ڤهگهريانا ئاواران ژ كهمپێن دهۆكێ بۆ شنگال دهست پێ كر
رووداو - شنگال
بڕیاری حکومەتی عێراق بە پێدانی بڕی یەک ملیۆن و 500 هەزار دینار بە خێزانە ئاوارەکانی شنگال لەپێناو گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانیان، کاریگەریی هەبووە و لەماوەی هەفتەیەکدا نزیکەی 100 خێزانی ئاوارەی شنگال گەڕاونەتەوە سەر ماڵوحاڵیان.
سەرەڕای نەبوونی خزمەتگوزاریی پێویست لە قەزای شنگال، لە ماوەی هەفتەی رابردوودا نزیکەی 100 ماڵباتی ئاوارەی شنگال لە کەمپەکانی سنووری پارێزگای دهۆکەوە گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان.
ماوەی دوو ساڵ دەبێت سوپای عێراق لەنێو سەنتەری شنگال و دەوروبەری دەسەڵاتدارە، بەڵام وەکو بەشێکی خەڵکی ناوچەکە دەڵێن "وەکو پێویست خزمەتگوزاری لە شنگال دابین نەکراوە".
پێش نزیکەی دوو مانگ، فالح فەیاز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق سەردانی قەزای شنگالی کرد و بڕیاری دا 63 پرۆژە لە دەڤەری شنگال جێبەجێ بکرێن، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا سێ لەو پرۆژانە چوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
پێش هەفتەیەکیش حکومەتی عێراق بڕیاریدا بڕی یەک ملیۆن و 500 هەزار دینار بداتە ئەو خێزانە ئاوارانەی ماوەی پێنج ساڵە لە کەمپەکانی سنووری پارێزگای دهۆک نیشتەجێن، ئەو بڕیارەش کاریگەری لەسەر گەڕانەوەی ئاوارەی کەمپەکانی سنووری پارێزگای دهۆک هەبووە.
گەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال لە سنووری پارێزگای دهۆکەوە بۆ ناوچەکانیان لەکاتێکدایە، پێش دوو مانگیش ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بڕیاریدابوو، ئەو خێزانانەی ماڵەکانیان تەقێندراوەتەوە یان سووتاوە و وێرانبووە، بە بڕی 30 ملیۆن دینار قەرەبوو بکرێنەوە، بەمەرجێک خانووەکان بەناوی خاوەنەکانیان بن، بەڵام وەکو تەحسین قاسم، پەیامنێری رووداو دەڵێ "بەشی هەرە زۆری خانووەکانی سەنتەری شنگال تاپۆ نین و بەناوی خاوەنەکانیانەوە نین، لەگەڵ ئەوەشدا تاوەکو ئێستا ئەو بڕیارە جێبەجێنەکراوە".
لەدوای کۆنترۆڵکردنی شنگال لەلایەن داعش لە مانگی ئابی 2014، زۆربەی خەڵکی سنووری شنگال ئاوارەبوون و، رێژەی 75%ـیان روویان کردە سنووری پارێزگای دهۆک و لەنێو 14 کەمپ نیشتەجێ بوون.
تعليقات