بەرپرسه‌كێ حکومەتا هه‌رێمێ: زێده‌ترى 55 هەزار پەنابەرێن کورد ڤه‌گه‌رياينه‌ کوردستانێ

 باسنيوز:
شاکر یاسین، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە گفتوگۆیەکی تایبەتی (باس)دا چەندین زانیاری لەسەر پەنابەران لە کوردستان و کوردانی پەناهەندە لە وڵاتانی دەرەوە دەخاتە ڕوو. ئاشکرای دەکات، 274 هەزار کەس وەکوو پەنابەر لە هەرێمی کوردستاندا دەژین.

سەرەتا ئاماژەی بەوە دا، لەدوای ساڵی 2003 ژمارەیەکی زۆری پەنابەری کورد لە رێگەی رێکخراوەکان هاتوونەتەوە هەرێمی کوردستان، گوتی: "بەشێک لە پەنابەران لە لایەن رێکخراوی پەنابەرانی جیهانی و بەشێکی تریش بەبێ هاوکاریی رێکخراوەکان سەربەخۆ گەڕاونەتەوە، بەگشتی تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 55 هەزار پەنابەری کورد بۆ کوردستان گەڕاونەتەوە و پڕۆسەکەش بەردەوامە".

روونیشی کردەوە، ئەو کەسانەی گەڕاونەتەوە یان دەگەڕێنەوە، گەڕانەوەیەکی ئارەزوومەندانەیە و زۆرەملێ نییە، گوتیشی: "ئەوانەی بە ئارەزوومەندانە دەگەڕێنەوە هاوکارییان دەکرێت، بەڵام ئەوانەی بە زۆرەملێ ناچار بە گەڕانەوە دەکرێن، ئەوانە قەرەبوو دەکرێنەوە و هەندێک ئیمتیازیان پێ دەدرێت“.

زیاتر گوتیشی: "بۆ ئەو پەنابەرانەی لە ئەڵمانیاوە دەگەڕێنەوە، رێکخراوێکی ئەڵمانی بە هاوئاهەنگیی ئێمە و رێکخراوی کۆچی جیهانی، پارە و ئیمتیاز بەو کەسانە دەدات، کە لە ئەڵمانیاوە دەگەڕێنەوە کوردستان، ئەو پارەیەش لە لایەن وڵاتی ئەڵمانیا بۆ ئەو کەسانەی ئارەزوومەندانە دەگەرێنەوە دابین کراوە، کە بڕی هەزار یۆرۆیە، لەگەڵ دۆزینەوەی هەلی کار بۆیان".

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ناوخۆ جەختی کردەوە، پڕۆژەیەکی تریشیان هەیە بۆ هاوکاریکردنی ئەو پەنابەرانەی لە وڵاتانی تر دەگەڕێنەوە، دەشڵێت: "لە رێگەی رێکخراوێکەوە هاوکاریی ئەو پەنابەرانە دەکرێت کە دەگەڕێنەوە، هاوکارییەکەش لە 300 دۆلار دەست پێ دەکات تاوەکوو هەزار دۆلار، پارەکەش لە لایەن رێکخراوەکانەوە دەبێت و خەرجیی گواستنەوە و مانەوەی پەنابەریش تاوەکوو دەگاتەوە ئێرە لەسەر ئەوانە، تەنانەت هەلی کاریشیان بۆ دابین دەکەن".

شاکر یاسین، ئامارێکی لەبارەی ئەو پەنابەرانەی کورد ئاشکرا کرد کە لە وڵاتانی ئەوروپان، گوتیشی: "رێکخراوی کۆچی جیهانی ئامارێکیان لەبارەی ژمارەی پەنابەرانی کورد لە وڵاتانی ئەوروپا پێ داوین، بەپێی ئامارەکە 1 ملیۆن و 300 هەزار کورد هەیە، بەڵام دیار نییە ئەو کوردانە هی چ بەشێکی کوردستانن، بەڵام زۆرینەیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن".

بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران دووپاتی دەکاتەوە، ئەوانەی کۆچ دەکەن لە کوردستانەوە لای ئەوان خۆیان تۆمار ناکەن، بۆیە دووچاری کۆچێکی نایاسایی دەبنەوە و زۆربەیان مەترسیی لەسەر ژیانیان دروست دەبێت و پارە و سامانیان دەفەوتێت.

ئاشکرای دەکات، چەند وڵاتێک لەگەڵ هەرێمی کوردستان هاتوونەتە سەر هێڵ بۆ دانانی میکانزمێکی هاوبەش بۆ هاوکاریکردنی ئەوانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان، گوتیشی: ”لەو ماوەیەدا شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی ئەڵمانیای کرد بۆ دانانی میکانزمێک بۆ پڕۆسەی هاوکاریکردنی گەڕانەوەی پەنابەران، ئامادەییمان تێدایە ئەو پڕۆسەیە لەگەڵ وڵاتانی تریش جێبەجێ بکەین، چەند وڵاتێکی تر نەرمیان نواندووە".

یاسین، پێی وایە هەموو وڵاتانی ئەوروپی رێگری دەکەن لە چوونی ژمارەیەکی زۆری پەنابەران و پێدانی مافی مانەوە قورس بووە.

لە سەرێکی ترەوە، ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ناوخۆ، ژمارەی ئەو کەسانەی ئاشکرا کرد، کە وەکوو پەنابەر لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون: "بەپێی ئاماری فەرمی 274 هەزار کەس وەکوو پەنابەر لە هەرێمی کوردستانن، زیاتر لە 240 هەزار کەسیان کوردی رۆژئاوان، ئەوانی تر بە پلەی دووەم خەڵکی باکوور و رۆژهەڵاتی کوردستانن، ئەوانی تریش فەڵەستینی و وڵاتانی ترن".

سەبارەت بە پێدانی رەگەزنامە بەو پەنابەرانەی لە کوردستانن ئەو دەیگوت: "بەپێی دەستووری هەمیشەیی عێراق، پێدانی رەگەزنامە و ئیقامە بە پەنابەران لە دەسەڵاتی وەزارەتی ناوخۆی عێراقدایە، ئەگەر وەزیری ناوخۆی عێراق ئەو دەسەڵاتە ببەخشێتە وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ئەوە لێرە مافی رەگەزنامە دەدرێتە پەنابەران".

تعليقات

المشاركات الشائعة