بەغدا ل ئاستێ نافخۆيى و ده‌رڤه‌ كار بۆ ب جینۆساید ناساندنا كه‌يسا ئێزدیان نەكريه‌

دهۆك-KDP.info-
  شارەزایانی بواری جینۆساید و كاروباری ئێزدییان باوەڕیان وایە، حكوومەتی عێراق نایەوێت كۆمەڵكوژیی ئێزدییان بە جینۆساید بناسرێت، چونكە نەك لەسەر ئاستی باڵا، بگرە لە ئاستی نێوخۆیشدا هیچ هەنگاوێكی بۆ ئەم كەیسە نەهاوییشتووە.

زیاتر لە ٨٠%ـی ئێزدییەكان لە ژێر خێوەتدان و شنگالیش ئێستا لە لایەن هێزە نایاساییەكانەوە بەڕێوە دەبردرێت، شارەكەیش زیاتر لە ٨٥%ـی وێران بووە و حكوومەتی عێراقیش هیچ هەنگاوێكی بۆ دووبارە ئاوەدانكردنەوەی شارەكە نەناوە و هیچ هاوكارییەكیشی نەكردووە تا خەڵك بگەڕێنەوە ناوچەكانیان.

ڕاوێژكاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری جینۆساید، حوسێن قاسم حەسوون، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "بەغدا نە لەسەر ئاستی نێوخۆ و نە لەسەر ئاستی دەرەوەیش، كاری بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئێزدییەكان نەكردووە".

تا ئێستا لە پەرلەمانی چەند وڵاتێكی دنیادا كۆمەڵكوژیی ئێزدییان بە جینۆساید ناسێنراوە، كەچی لە رووی یاساییەوە دادگای نێودەوڵەتی ددانی پێدا نەناوە، بە گوتەی شارەزایانیش، كۆمەڵكوژیی ئێزدییان بە هەموو پێوەرێك جینۆسایدە.

ڕاوێژكارەكەی سەرۆكی حكوومەت گوتیشی: "دەبێ لەسەر ئاستی باڵادا كار بۆ بەجینۆسایدناساندی ئەم كەیسە بكرێت و دادگایەكی تایبەتی بۆ بكرێتەوە".

حەسوون ئاماژەیشی دا: "ئێستا هیچ دادگایەك تایبەتمەند ددانی بە بەجینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژییەكەدا نەناوە، تەنیا پەرلەمان و ڕێكخراوەكان نەبێت، حكوومەتی بەغدایش بۆ ئەم كەیسە كەمتەرخەمە".

ئەمڕۆ دووشەممە (١٠-١٢-٢٠١٨)، ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤە، ئێزدییەكان لە سەرانسەری جیهاندا داوا لە هەموو وڵاتانی دنیا دەكەن مافیان پارێزراو بێت و، دەخوازن كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە هانایانەوە بێت بۆ ڕزگاركردنی تەواوی ئەو كەسانەی لە ژێر دەستی داعشدا ماون.

سعوود مستۆ، كەسایەتیی ئێزدی و یاساناس، دەڵێت: "ددانپێدانانی پەرلەمانی وڵاتانی دنیا بە بەجینۆسایدناسانی ئێزدیان و دانی خەڵات بە كچانی ئێزدی، هەنگاوی باشن، بەڵام عاتفین و كەیسی ئێزدییانیش پێویستی بە عاتیفە نییە، بەڵكوو پێویستی بە یاسایە و دەبێت لە ڕووی یاساییەوە ددان بە جینۆسایدكردنی ئێزدییاندا بنێن".

مستۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەڵێت: "لە بەغداوە سەرۆككۆمار و وەزیر و پەرلەمانتارانی كوردیش كەمتەرخەم بوون لەو پرسەدا و، دەبووایە كاری جیددییان لەسەر بكردایە".

تعليقات

المشاركات الشائعة