان و لە شێخان بە خاك سپێردرا. ئەگەرچی وا بڕیاربوو دوای چلەی میر تەحسین، میرێكی تازە بۆ ئێزدییەكان هەڵبژێردرێ‌، بەڵام هێشتا ناكۆكی هەیە لەسەر ئەوەی كێ‌ شوێنی دەگرێتەوە.

سعود مستۆ كە راوێژكاری جڤاتی رووحانیی ئێزدییە، هۆشداری دەدات لە زیاتر دواكەوتنی هەڵبژاردنی میر و دەڵێت "دەستنیشاننەكردنی میرێكی نوێ‌ بۆ كۆمەڵگای ئێزدی باش نییە، چونكە میر پێگەیەكی بەهێزی جیهانی هەیە و دەتوانێ كاریگەری هەبێت بۆ بەرژەوەندیی ئێزدییەكان".

سعود مستۆ لەگەڵ راوێژكارەكانی دیكەی جڤاتی رۆحانیدا، ماوەیەك لەمەوبەر لەگەڵ بەشێك لە ماڵباتی میر كۆبوونەتەوە و داوایان كردووە پەلە بكرێ‌ لە دانانی میری نوێ‌، چونكە وەك ئەو دەڵێت: "بەبێ میر رێوڕەسمەكانی جەژنی جەما ناكرێت، دەبێ‌ میر سەرپەرشتی بەڕێوەچوونی ئەو جەژنە بكات، جەژنەكەش نزیك بووەتەوە و لە مانگی تشرینی یەكەمدا دەكرێ‌".

لە ماڵی میر تەحسین لە سەنتەری قەزای شێخان، حازم كوڕە گەورەی میر تەحسین پێشوازی لە میوانان دەكات و بەشێك لە كاروبارەكانی میر بەڕێوە دەبات، خۆی وەكو وەكیلی میر دەناسێنێ، چونكە پێشتریش ماوەی شەش ساڵی نەخۆشكەوتنی میر تەحسن هەر ئەو كاروبارەكانی بەڕێوەدەبرد وەكو وەكیلی میر.

حازم بەگ كە یەكێكە لەوانەی چاوی لەوەیە شوێنی باوكی بگرێتەوە، بە (رووداو)ی گوت: "چەند كۆبوونەیەكمان كردووە، نەگەیشتینە هیچ ئەنجامێك، بەڵام رۆژانی داهاتووش كۆبوونەوەمان دەبێت، بەڵكو بگەینە ئەنجامێك، چونكە ئەم پرسە دواكەوت، بەڵام هیوامان ماوە كە بگەینە چارەسەر". 

حازم تەحسین بەگ دەڵێت گەورەترین گرفت ئەوەیە هیچ میكانیزمێكی روونیان نییە بۆ دەستنیشانكردنی میر، بۆیە هەر بەربژێرێك دەیەوێ میكانیزمێك دابنرێت كە بۆ خۆی باش بێ.

بەگوێرەی بنەماكانی بیروباوەڕی ئێزدی، میری كوردانی ئێزدی هەردوو دەسەڵاتی دونیایی و ئایینی لەدەستە. لەڕووی ئاینییەوە، میری كوردانی ئێزدی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی رۆحانی ئێزدییەكان دەكات.

هەرمان میرزا بەگ، یەكێكی دیكەیە لە بەربژێرەكان دەڵێت: "من پرۆژەم هەیە و دەمەوێ زیاتر خزمەت بە ئێزدیخان بكەم، كەسانێك هەن دەیانەوێت ببنە میر، بەبێ بۆچوونی ئێزدییەكان ئەمە قەبووڵكراو نییە. ئەو كەسەی ببێتە میر دەبێ‌ لە هەموو روویەكەوە كەسێكی شیاو بێت".

میر تەحسین سەعید عەلی بەگ لە 15ی ئابی 1933 لە ناوچەی باعەدرێ سەر بە قەزای شێخان لەدایكبووە. لە هاوینی ساڵی 1944، كاتێك كە میر تەحسین بەگ تەمەنی نزیكەی 11 ساڵ بوو، بەهۆی كۆچی دوایی باوكییەوە، لەلایەن دایە گەورەیەوە بۆ پۆستی میری كوردانی ئێزدی بەربژێر كرا. لە ساڵانی مێردمنداڵی میر تەحسین بەگدا، مەیان خاتوونی دایكی سەرپەرشتی كارەكانی دەكرد تاوەكو تەمەنی گەیشتە 18 ساڵ.

ئەو حەوت كەسەی بەربژێرن بۆ شوێنگرتنەوەی میر تەحسین بریتین لە: حازم تەحسین سەعید بەگ، كامیران سەعید خەیری بەگ، هەرمان میرزا سەعید بەگ، عامر مەحموود سیدۆ بەگ، شێرزاد فارووق بەگ، میران سەباح جاسم بەگ، سالم نەجمان داود بەگ.

سعود مستۆ گوتی: "لە دوا كۆبوونەوە بنەماڵەی میر پێیان گوتین كە ئەگەر ئەوان نەگەیشتنە رێككەوتنێك، ئەوە كۆمەڵگەی ئێزدی سەرپشك دەكەن لە هەڵبژاردنی میر".

تعليقات

المشاركات الشائعة