میدیاکاره‌كا دەزگه‌هێ سەتەلایتا کوردستان تى ڤى سه‌رهاتيێن رزگاربوويه‌كا ئێزدى دکه‌تە دیکیۆدراما

باسنيوز:
خانمە میدیاکار و پێشکەشکاری دیاری دەزگای سەتەلایتی کوردستان (هیرۆ ئیسماعیل)، ماوەی چەند مانگێکە، بە هاوکاریی ستافێکی تەنکنیکاری کەناڵەکەیان، سەرقاڵی ئامادەکردن و وێنەگرتنی دیکیۆدرامایەکی تایبەتە، کە تیایدا بەسەرهاتی رۆژانی رەش و پڕ ئەشکەنجە و ئازاری (لەیلا تەعلۆ)ی خانمی کوردی ئێزدیی رزگاربوو لە دەستی داعش دەگێڕێتەوە.

لەیلا تەعلو خدر، خانمێکی کوردی ئێزیدییە کە لە مانگی ئابی ساڵی 2014دا وەک هەزاران ژن و کچ و پیاو و منداڵ و گەنجی ئێزدی، لە شنگال کەوتە دەست چەکدارانی تیرۆریستی داعش، داعشییەکانیش بەدرێژایی دوو ساڵ و هەشت مانگ زیاتر، وەک کەنیزەک مامەڵەیان لەگەڵ ئەو خانەمەدا کرد و رووبەڕووی چەندین جۆر ئازار و ئەشکەنجەی جەستەيی و دەروونییان کردەوە، دوای ئازادبوونی لەیلا بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر لەدەست چەکدارە هووڤەکانی داعش، خالید تەعلۆی برای لەیلا، کە نووسەر و رۆشنبیرێکی دیاری نێو کوردانی ئێزدییە، بەسەرهاتی رۆژانی ئەسارەتی لەیلای خوشکی لەبن دەستی داعشدا، کردە رۆمانێک بەناونیشانی ((ليلى وليالي الالم)، بڵاوبوونەوەی ئەم کتێبە لە کاتی خۆیدا، لەنێو خوێنەراندا دەنگدانەوەیەکی باشی لێ کەوتەوە، ئێستاش چەند مانگێکە خانمە میدیاکار هێرۆ ئیسماعیل بەسەرهاتی رۆژانی دەستبەرسەریی لەیلای تا رۆژی ئازادبوونی، کردووەتە دیکیۆدرامایەکی 52 خولەکی بۆ هەردوو کەناڵی (کوردستان تی ڤی) و (زاگرۆس تی ڤی)، بەناونیشانی (2 سا ڵ و 8 مانگ و 6 رۆژ) و بەم نزیکانە لەو کەناڵانەوە پەخش دەکرێت.

پێوەند بەم کارە تازەیەی، هێرۆ ئیسماعیل لە گفتوگۆیەکیدا بۆ (باس) رای گەیاند: ”سەرەتا بيرۆكەى دروستكردنى ئەم ديكۆمێنتارييە لە خوێندنەوەى پەرتووكى (ليلى وليالي الالم) بوو، حەزم كرد بابەتى ديكۆمێنتارييەكەم لەسەر ناوەڕۆكى ئەم پەرتووكە بێت كە باس لە خانمێکی رزگاربووى دەستى داعش دەكات“.

هیرۆ زیاتر روونی کردەوە: ”ئەوەى زۆر سەرنجمى راكێشا، جگە لە هەموو ئەو نەهامەتييانەى كە لەيلا خانمى ئێزدیى رزگاربوو لە دەستى داعش رووبەڕووى بووەتەوە، گەورەيى ئەو برايەى بوو كە توانى پەرتووكێكى وەها لەسەر خوشكەكەى بنووسێت، نووسەرى ئەم پەرتووكە خالید تەعلۆ كە دەكاتە براى لەيلا، زۆر ئازايانە تەحەدای هەمووانی کرد و بەوپەڕى بوێرییەوە باس لە هەموو ئەو نەهامەتى و ئازار و ئەشكەنجە و تەنانەت دەستدرێژييانە دەكات كە رووبەڕووى خوشكەكەى بوونەتەوە“.


هێرۆ ئیسماعیل روونیشی کردەوە: ”خالید تەعلۆ بەم کتێبەی، توانی لەیلای خوشکی لە قوربانییەوە بکاتە قارەمان لە دیدی هەموواندا، ئاخر راستە لەیلا وەک زۆربەی ئەو ژنانەی تری ئێزدی قوربانیی دەستی تاوانە گەورەکانی داعشە، بەڵام خۆدەربازکردنیشی لەو دۆزەخەی داعش و لە دەستی ئەو دڕندانە و دەستکردنەوە بە ژیانی نوێ، خۆی لە خۆیدا ئازایی و قارەمانییە و شایەنی ئەوەیە هەمووان رێزی لێ بگرین، هەموو ئەمانە وایان لێ کردم کە منیش جارێکی تر لەیلا بکەمەوە پاڵەوانی دیکیۆمێنتارییەک، ئەمە جیا لەوەی کە زۆر زۆر گرنگە یەکە یەکەی چیرۆکی ئەم ژن و کچە ئیزیدییانە، بکرێنە بەڵگەنامە و تۆمار بکرێن، جا ئیتر بە هەر شێوەیەک بێت“.

