دیندار زێباری: ب هەولێن حكومەتا هەرێما كوردستانێ سێ هەزار و 331 ئێزدی هاتينه رزگاركرن
وشه:
دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، دوای ئەوەی لە رۆژی 3/8/ 2014 تیرۆریستانی داعش هێرشیان كردە سەر ناوچەیەكی مووسڵ و زۆربەی ناوچەكانی داگیر كرد و بە دڕندەترین شێوە رەفتاریان لەگەڵ ئێزیدییەكان و پێڕەوانی ئاینەكانی تری ناوچەكە ئەنجام دا دوور لە عورف و دابێكی مرۆڤانە و تا ئێستەش لەگەڵ نەمانی داعش رۆژانە تاوانەكانیان ئاشكرا دەبێت.
بەگوتەی ئەو بەرپرسە كردەوە نامرۆڤانەكەی داعش دەچێتە خانەی تاوانی "جینۆساید" ئەمە سەرەڕای سووتانی گوند و ماڵ و رفاندنی هەزاران پیاو و ژن و منداڵی ئێزیدی و ئاینەكانی تر و مامەڵەكردن لەگەڵیان وەك سەبییە و فرۆشتنیان لە بازاڕەكانی مووسڵ و رەقە، بۆ ئەم مەبەستەش حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رۆژی 25/11/2014 لیژنەیەكی دامەزراند بۆ كۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون لە كەیسی ئێزیدییە رفێنراوەكان و بودجەیەكی تایبەتی تەرخان كردووە بۆ رزگاركردنیان و لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەی حكوومەتی هەرێم توانراوە ژمارەیەكی زۆر لە رفێنراوەكان ئازاد بكرێن.
بەپێی دوایین ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری ئێزیدییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی، كە ئەو بەرپرسە ئاماژەی پێ دەكات لە ئەنجامی داگیركردنی ناوچەكانیان لەلایەن داعشەوە نزیكەی 360 هەزار كەس لە ئێزیدییەكان ئاوارە بوون و هەزار و 293 كەسیان شەهید بوون، بە گشتی شەش هەزار و 417 هاووڵاتیی كوردی ئێزیدی رفێنراون، لەوانە سێ هەزار و 548 كەسیان لە رەگەزی مێ و دوو هەزار و 869 كەسی تریان لە رەگەزی نێر بوون.
زێباری دەڵێت بە هەوڵ و كۆششەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تا رۆژی 10/10/2018 توانراوە سێ هەزار و 331 كەسیان ئازاد بكرێن، لەوانە هەزار و 159 كەسیان ژنن و 337 كەسیان پیاون، 960 كەسیان كچ و 875 كەسی تریان كوڕ بوون و هێشتا سێ هەزار هاووڵاتیی ئێزیدی بێسەروشوێنن.
داعش بێ جیاوازی تاوانی دژی پێكهاتە ئاینییەكان ئەنجام دا و بە گوتەی زێباری، لە دوای هێرشەكانی تیرۆریستانی داعش جگە لە رفاندنی هاووڵاتییانی كوردی ئێزیدی، پێڕەوانی ئاین و ئاینزاكانی تریش لەو كارە دڕندانەی داعش بێبەش نەبوون و ژمارەیەكی زۆریان رفێنران، لەوانەش كریستیانەكان كە نزیكەی 200 هەزاریان ئاوارە بوون و روویان لە هەرێمی كوردستان كرد، هەروەها ژمارەیەكی زۆریشیان رفێنراون، بەم شێوەیە ژمارەی ئەو رفێنراوانەی كە كەیسەكانیان لە 3/4/2017 تاكو رێكەوتی 18/7/2017 دیكیۆمینت كراوە 250 كەس بووە، لەوانە 82یان ژن و (168) پیاو بوون. لەو ژمارەیە 174 یان بەشێوازی جۆراوجۆر رزگار كراون ، بەڵام تا ئێستە 76 یان رزگار نەكراون، لەوانەی كە رزگار نەكراون ژمارەیەكیان ژنن.
دوای نەمانی كۆنتڕۆڵی داعش بەسەر ناوچەكە، تا ئێستە 69 گۆڕی بە كۆمەڵ و دەیان گۆڕی تاك لەو ناوچانە دۆزراونەتەوە كە لە دەست داعش رزگار كراون كە بەشی هەرەزۆری قوربانییەكانی كوردانی ئێزیدی بوون و پرۆسەی گەڕان و دۆزینەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان بەردەوامە، لەلایەكی ترەوە داعش تەنیا بە كوشتن و رفاندن نەوەستا، بەڵكو چەندان مەزار و شوێنە ئاینەكانی ئێزیدی و كریستیانیان تەقاندەوە لەوانە لە كۆی 315 مەزار و شوێنە ئاینەكانی تایبەت بە ئێزیدییەكان هەبوو، بەڵام داعش 68یانی تەقاندەوە و خاپووری كردن، ئەمە جگە لە دەیان مەزار و شوێنی ئاینی ئێزیدییەكان، پێڕەوانی ئاین و مەزهەوەكانی تر وەك كریستیان و كاكەییەكان.
دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكانی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ رزگاركردنی ئەو ئێزیدییانەی كە تا ئێستە بێسەروشوێنن، ئەوانەشی كە ئازاد كراون هەمان مافی ژنانی هەرێمیان هەیە و بەپێی ئەو یاسا و رێوشوێنانەی لە هەرێم پیادە دەكرێن ئەوانیش مافیان پارێزراو دەبێت، هەوڵی رژدی داوە بۆ دووبارە گەڕاندنەوەی ژنە رزگاركراوەكان بۆ ناو كۆمەڵگا و لەمبارەوە سەنتەری راوێژكاری خێزانی لە پارێزگای دهۆك دامەزراندووە كە لە كۆمەڵێك خەڵكی پسپۆڕی یاسایی و دەروونی پێكهاتووه، بەردەوام لە خزمەتكردنی كەیسەكانی ژنانی ئێزیدیدایە، توانراوە هاوكاری زیاتر لە دوو هەزار ژن بكرێت، لەم ژمارەیە زیاتر لە هەزاریان ژنن و تەمەنیان لە سەرووی (18) ساڵەوەیە ئەوەش بە گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە و چارەسەركردنیان و ئارامكردنەوەی لایەنی دەروونی لەلایەن پسپۆڕانی دەروونناس و كۆمەڵناس.
تعليقات