شێخ شامۆ:چل پەرلەمانتارا ئیمزا بۆ پێنج کورسيێن کۆتايا ئێزدیان كريه‌

هەولێر-KDP.info- 
لە ھەرێمی کوردستان بە ھۆی فرەنەتەوەیی و ئایینییەوە لە زۆربەی کایە سیاسییەکاندا پێگەی پێکھاتە جیاوازەکان لەبەرچاو گیراوە، لە پەرلەمانی کوردستانیش ١١ کورسی بۆ کۆتاکان دیاری کراوە، بەڵام وەک بەرپرسێکی کوردانی ئێزدی ڕوونی دەکاتەوە ئەوانیش مافیان ھەیە کورسیی کۆتایان ھەبێت.

سەرۆکی بنکەی لالش بۆ ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی دەڵێت: "ئێمە لە ڕووی نەتەوەییەوە ھیچ گرفتێکما نییە و ھەمووشمان شانازی بە کوردبوونی خۆمانەوە دەکەین، بەڵام ئێزدی ئایینێکی سەربەخۆیە و ئێمە مافی ئەوەمان ھەیە ژمارەیەک نوێنەرمان ھەبێت لە پەرلەمانی کوردستان و ھەموو شوێنێک کە پێویست بکات."

ئێزدی وەک بەشێکی ڕەسەن و دانەبڕاوی نەتەوەی کورد بە ھۆی جیاوازیی ئایینییەوە دەمێکە ئەوەیان نەشاردووەتەوە کورسیی کۆتا بە مافی خۆیان دەزانن. شێخ شامۆ، سەرۆکی بنکەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی لالش بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەگەر ناوچەکانی شنگال بگەڕێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان ئەوە کوردانی ئێزدی پێویستیان بە کورسیی کۆتا نییە، بەڵام ئێستا کوردانی ئێزدی تەنیا ١٠%ی دانیشتوانی پارێزگای دھۆک پێک دێنن و ناتوانن نوێنەر بۆ خۆیان ھەڵبژێرن، ھەرچەندە سەرۆک بارزانی ئێمەی دڵنیا کردووتەوە لەسەر بنەمای دانیشتوان ئەو مامەڵەیە لەگەڵ کوردانی ئێزدی ناکەن."

شامۆ کە ھاوکات نوێنەری کوردانی ئێزدییە لە پەرلەمانی کوردستان دەشڵێت: "ئێمەش پڕۆژەیاسایەکمان بە ئیمزای ٤٠ پەرلەمانتار ئامادە کردووە و تێیدا داوامان کردووە، لە پەرلەمانی کوردستان پێنج کورسیی کۆتا بۆ کوردانی ئێزدی دیاری بکرێت و لە ئەنجومەنی پارێزگای دھۆکیش سێ کورسی، ئەوەش بە شێوەی کاتی تا شنگال و ناوچە داگیرکراوەکان دەگەڕێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان و بتوانین نوێنەری خۆمان ھەبێت لە پەرلەمانی کوردستان."

لەبارەی ئەنجامی پڕۆژەیاساکەوە، سەرۆکی بنکەی لالش گوتی: "پڕۆژەکەمان ڕادەستی پەرلەمان کردووە بەو ئومێدەی لەم خولەی پەرلەماندا بخرێتە بەرنامەی کار و پەسەند بکرێت."

تعليقات

المشاركات الشائعة