حوسێن قاسم:یوئێن تیمه‌كا ڤه‌كۆلینێ لسه‌ر تا‌وانێن داعش ل عێراقێ پێك ئينا
هه‌ولێر-KDP.info-
له لایه‌ن سكرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانەوە پسپۆڕى لێكۆڵه‌ر، بۆ لێكۆڵینه‌وه له تاوانه‌كانى تیرۆریستانى داعش له عێراق ده‌ستنیشان كرا، لیژنه‌ى باڵاى ناساندنى تاوانى جینۆسایدى كوردانى ئێزدى و پێكهاته ئایینى و نه‌ته‌وه‌كانى تر، پێشوازى له‌و بڕیاره‌ى سكرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ده‌كات و ئاماده‌یی هاوكارى و پێدانى به‌ڵگه‌نامه تایبه‌كانى به تاوانه‌كانى داعش بۆ ئەو تیمە دەربڕی.
تیرۆریستانى داعش، له عێراق شه‌وى 9 له‌سه‌ر10 ى حوزێرانى ساڵى 2014، ده‌ستیان به‌سه‌ر شارى مووسڵ و پاشانیش چه‌ند پارێزگایه‌كى تر‌ى عێراقىدا گرت، ماوه‌ى نزیكه‌ى 3 ساڵ حوكمى ئه‌و ناوچانه‌یان كرد و له‌و ماوه‌یه‌ش تاوانى گه‌وره‌یان ئه‌نجام دا، حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیش هه‌ر زوو ڕایگه‌یاند، تاوانه‌كانى داعش نێوده‌وڵه‌تییه و ده‌بێت دادگایه‌كى نێوده‌وڵه‌تى لێكۆڵینه‌وه‌ى تێدا بكات، به‌ڵام حكوومه‌تى عیراق هاوكار نه‌بوو.
حوسێن قاسم حه‌سون، بە ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیمو‌كراتى كوردستانى ڕاگەیاند:" سكرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان (ئه‌نتۆنیۆ گۆتیریس)، رۆژى پێنجشه‌ممه‌ى ڕابردوو تیمێكی بۆ لێكۆلینه‌وه له تاوانه‌كانى تیرۆریستانى داعش له عێراق پێک‌هێناوە، کە راوێژكارێكى تایبه‌تی به ناوى پارێزه‌ر (كه‌ریم ئه‌سعه‌د ئه‌حمه‌د خانه) سه‌رۆكایه‌تى دەکات."
راوێژكارە تایبەتەکەی سکرتێری گشتیی یوئێن، ده‌رچووى یاسایه له به‌ریتانیا و به ڕه‌گه‌ز پاكستانییه، ماوه‌ى 25 ساڵه له دۆسێکانی دادگاى نێوده‌وڵه‌تى و، یۆگسلافیاى پێشوو و، ڕوا‌نداى پێشوو و دادگاى لوبناندا کاری کردووە.
حوسێن قاسم حەسوون کە گوتەبێژی لیژنه‌ى باڵاى ناساندنى تاوانى جینۆسایدى كوردانى ئێزدى و پێكهاته ئایینى و نه‌ته‌وه‌كانى ترە گوتىشی، 1ـی مانگى داهاتوو واتا ته‌مموز، بڕیارى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانى بۆ كارى تیمەکە په‌سه‌ند ده‌كرێ و، ئینجا ده‌ستبه‌كاركردنه‌كه‌ى ده‌كه‌وێته سه‌ر خۆى و كاته‌كه‌ى دیارى ده‌كات.
له‌باره‌ى پێشوازیى حكوومه‌تى هه‌رێم و لیژنه‌كه‌یان له‌و بڕیاره، حەسوون دەڵێ: "خۆشحاڵین كه نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان یارمه‌تیى عێراق ده‌دات و ئه‌م بڕیاره‌ش هه‌نگاوێكى باشه؛ چونكه تاوانبارانى داعش دادگایى دەکرێن. سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان رێزدار (نێچیرڤان بارزانى) له یه‌كه‌م رۆژه‌وه ئه‌و كه‌یسه وه‌كو كه‌یسێكى نێوده‌وڵه‌تى دەزانێ و، ده‌بێت لێكۆڵینه‌وه و بڕیارى له‌سه‌ر بدرێت به‌شێوه‌یه‌كى نێوده‌وڵه‌تى، زۆریش له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى به‌غدا هه‌وڵى دا تا دادگاى لاهاى كارى له‌سه‌ر بكات، به‌ڵام حكوومه‌تى به‌غدا هیچ وه‌ڵاممانى نه‌دایەوە."
گوته‌بێژ‌ى لیژنه‌ى باڵاى ناساندنى تاوانى جینوساید ئاماده‌یی خۆیانی بۆ یارمه‌تىدانی ئه‌و تیمه نێوده‌وڵه‌تییه ڕاگەیاند و گوتی "له پێدانى به‌ڵگه و دیكیۆمێنت بۆ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كى دادپه‌روه‌رانە و به‌شێوه‌یه‌كى یاسایى هاوکار دەبین، گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین تا بزانین به چ شێوه‌یه‌ك حه‌ز ده‌كه‌ن دانوستان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بكه‌ن، چونكه نابێ له‌بیر بكرێت حكوومه‌تى هه‌رێم شه‌هیدى داوه بۆ رزگاركردنى ناوچه‌كانى داعش داگیرى كردبوو، ئاواره‌ى ناوچه‌كان هه‌موو له كوردستانن و حكوومه‌تى هه‌رێم زۆر كاریشی كردووه له‌سه‌ر گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان و شایه‌دحاڵه‌كان هه‌موویان له كه‌مپه‌كانى هه‌رێمن و ماوه‌ى سێ ساڵ و نیوه، حكوومه‌ت كار له‌سه‌ر ئه‌و كه‌یسه ده‌كات، بۆیه گرینگە لەو کەیسەدا ڕۆڵ به حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بدرێ."
حەسوون نەشیشاردەوە کە هەندێ تێبینییان له‌سه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان هه‌یه و گوتیشی، "پێمان باش بوو نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ئه‌م كه‌یسه‌ى ڕه‌وانه‌ى دادگاى تاوانه‌كانى نێوده‌وڵه‌تى كردبا له لاهاى، چونكه پسپۆڕى كه‌یسه‌كه‌یه و ئەوکات ده‌یتوانى له‌گه‌ڵ ته‌واوى تاوانبارانى تاوانه‌كانى ناوچه‌كه، لێكۆڵینه‌وه بكات نه‌ك ته‌نها ئه‌ندامانى داعش."
نەشوان بەرزنجی
تعليقات