عەفرین ژ ئێزديان هاته قەدەغەکرن
باسنيوز:
دانیشتوویه‌كى گوندى فه‌قیراى سه‌ر به شاری عه‌فرینی رۆژئاوای کوردستان بۆ (باس) ئاشكرای دەکات، ئێستا لە ناوچەکەیان هه‌ر كه‌سێكى ئێزدی له‌لایه‌ن گرووپە توندڕەو و تیرۆریستییەکانەوە بگیرێت، ئه‌گه‌ر پاره‌ى هه‌بێت به‌رامبەر بڕە پارەیەکی زۆر ئازاد ده‌کرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌یبێت ده‌كوژرێت.
پیر شامۆ عه‌فرینى، خه‌ڵكى گوندى فه‌قیرا بۆ (باس)ى ئاشكرا كرد: ”بابه‌تى یه‌كه‌مى قوتابخانه‌كان له عه‌فرین ئێزدی بوون و هه‌تا پۆلى شه‌شیش پرس و باسی تایبەت بە ئێزدییان ده‌خوێند، بەڵام ئێستا گرووپی چه‌كداریى توندوتیژ کتێبەکانی بابه‌تى ئێزدییانیان سووتاند و قه‌ده‌غه كرد، 22 گوندى ئێزدی سه‌ر به عه‌فرین بوون، زۆربه‌ى گونده‌كان له 250 ماڵ پێكهاتبوون، ژماره‌یه‌كى زۆر له ئێزدییه‌كان له عه‌فرینه‌وه روویان له ده‌ره‌وه‌ى وڵات كرد و بوونه‌ته كۆچبه‌ر و زۆربه‌ى خانووى هاووڵاتییانیان رووخاندووه و هه‌موو پەرستگە و شوێنە ئایینییەکانی ئێزدییه‌كانیان وێران كردووه، ته‌نانه‌ت من له ماڵه‌كه‌مدا په‌رتووكخانه‌یه‌كم هه‌بوو كه 3 مه‌تر به‌رز بوو، نه‌متوانى یه‌ك په‌رتووكیش رزگار بكه‌م“.
پیر شامۆ گوتى: ”له عه‌فرین 16 قوتابخانه و سه‌نته‌رى تایبه‌تى ئێزدی كرابوونه‌وه، ئێستا هیچ یه‌كێك له‌وانه نه‌ماون، هه‌موویان خراپ كراون و تێك دراون، ئێستا ناوى ئێزدییه‌كان له عه‌فرین قه‌ده‌غه‌یه و هه‌ر شتێكیش په‌یوه‌ندیی به ئێزدییه‌وه هه‌بێت قه‌ده‌غه‌یه، له عه‌فرین كارى دزى و خراپكردن و تێكدان زۆر بڵاو بووەته‌وه، گرووپی توندڕه‌و ده‌چنه ناو ماڵى خه‌ڵكى و به دڵى خۆیان تاوان ده‌كه‌ن، كه‌سیش پێیان ناڵێت كه ئه‌وهی دەیکەن دژ به یاسا و مافی مرۆڤە“.
ئاشكراشی كرد: ”به شه‌ویش گرووپی توندڕەو ده‌چنه ناو ماڵى خه‌ڵكى و كوشتن و دزى و وێرانكردن و هزره خراپه‌كانیان له‌سه‌ر ده‌سه‌پێنن، له شه‌نگال ته‌نیا تیرۆریستی تێدا بوو، به‌ڵام له عه‌فرین به ده‌یان گرووپی رادیكال و تیرۆریستیى تێدایه، عه‌فرین له شه‌نگال خراپترى به‌سه‌ردا هاتووه“.
پیر شامۆ ده‌ڵێت: ”ئێستا له عه‌فرین (جبهه النصره) و (كتائیب حمزه) و زۆر گرووپ و لایه‌نى توندڕه‌و هه‌ن، ناوه‌كانیان له ژماره‌كانیان زیاتر بووه، له‌و ده‌ڤه‌ر و گوند و ئه‌و ناوچانه‌ى گرووپی رادیكالییان تێدایه، ئه‌و شوێن و ناوچانه هه‌موویان موڵكى ئێزدییه‌كان بوون، ئێستا ئێزدی له عه‌فرین نه‌ماون، ته‌نیا چه‌ند كه‌سێك نه‌بێت كه نه‌یانتوانیوه رابكه‌ن و له گونده‌كان ماونه‌ته‌وه، ئێستا ژیانیان زۆر زه‌حمه‌ت بووه، هه‌ر داواكارییه‌ك له‌لایه‌ن گرووپە توندڕەوەکانەوە بكرێت، ده‌بێ ئه‌نجام بدرێت، ئه‌گینا ده‌كوژرێن“.
زیاتر ئاخاوت: ”جارێكیان چه‌كدارە توندڕه‌وەکان چوونه سەر ماڵى پیره‌ژنێك، داوایان لێ ده‌كرد كه شوێنى منداڵەکانى پێ بڵێت و ئه‌ویش وه‌ڵامى ده‌دایه‌وه و ده‌یگوت نازانم له كوێن، ئێوه منداڵه‌كانى منتان بردووه، چه‌كداره‌كان ئه‌و ژنه‌یان زۆر بێزار كرد و به شه‌و به‌ردیان له ماڵى ده‌گرت، هه‌تا ئه‌و كاته‌ى بۆمبێكیان كرده ناو ماڵه‌كه‌یان و كوشتیان و 18 نیشانگه‌هێن ئۆلا ئێزدییه‌كانیش ته‌قێنراونه‌ته‌وه، به‌ڵام ئامارى رێژه‌ى كوژراو و ده‌ستبه‌سه‌ره‌كانى ئێزدیم له‌لا نییه، به‌ڵام ده‌زانم كه ڕێژه‌یه‌كى ئێ‌كجار زۆر ئێزدی كوژراون“.
گوتیشی: ”له سووریا 70 هه‌زار ئێزدی هه‌بوون، به‌ڵام كاتێك شه‌ڕ له‌ناویدا دروست بوو، روویان له‌ده‌ره‌وه‌ى وڵات كرد، ته‌نیا له عه‌فرین 35 هه‌زار ئێزدی هه‌بوون، به‌ڵام به هاتنى گرووپ و چه‌كدارى توندڕه‌و بە پشتیوانیی تورکیا، زۆربه‌ى زۆرى خه‌ڵكه‌كه روویان له‌ده‌ره‌وه‌ى وڵات و ئه‌وروپا كرد، زیاتر له 100 هاووڵاتیی ئێزدی له عه‌فرین كوژران، ئه‌وه‌ى له عه‌فرینیش مابێته‌وه له ماڵى خۆى به ده‌ستى ئه‌و گرووپ و چه‌كدارانه ده‌كوژران، كاتێك كه‌سێك به ده‌ستى گرووپی توندڕه‌و ده‌ستگیر ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر پاره‌ى هه‌بێت ئه‌و كه‌سه ده‌توانێت خۆى به پاره رزگار بكات، ئه‌گه‌ر نا ده‌یكوژن، ئێزدی هه‌یه به 20 هه‌زار دۆلار به‌ردراوه“.
تعليقات