رێكخراوه‌ك 7 ھەزار بەلگەنامەيان لسەر كۆمكۆژيا ئێزدیان کۆم دكه‌ت

كوردستان تيڤى:
لە چەند لایەکەوە ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانی داعش بەرامبەر بە کوردانی ئێزدی و چالاکێکی کوردی ئێزدیش دەڵێت، حەوت ھەزار بەڵگەیان لەبەردەستە لەسەر ئەو تاوانانەی داعش و تەنانەت دەقی گرێبەستی کڕین و فرۆشتنی کچان و ژنانی ئێزدیش گەیشتووەتە دەستیان.

کاوە خەتاری، سەرۆکی ڕێکخراوی جڤین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند" ھەرلە سەرەتای ئەو کارەساتەوە کە لە لایەن گرووپی تیرۆریستی داعشەوە بەسەر کوردانی ئێزدی ھێنرا، دەستمان بە کۆکردنەوەی بەڵگەکان کردووە و لە چەند لایەکەوە ھەوڵ بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکان و بەدیکۆمێنتکرنی کارەساتەکە دراوە، ئێمە ژمارەیەک کوردی ئێزدی لای خۆمانەوە دەستمان بەو ھەوڵە کردووە و تا ئێستا نزیکەی حەوت ھەزار بەڵگەنامە کۆ کراونەتەوە و ئەرشیڤ کراون، بەڵگەنامەکان ھەمەجۆرن، ھەر لە گرتەی ڤیدیۆییی ڕفاندنی کوردانی ئێزدییەوە ھەتا دەقی ئەو گرێبەستانەی کڕین و فرۆشتن بە کچان و ژنانی ئێزدیەوە دەکرێت تا دەگاتە ئەو جلوبەرگانەی لەبەر ئەو کچانەدایە لە کاتی ڕزگاکردنیان، ئەوە جگە لەو بەڵگانەی لە لایەن سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و لایەنەکانی دیکەوە کۆ کراونەتەوە."

لە ڕۆژی ٣ی ئابی ٢٠١٤ داعش ھێرشی کردە سەر شنگال و لە ئەنجامدا زیاتر لە شەش ھەزار کچ و ژنی ئێزدییان ڕفاند و دواتر مامەڵەیان پێوە کرد، بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی کوردستان لیژنەیەکی باڵا بۆ ڕزگارکردنی کچان و ژنانی کوردی ئێزدی پێک ھێنراوە و تا ئێستا  ٣٢٠٠ کچ و ژن ڕزگار کراون و ٣٣٥٠ کچ و ژنی کوردی ئێزدی ھێشتا چارەنووسیان نادیارە، سەرۆکی ڕێکخراوی جڤین دەڵێت" ئێمە لەوە دڵگرانین دوای دوو ساڵ لە ڕزگارکردنی مووسڵ و بەشێکی زۆری خاکی سووریا ھێشتا چارەنووسی سەدان کچ و ژنی کوردی ئێزدی دیار نییە و بە پێی بەڵگە و زانیارییەکان بەشێکیان لە تورکیان و بەشێکی دیکەیان ڕەوانەی وڵاتانی ئیسلامی کراون، ئەو وڵاتانەی گرووپی توندڕۆیان تێدایە."

کاوە خەتاری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد" کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکان لەسەر کارەساتی شنگال ھەم بۆ ئەوەیە ئەرشیڤ بکرێن، ھەمیش بۆ ئەوەیە تا لە دادگا نێودەوڵەتییەکان بۆ سەلماندنی بەجینۆسایدناساندنی کارەساتی کوردانی ئێزدی بەکاری بێنین، چونکە ھەموو بەڵگەی بەھێزن و دەرخەری ئەو ڕاستییەن ھیچ نەماوە بەرامبەر بە کوردانی ئێزدی نەکرابێت لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە، ھەتا لە ڕۆژنامەکەیان بە ناوی دابق ھەموو ڕاستییەکان بڵاو کراونەتەوە و جیھان شایەتە لەسەر کارەساتی ئێزدییەکان."

تعليقات

المشاركات الشائعة