هێشتا سێ هەزار گرتيێن ئێزدی بێ سه‌روشوونن

وشه‌:
لەگەڵ ئەوەی نادیە موڕاد خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئاشتی وەرگرت و ئێزیدییەكانیش جەژنی جەما پیرۆز دەكەن، هێشتا چارەنووسی سێ هەزار ئێزیدی دیار نییە كە نزیك بە هەزار و 500یان ژنن.

بەگوێرەی دوا ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كاروباری ئێزدییەكان لە كۆی شەش هەزار و 417 رفێنراوی ژن و پیاو و مناڵ، هێشتا سێ هەزار و 95 ئێزیدی چارەنووسیان دیار نییە.

حوسێن قائیدی، بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری ئێزیدییە رفێنراوەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەت بە "وشە" نوێترین ئاماری رفێنراوانی ئێزیدییەكانی ئاشكرا كرد كە دەگەڕێتەوە بۆ پێنجی ئەیلوولی رابردوو، ئەوەیشی خستەڕوو بەگوێرەی ئامارەكە چارەنووسی سێ هەزار و 95 ژن و پیاوی ئێزیدی رفێنراوی دەست داعش دیار نین.

جێی باسە داعش لە حوزەیرانی 2014 هێرشی كردە سەر شنگال و دەڤەری ئێزیدییەكان، لە پاڵ ئەو كۆمەڵكوژییانەی دژ بە كوردانی ئێزیدی ئەنجامی دا، زیاتر لە شەش هەزار ژن و مناڵ و پیاوی ئێزیدی رفاند و بازرگانی پێوە كردن.

قائیدی بۆ "وشە" ئاشكرای كرد بە گوێرەی دوا ئامار لە رووی رەگەزەوە، هێشتا هەزار 436 مێ و هەزار و 659 نێری ئێزیدی رفێنراوی دەست داعش، بێ سەروشوێنن، لە نێویاندا مناڵ و بە ساڵاچووش هەن، زیاتر گوتی، " لە كۆی شەش هەزار و 417 رفێنراو كە سێ هەزار و 548ی مێ و دوو هەزار و 869ی نێر بوون، سێ هەزار 322یان رزگار كراون كە هەزار و 156یان ژن و 337یان پیاو و 956یان مناڵی كچن و 873یان مناڵی كوڕن".

بڵاوبوونەوەی ئەو ئامارە لە كاتێكدایە دوێنێ هەینی نادیە موڕاد بە هاوبەشی لەگەڵ دینیس موكویجی پزیسكی نەخۆشییەكانی ژنان، خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئاشتی جیهانی وەرگرت بۆ ساڵی 2018، وەك رێزلێنانێك بۆ چالاكییەكانی دژ بە تیرۆریستان، هاوكات ئەمڕۆ شەموو جەژنی جەمای ئێزدییەكانە كە ساڵانە ئێزیدییەكان لە كوردستان ئازادانە ئەو جەژنە یاد دەكەنەوە و ماوەی حەوت رۆژ دەخایەنێت.

تعليقات

المشاركات الشائعة