کەریم شنگالی:پێشمەرگە دێ ڤه‌گه‌رته‌ شنگال

K24 – هه‌ولێر:
بڕیارە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بگەڕێتەوە تەواوی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و  بە هاوکاری لەگەڵ سوپای عێراق ئەرکەکانیان جێبەجێبکەن.

کەریم شنگالی، وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردستان24ی گووت: "گەڕانەوەی پێشمەرگە تەنها بۆ کەرکووک نیە، بەڵكو بۆ سەرجەم ناوچە کوردستانییەکانە و لەگەڵ بەغدا لە گفتوگۆکردن بەردەوامین".

لە لایەکی دیکەوە، د. کەمال کەرکووکی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە کەرکووک – گەرمیان لەبارەی کاتی گەڕانەوەی ئەندامانی پارتەکەی بە کوردستان24ی راگەیاند: "کاتێک دەزگا ئەمنییەکان لە خەڵکی خۆجێی ناوچەکە بوون و بەربەست لە پێش ئاڵای پیرۆزی کوردستان نەما، ئەندامانی پارتی دەگەڕێنەوە".

هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێـتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رێککەوتنی پارتی و یەکێتی لەبارەی کەرکووک پشتڕاستدەکاتەوە و دەڵێت: "لە لایەن هەردوولا پڕۆژەیەک دەنووسرێتەوە".

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، لە ئێستادا، خالید شوانی و رزگار عەلی کاندیدی یەکێتین بۆ پارێزگاری کەرکووک.

لە دوای رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەر و داگیرکردنی ناوچە کوردستانییەکان   تا دێـت دۆخی ئەو ناوچانە لە رووی ئەمنیەوە تێک دەچێت و داعش  چالاکیەکانی فراوانتر دەکات، بۆ ئاسایکردنەوەی دۆخەکەش پێشمەرگە و سوپای عێراق لە گفتوگۆدان.

هەرچی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانیی کوردستانە، بۆ ئاسایکردنەوەی دۆخی ئیداریی کەرکووک لە گفتوگۆدان و  گەیشتوونەتە چەند رێککەوتنێک، بڕیاریشە، 18 ئەم مانگە- شوبات، یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە شاری هەولێر ئەنجام بدرێت.

تعليقات

المشاركات الشائعة