دەست ب ڤه‌كرنا گۆڕێن بکۆم ل شنگال دێ ئێته‌ كرن

ھەولێر-KDP.info- 
بریکاری وەزیری شەھیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، لەم ھەفتەیەدا بەرنامەیەک لەگەڵ حکوومەتی عێراق دادەنێن بۆ ئەوەی دەست بە ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی شنگال و سەماوە بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش دوو تیم ئامادە دەکرێن.

بریکاری وەزیری شەھیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەرەڤان حەمدی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەھۆی سووتاندنی گەنمی جووتیارانەوە لە ناوچە کوردستانییەکان لە سنووری شنگالیش ھەندێک گۆڕی بەکۆمەڵ سووتاون و تیمێکی کۆکردنەوەی بەڵگەکان سەردانی ئەو شوێنانەیان کردووە و ڕاپۆرتێک لەوبارەیەوە ئامادە دەکەن. لە کۆچۆ دوو گۆڕ، لە تلبەنات یەک گۆڕ و لە حەردان یەک گۆڕ سووتاون و سووتانەکە کاریگەریی زۆری نابێت، بەڵام زیانیشیان پێ گەیشتووە، بۆیە بەردەوام دەبین کاری لەسەر دەکەین و ھیوادارین ھەردوو حکوومەت لەبارەی ئەو ناوچانەوە بگەنە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی ئەو جۆرە ڕووداوانە دووبارە نەبنەوە."

بەرەڤان حەمدی گوتیشی: "لە ١٥/٣ دەستمان بە ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان کردووە و بەھۆی مانگی ڕەمەزان و جەژنی ڕەمەزانەوە ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان ڕاگیرابوو، بەڵام لەم ھەفتەیەدا لەگەڵ حکوومەتی عێراق بەرنامەیەک بۆ دووبارە ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان دادەنێین."

حەمدی باسی لەوەش کرد: "دوو تیم ئامادە دەکەین، تیمێک گۆڕەکانی شنگال و تیمێکیش گۆڕەکانی سەماوە ھەڵدەدەنەوە، چونکە جگە لە شنگال سێ گۆڕی بەکۆمەڵ لە سەماوەش ھەن ئەوانیش ھەڵدەدرێنەوە."

جێگەی ئاماژەبۆکردنە لە سنووری قەزای شنگال نزیکەی ٨٠ گۆڕی بەکۆمەڵ ھەیە، کە لە ماوەی ڕابردوودا ١٠ گۆڕ لەوانە ھەڵدراونەتەوە بە ھەماھەنگی لە نێوان حکوومەتی ھەرێم و عێراقدا و بە چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان."

تعليقات

المشاركات الشائعة