بریارا ڤه‌گه‌ريانا ئیدارا شەرعی يا شنگالێ هاته‌ دان

رووداو - هەولێر
رۆژی چوارشەممە ئیدارەی شنگال و هەرسێ ناحیەکە دەگەڕێندرێنەوە قەزاکە و فەرمانبەرانی دەست بەکارەکانیان دەکەنەوە. 

سەیدۆ چەتۆ، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وەک ئیدارەی پارێزگای نەینەوا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە (28-10-2018) لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا لە موسڵ لەگەڵ فەرماندە ئەمنییەکانی پارێزگاکە، لەبارەی گەڕانەوەی ئیدارەی شەرعی شنگال کۆبووینەوە، کە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، فەرماندەی پۆلیس، نوێنەری حەشدی شەعبی، هەواڵگری و ئەمنی نیشتمانی و فەرماندەی فرقەکانی 15 و 16 و 20 لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوون".

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ئاماژەی بەوەکرد، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیادرا بە گەڕانەوەی ئیدارەی شەرعی قەزای شنگال و هەرسێ ناحیەکە بۆ شنگال و دەستبەرکاربوونەوەیان، کە بریتین لە:

- مەحماخەلیل، قایمقامی قەزای شنگال
- وەیس نایف سەرۆکی ئەنجوومەنی قەزای شنگال
- نایف سەیدۆ، بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ
- ئەلیاس خزر سەرۆکی ئەنجوومەنی ناحیەی سنونێ
- عەبدولحەمید قاسم، بەڕێوەبەری ناحیەی بلێج
- ئێزدین نادم سەرۆکی ئەنجوومەنی ناحیەی بلێج
- خدر خودێدا، بەڕێوەبەری ناحیەی گرعوزێر
- سەیدۆ خشۆ، سەرۆکی ئەنجوومەنی گرعوزێر

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا جەختی لەوەکردەوە، بڕیارە ئیدارەی شەرعی قەزای شنگال رۆژی چوارشەممە 31-10-2018 بەفەرمی بگەڕێنەوەو، بە فەرمیش بەرپرسانی ئیدارەکەیان ئاگادارکردووەتەوە. 

هاوکات سەیدۆ چەتۆ، گوتیشی "پێشتر ئیدارەی پارێزگای نەینەوا ئامادەنەبوو مامەڵە لەگەڵ ئیدارەی ناشەرعی شنگال بکات، کە پێشتر پێکهێنرابوو، بۆیە ئێستا ئیدارە شەرعی دەگەڕێتەوە و ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخەکە و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان".

مەحماخەلیل، قایمقامی قەزای شنگال هەواڵەکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، ئەمە بە رێککەوتن و ئاگاداری حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراقی و ئیدارەی پارێزگای نەینەوایە، ئەمڕۆ کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی قەزا و ناحییەکانی شنگال کردووە و فەرمانی دەرکردووە بەمەبەستی گەڕانەوەی سەرجەم بەرپرسانی قەزاکە بۆ شنگال لەگەڵ هەموو دامودەزگا خزمەتگوزارییەکان.

قایمقامی قەزای شنگال ئاماژەی بەوەکرد، سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراقی بەڵێنیانداوە ئاسایش ئیدارەی قەزاکە دەستبەربکات و رۆژی چوارشەممەش بە فەرمی دەگەڕێنەوە شنگال و دەستبەکارەکان دەکەینەوە.

تعليقات

المشاركات الشائعة