فەرمانبەر و خانەنشینێن ئێزدی دێ ئێنه‌ قەرەبووكرن

وشه‌:
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دانیشتنێكی ئاسایی خۆی ساز كرد و چەندان پرسی تاوتوێ كرد و چەند بڕیارێكیشی دا لەوانە قەربووكردنەوەی ئەو فەرمانبەرانەی ئێزیدی كە دەوامیان جێهێشتووە، هەروەها خانەنشین و ئەوانەشی كە دەستیان لەكار كێشاوەتەوە.

لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كە عادل عەبدولمەهدی سەرۆكایەتی دەكرد، دەنگ لەسەر پڕۆژەی تەواوكاری باشووری عێراق درا كاتێك ئەنجوومەنەكە تاوتوێی گفتوگۆی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و هەردوو كۆمپانیای "ئیكسۆن مۆبیل" و "پیترۆجاین" كرد لەبارەی جێبەجێكردنی پڕۆژەكەوە. 

هەروەها ئەنجوومەنەكە رەزامەندی دا بۆ درێژكردنەوەی كاركردن بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 157 بۆ ساڵی 2018 لەبارەی گەڕاندنەوەی ئەو پارانەی بیانییەكان بە شێوەیەكی نایاسایی دەستیان خستووە، هەروەها ئەنجوومەنەكە بڕیاری دا لەبارەی كوردانی ئێزیدی بە قەرەبووكردنەوەی فەرمانبەران لەوانەی كارەكانیان جێهێشتووە و خانەنشینانیان و ئەوانەشی دەستیان لەكار كێشاوەتەوە.

ئەنجوومەنەكە هەروەها رازی بوو لەسەر هەموواركردنی بڕگەیەكی بڕیاری ئەنجوومەنەكە لەبارەی رێوشوێنی قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی تووشبووان بە نەخۆشی ئینفلەوەنزای باڵندە، هەروەها هەموواركردنی بڕیارێكی ئەنجوومەنەكە لەبارەی فرۆشتنی خانوو و شوقەكانی نیشتەجێبوونی دەوڵەت بەفەرمانبەران و هاووڵاتییانەوە، جیا لە تاوتوێكردنی پرسی پاڵپشتیكردنی جووتیاران.

ئەمڕۆ سێشەم عادل عەبدولمەهدی لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەی لە بەغدا لە دوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رای گەیاند كە پێوەندییەكانمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان زۆر باشە و ئەوەش بنەمایەكە بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان و كێشە هەڵپەسێردراوەكان.

عەبدولمەهدی لە كۆنگرەكەدا باسی چەند پرسێكیتری گرنگی پێوەست بە دۆخی عێراق كرد لەوانە بەخشینی عێراق لە سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران و گوتی، هیچ پێوەندییەك لە نێوان رێككەوتنمان لەگەڵ كۆمپانیای "ئیكسۆن مۆبیل"ی ئەمەریكایی و بەخشینمان لە سزاكانی سەر ئێرانەوە نییە.

لەبارەی كێشەی كارەباوە كە چاوەڕوان دەكرێت هاوینی ئەمساڵ دووبارە سەر هەڵبداتەوە، عەبدولمەهدی دووپاتی كردەوە كە حكوومەتی عێراق لەگەڵ كۆمپانیای "سیمنس"ی ئەڵمانی لەسەر دانانی نەخشەرێگەیەك بۆ باشتركردنی كەرتی كارەبا لە عێراق لە سەردانی دوایی بۆ ئەڵمانیا رێككەوتننێكی واژوو كردووە.

تعليقات

المشاركات الشائعة