خه‌لكێ شنگال دێ قه‌ره‌كى مه‌زن وه‌رگرن

كه‌ركووك ناو:
نوێنه‌ری تایبەتی ئەمریكا بۆ پڕۆگرامه‌کانی یارمه‌تیدانی که‌مینه‌کان، جەختیكردەوە لە دابینكردنی 17 ملیۆن دۆلار بۆ رەخساندنی هەلی كار لەڕێی پێدانی قەرزەوە بە خەڵكی پارێزگای نەینەوا و هەروەها قەزای شنگال.

ماکس پریمۆراک، لە كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ ژمارەیەك دەزگای راگەیاندن لە نێویاندا دەزگای (كەركوك ناو)، وتی "پاڵپشتی داراییمان بۆ ژماره‌یه‌ک پڕۆژه‌ی گرنگ دابینکردووه‌ له‌ قه‌ره‌قوش، که‌ره‌ملێس، شێخان ته‌لسقوف، لالش، ئه‌لقوش و شه‌نگال و ناوچەكانی تری پارێزگای نەینەوا، ئێستاش پڕۆژه‌یه‌کی زۆر گه‌وره‌مان ده‌ستپێکردووه‌ بۆ ره‌خساندنی هه‌لی کار بۆ پارێزگای نه‌ینه‌وا و قه‌زای شنگال".

ئەو پڕۆژەیە به‌ناوی (قه‌رزه‌کانی ئیشکردن)، وەك ماكس پریمۆراك وتی "پاره‌ به‌شێوەی قه‌زر ده‌ده‌ینه‌ خه‌ڵکی ناوچەكە تاوكو پڕۆژەی خۆیان هەبێت و ئیشبكەن، 17 ملیۆن دولارمان بۆ ئه‌و پڕۆژه‌یە دابینکراوە".

پاره‌ به‌شێوەی قه‌زر ده‌ده‌ینه‌ خه‌ڵکی ناوچەكە تاوكو پڕۆژەی خۆیان هەبێت و ئیشبكەن

ئەو كۆبونەوەیە پێنجشەممە 23ی ئایار لەكونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر بەڕێوەچوو بە بەشداری ستیڤ ڤه‌یگن کونسوڵی گشتی ئه‌مریکا. عەمار عەزیز وەك نێردراوی (كەركوك ناو) ئامادەبوو.

ماکس پریمۆراک، لە سەرەتای كۆبونەوەكەدا وتی "ویلایەتە یه‌کگرتووه‌کان پابه‌ند ده‌مێنێته‌وه‌ به‌ کارکردن له‌گه‌ل هه‌موو پێکهاته‌ ئاینییه‌کان له‌ عیراق به‌ هه‌رێمی کوردستانی عیراقیشه‌وه‌، به‌رده‌وام ده‌بین له‌ هه‌ماهەنگیکردن و له‌ نزیکه‌وه‌  کارکردن له‌گه‌ڵ هاوشانه‌ لۆکاڵییه‌کانمان هه‌روه‌ها رابه‌رانی کۆمه‌ڵگا بۆ جێبه‌جێکردن و چاودێریکردنی ئه‌و پڕۆگرامانه‌ی له‌ ئێستا و داهاتوشدا كە لەلایەن ئه‌مریکاوە پاڵپشتی دارایی ده‌کرێن له‌سه‌رانسه‌ری وڵاتدا".

هەروەها وتیشى "پاراستنی مافی هه‌موو پێکهاته‌ ئاینییه‌کان کاری له‌ پێشینه‌ی سه‌رۆک و جێگری سه‌رۆک وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا و به‌ڕێوه‌به‌ری  ئاژانسی  ئه‌مه‌ریکی بۆ گه‌شه‌پێدانی نیوده‌وڵه‌تییه‌، ئێمه‌ لێره‌ین و به‌رنامه‌کانی خۆمان به‌رفراوان ده‌که‌ین بۆ زیاتر پشتگیریی و هاوکاریکردنی ئاواره‌کان به‌ تایبه‌ت گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ شوێنه‌کانی خۆیان".

هەولێر/23ی ئایاری 2019/ عەمار عەزیز، نێردراوی (كەركوك ناو) لە كۆبونەوەیان لەگەڵ کونسوڵی گشتی ئه‌مریکا و نوێنه‌ری تایبەتی ئەمریكا بۆ پڕۆگرامه‌کانی یارمه‌تیدانی که‌مینه‌کان فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

په‌یامنێری (که‌رکوک ناو) پرسیاریكرد لە هەریەكە لە کونسوڵی گشتی ئه‌مریکا و ماکس پریمۆراک، له‌باره‌ی به‌رنامه‌ی ئه‌وان‌ بۆ زیاتر دابه‌شکردنی هاوکارییه‌کان به‌سه‌ر ئێزدییه‌کان و جێه‌جێکردنی میکانیزمێکی باشتر بۆ گه‌یاندنی هاوکارییه‌کان.

ستیڤ ڤه‌یگن لە وەڵامدا وتی " لەساڵی‌ 2014ەوە تاوه‌کۆ ئێستا دوو ملیۆن دۆلارمان وه‌کو هاوکاری به‌سه‌ر ئێزیدییه‌کاندا دابه‌شكردووە، ئه‌و هاوکارییانه‌ هه‌مه‌جۆر بون به‌تایبه‌ت له‌ڕوی ته‌ندروستیی و پێداویستی تایبەت، ئێمە به‌رده‌وامده‌بین لە گه‌یاندنی هاوکارییه‌کان و سه‌ردانی مه‌یدانی بۆ که‌مپه‌کان ده‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ی له‌ نزیکه‌وه‌  ئاگاداری گه‌یاندنی هاوکارییه‌کان بین به‌سه‌ر ئاواره‌کاندا".

تعليقات

المشاركات الشائعة