هیڕۆ ئیسماعیل روونیشی کردەوە: ”سەرەتا بيرۆكەكەم تەنیا دروستكردنى ديكۆمێنتارييەك بوو، پاشان پلانى كارەكەم گۆڕى بۆ ديكیۆدراما واتا (تێکەڵەیەک لەنێوان دیکیۆمینتاری و دراما)دا، هەندێك لەو دیمەنانەى ناوەڕۆكەكەم كردە كارى درامايى، واتا لەجياتى بەكارهێنانى وێنەى ئەرشيفیى دڕندەييەكانى داعش، هەندێكيان بە دراما پیشان دەدەم و ئەکتەر رۆڵ دەگێڕێت، بێ گومان نەشم ویست هەموو كارەكە بكرێتە دراما، چونكە ئەوكات شێوازی گێڕانەوەی رووداوەکان کەمێک لە واقيع دوور دەکەوتەوە، لە هەندێك شوێنیشدا پێويستى دەكرد تەنیا ئەرشيف بەكار بهێنرێت، لە هەندێك شوێنى تردا گرافيكمان بەكارهێناوە، هەروەها نەدەكرا هەموو دڕندەييەكانى داعشیش وەک خۆی نيشان بدەين، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی هەست و باری سایکۆلۆژیی بینەر“.

ئەو خانمە میدیاکارە گوتیشی: ”پلانێكى ديكەم بۆ ئەم ديكیۆدرامايە ئەوە بوو كە لە كاتى چاوپێكەوتنەكانمدا لەگەڵ خاتوو لەيلا و خالیدى براى، ئەو بەشانەى ناو پەرتووكەكە كە لێم داوا دەكردن قسەى لەبارەوە بكەن، بە هەمان جۆرى دانيشتنيان بۆ هەر بەشێكى كوردى يەكسەر بە عەرەبيش قسەكانيانمان تۆمار دەكرد، تا لە هەردوو كەناڵى (كوردستان تى ڤى) و (زاگروس تى ڤى) كە ئێستا كەناڵەكە بە زمانى عەرەبى پەخش دەكات، سوودى لێ وەربگرن، واتا لەجياتى دانانى سەپتايتڵى عەرەبى لەسەر وێنەكان، ياخود دۆبلاژكردنى بۆ زمانى عەرەبى، هەر لەجێدا بە زمانی عەرەبیيش تۆمار و ئامادە بێت، ئەمەش یەکێکە لە جیاوازییەکانی ئەم کارە لەگەڵ کارەکانی تری هاوشێوەیدا کە کراون“.

لە ماوەی 5 مانگدا، ناوبەناو ستافی ئەم کارە، لە چەند لۆکەیشنێکی جیاواز و هەروەها لە بەشی مۆنتاژدا، سەرقاڵی وێنەگرتنی دیمانەکان و تۆمارکردن و مۆنتاژکردنی دیمەنە ڤیدیۆیی و درامییەکان بوون. وەک هێرۆ ئیسماعیل رای گەیاند: ”دیمانەکانیان لە وەزی بەهاردا کردووە، بەڵام بەشێکی زۆری دیمەنە ڤیدیۆیی و درامییەکانمان لە وەرزی هاویندا تۆمار کردووە، چونکە کارەساتی جینۆسایدی ئێزیدیان لە مانگی ئابدا رووی داوە“.

گوتیشی: ”لەپشت ئەم ديكیۆدرامایەوە، ستافێكى گەورەی هونەری و تەکنیکاری كارى كردووە، جگە لەوەى زياتر لە 100 كەس رۆڵيان هەبووە لە (نواندن) واتا وەک ئەکتەر و کۆمبارس، بەداوای لێبووردنەوە لێرەدا ناتوانم یەکە یەکە ناویان بهێنم، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەگەر هاوکاریی ئەوان و دەزگاکە نەبوایە، ئەم کارە هەر لە قاڵبی بیرۆکەدا دەمایەوە، نابێ هاوکاریی زۆری دەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی کوردستانیش لەو ناوچانە لەبیر بکەم، لەپای ئەو ئاسانکارییانەی بۆیان کردم“.

هێرۆ ئیسماعیل عارف، پێشتر پێشکەشکاری پرۆگرامی (کۆتایی هەفتە) بوو کە یەکێک لە بەرنامە سیاسییە خاوەن بینەرەکانی کورستان تی ڤی، ماوەی ساڵێک زیاترە بەرنامەکەی راگرتووە و کار لە دروستکردنی دیکیۆمینتاریدا دەکات. لەبارەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانەوە، دیکیۆمینتارییەکی سێ ئەڵقەیی کرد بەناونیشانی (سەربەخۆیی.. لە خەونەوە بۆ بڕیار). هەروەها بەدەنگەوەچوون و میوانداریی بێ وێنەی هەرێمی کوردستان بۆ ئاوارە و پەنابەران، تەوەری سەرەکیی دیکیۆمێنتارییەکی دیکەی چوار ئەڵقەیی هێرۆ ئیسماعیل بوو بە ناونیشانی (پەناگەی ئارام). لە دیکیۆمینتاریی (کوردستان، نیشتمانێک بۆ هەمووان)یشدا رۆشنایی خستە سەر پرسی پێکەوەژیانی لەمێژینەی نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزایی لە کوردستاندا، ئەمە جیا لە بەشداریکردنی جیاوازی لە چەند دیکیۆمێنتارییەکی تردا.

تعليقات

المشاركات الشائعة