هنده‌ك لایەنێن كوردستانى نه‌ڤێن ئێزديان كورسيكا كۆتايێ ل پەرلەمانى هەبت

دهۆك-KDP.info-
 ڕاوێژكارێكی ئەنجوومەنی ڕۆحانیی ئێزدییان دەڵێت، ئێزدییەكان سەردانی چەندین لایەنی كوردستانییان كردووە بۆ پێدانی كورسیی كۆتا پێیان، كەچی دوای ئەوەی كۆمسیۆن ژمارەی لیستی لایەنە سیاسییەكانی بڵاو كردەوە، ئێزدییەكان بێهیوا بوون.

ئێزدییەكان لە عێراقدا ژمارەیان بە زیاتر لە ٥٠٠ هەزار كەس مەزندە دەكرێت و ٩٠% دەكەونە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و ١٠%ـیش لە پارێزگای دهۆك نیشتەجێن. لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیشدا، نزیكەی ٢٠٠ سندووقی دەنگدانی ئاوارە ئێزدییەكان هەژمار نەكران و ئەمەیش كاردانەوەیەكی گەورەی بە دوای خۆیدا هێنا، بۆیە پارتی دیموكراتی كوردستان ئەم هەژمارنەكردنەی بە ئەنفالكردنی دەنگی ئێزدییان ناو برد و ڕاشیگەیاند، ئەمە پیلانێك بوو دژی پارتی بۆ ئەوەی یەكەم نەبێت لە پارێزگایی مووسڵ.

كەریم سلێمان، ڕاوێژكارێكی ئەنجوومەنی ڕۆحانیی ئێزدییان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ئێزدییەكان ڕێژەیان ناگەتە كورسییەك بۆ پەرلەمانی كوردستان، لەبەر ئەوەش داوامان كرد كورسیی كۆتا بۆ ئێزدییان دابین بكرێت وەك تایبەتمەندییەك و ڕێزگرتنێك بۆ قوربانیانی ئێزدی".

ئەنجوومەنی ڕۆحانیی ئێزدییان، بە سەرپەرشتیی بریكاری میری ئێزدییان سەردانی چەندین لایەنی كوردستانی و پەرلەمانی كوردستانیان كرد بۆ مەبەستی پێدانی كورسیی كۆتا بە ئێزدییان لە پەرلەمانی كوردستان، لەو بارەیشەوە سلێمان، گوتی: "ئێمە سەردانی چەندین لایەنی كوردستانیمان كردووە بۆ پێدانی كورسیی كۆتای ئێزدییان لە پەرلەمانی كوردستان و پڕۆژەیاسایەكیش هەبوو بۆ ئەو مەبەستە، كەچی دوای بڵاوكردنەوەی ژمارە بۆ لایەنە كوردستانییەكان، ئێزدییان بێهیوا بوون و ئەگەر وا بڕوات ئێزدییەكان ناگەنە پەرلەمانی كوڕدستان".

دەشڵێ: "هەموو لایەنە كوردستانییەكان بە قسە لەگەڵ ئەوەدا بوون كورسیی كۆتا بە ئێزدییان بدرێت، بەڵام پڕۆژەیاساكە نەخرایە بەرنامەی كاری پەرلەمان و كاتیش نەماوە، بۆیە پێویستە لایەنە كوردستانییەكان كار بۆ ئەوە بكەن چارەیەك بۆ ئەم كێشەیە ببیننەوە".

بە گوتەی ئەم ڕاوێژكارەی ئەنجوومەنی ڕۆحانیی ئێزدییان، ناچێتە عەقڵەوە لە ١١١ كورسیی پەرلەمان، ئێزدییەكان بێبەش بن.

پارتی دیموكراتی كوردستان، هەر لە سەرەتاوە پشتیوانیی لە ئێزدییان كردووە بۆ ئەوەی كورسیی كۆتایان لە پەرلەمان هەبێت، كەچی هەندێك لایەن نایانەوێت ئێزدییان كورسییان لە پەرلەمان هەبێت.

تعليقات

المشاركات الشائعة