حکومەتا عێراقێ رێگریێ ل خووندنا زمانێ کوردی ل شنگال دکه‌ت

باس:
ژمارەیەکی زۆری قوتابییە ئاوارەکانی ئێزدیی خوێندنی کوردی گەڕاونەتەوە شەنگال، بەڵام بەھۆی نەبوونی پۆلی ١٢ ناتوانن خوێندنەکەیان تەواو بکەن و حکوومەتی عێراقیش رێگری لە کردنەوەی قوتابخانە کوردییەکان دەکات.

حوسێن خدر، بەڕێوەبەری پەروەردەی شەنگال، تایبەت بە خوێندنی کوردی، بۆ (باس) ئاشکرا کرد: ”نزیکەی ساڵێکە پرۆسەی خوێندنی کوردی باش بەڕێوە ناچێت، ساڵی پار چەندین جار ھەوڵمان دا پەرتووک و پێداویستیی قوتابخانە بگەیەنینە شەنگال، بەڵام بەھۆی ئەو بارە ناھەموارەی کە تێیدایە نەکرا، ھەروەھا حکوومەتی عێراق رێگری لە کردنەوەی قوتابخانە کوردییەکان و لە خزمەتکردنی خوێندنی کوردی لە شەنگال دەکات“.

ھەروەھا گوتیشی: ”بۆ ناردنی پەرتووکەکانیش بەفەرمی داوامان لە (UNICEF) کردووە پێش مانگی ١٠ پەرتووکەکان بگەنە شەنگال، ئەگەر رەوشەکە ئەوھا بەردەوام بێت، خوێندنی پۆلی ١٢ لەو ناوچانەدا بەڕێوە ناچێت، چونکە حەشدی شەعبی و ھێزی دیکە ڕێگری لەوە دەکەن، ھەر کاتێک رێگای سحێلا کرایەوە و رەوشەکە ئارام بوو، دەچینە شەنگال و دەست بە خوێندنی پۆلی ١٢ دەکەین“.

بەڕێوەبەری پەروەردە لە شەنگال، تایبەت بە خوێندنی کوردی، بۆ (باس)ی ئاشکرا کرد، کە تەنیا ١٤ قوتابخانە لە شەنگال کراونەتەوە، ھەروەھا لە پارێزگای دھۆک ٤٢ قوتابخانە بۆ ئاوارەکانی قەزای شەنگال لە کەمپەکان کراونەتەوە، ھەتاوەکوو ئێستا ١٥٤ قوتابخانە لە قەزای شەنگال داخراون، چونکە پێش شەڕی داعش ١٧٠ پەیمانگا و قوتابخانە لە قەزای شەنگال ھەبوون، دوای داگیرکردنی شەنگال لەلایەن تیرۆریستانی داعش، ھەموو قوتابخانەکان داخران و دوای ئازادکردنیشی تەنیا ١٤ قوتابخانەیان کردەوە، ئەو قوتابخانانەی کە کراویشنەتەوە بە زمانی عەرەبی تێیدا دەخوێنن“.

حوسێن خدر بەردەوامیی پێ دا و گوتی: ”ئێستا ٢٨ ھەزار قوتابی سەر بە پەروەردەی ئەوانن، نزیکەی %٩٠یان لە کەمپەکانی پارێزگای دھۆک ئاوارەن، ھەروەھا پێش شەڕی داعش میلاکی پەروەردەی شەنگال ١٨٠٠ مامۆستا بوو، بەڵام ئێستا زۆربەیان لەدەرەوەی وڵاتن و ھەندێکیشیان لە پارێزگای دھۆک و سلێمانین و ئێستا میلاکی پەروەردە تەنیا ١٢٠٠ مامۆستا ماون“.

حوسێن خدر گوتیشی: ”ئێمە ھیچ کێشەیەکمان لەگەڵ قوتابخانەکانی دھۆکدا نییە، بەڵام قوتابخانەکانی ناو شەنگال لەژێر مەترسیدان و ڕێگری لە خوێندنی کوردی دەکەن، پێش ھاتنی حەشدی شەعبی لە شەنگال ٤٠٠٠ قوتابی دەیانخوێند، بەڵام دوای ھاتنی حەشدی شەعبی ٢٠٠٠ قوتابی جارێکی دیکە شەنگالیان جێ ھێشت و ئێستا ٢٠٠٠ قوتابی لە شەنگالدا ماون.

تعليقات

المشاركات الشائعة