بله‌ز..جيێ كچ و ژنێن گرتيێن ئێزدى هاته‌ ئاشكه‌راكرن

باسنيوز:
ژمارەی هەرە زۆری کچ و ژنە ئێزدییە ڕفێندراوەکانی دەستی داعش لە شارەکانی سووریا بوون، بەتایبەتی لە ڕەققە. لەو ماوەیەدا و لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەوڵی زۆر دراوە بۆ ڕزگارکردنی ئەو کچ و ژنە کوردە ئێزدییانە، هەوڵەکانیش بە ڕێگا و شێوازی هەمەجۆر بوونە. چ وەک دامەزراوە و گرووپ، یان هەوڵی تاکەکەسی و قۆستنەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان. تەنانەت لەو پرۆسەیەدا هەندێک لەو ڕفێندراوانەی کە پێشتر ئازاد کراون، هاوکاریی تیمەکانیان کردووە بۆ ئاشکراکردنی شوێنی ڕفێندراوەکان و چەند کەسێکیشیان لەو پێناوەدا لێ شەهید بوون.

لەم بارەیەوە، یەکێک لەو کەسانەی کە کچ و ژنە ئێزدییە ڕفێندراوەکانی دەستی داعش ڕزگار دەکات، بە (باس) ڕاگەیاند: “بە پشتیوانیی نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی ئێزدی لە نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تا ئێستا ئەوەی من رۆڵم تێێدا هەبووە 388 کەسمان ڕزگار کردوون، کە 8یان لە عێراق و ئەوانی دیکە لە سووریا بوون، بەڵام بەگشتی تا ئێستا بەهاوکاریی ئەو نووسینگەیە 3300 رفێنراوی ئیزدی رزگار کراون”.

عەبدوڵا شریم، یەکێکە لەوانەی کاری ڕزگارکردنی کچ و ژنانی ڕفێندراوی دەستی داعش دەکات، ئاماژە بەوە دەکات: “سەرەتا پرۆسەی ڕزگارکردنی ئەو رفێندراوانە سەخت بوو، داعش گومانی لە هەر کەسێک کردبا، کە هاوکاریی ڕفێندراوەکان دەکات، یەکڕاست دەیانکوشت. تا ئێستا شەش کەس لەو هەڤاڵانەی کە لەگەڵ مندا لە سووریا کاری ڕزگارکردنی ڕفێندراوەکانیان دەکرد، لە ڕەققە، کە زۆرترین ڕفێندراوەکانی کوردانی ئێزدی لێیە، کوژران، یەکێک لەوان ژن بوو”.

شریم، هەموو ئەو دەنگۆ و بانەگەشانە بەدرۆ دەخاتەوە کە باس لە نەمان و کۆتاییهاتنی تیرۆریستانی داعش دەکەن و دەڵێ: “هەر بەرپرسێک بڵێت داعش نەماوە ڕاست ناکات، چونکە تا ئەم چرکەساتەش ئەو تیرۆریستانە لە عێراق نەک هەر ماون، بەڵکوو چەندین ڕفێندراوی ئێزدی لە مووسڵ لەناو کەمپەکان و لە ماڵی تیرۆریستانی داعش ماون و ڕێگا نادرێ ڕزگار بکرێن. تا ئێستا زیاتر لە 3000 ئێزدیی ڕفێندراو چارەنووسیان دیار نییە و لەو باوەڕەداین کە زۆربەیان زیندوون و ماون و ڕەنگە لە ناوچەکانی نێوان مەیادین و ئەلبوکەمالی وڵاتی سووریا بن”. هەروەها بەرەی نوسڕە و داعش، کە هەنووکە لە سووریا و لە سنووری تورکیادا ماون، ئەوانیش چەندین ڕفێندراوی ئیزدییەکانیان لایە”.

ئەو ڕزگارکارەی ڕفێندراوەکان ڕۆڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پرۆسەی ڕزگارکردنی کچ و ژنە ئێزدییە ڕفیندراوەکان بەرز دەنرخێنێ و دەشڵێت: “تا ئێستا حکوومەتی عێراق لەو بوارەدا هیچ هاوکارییەکی ئێمەی نەکردووە، ئەوە ئەگەر هەندێ جار ئاستەنگیشمان بۆ دروست نەکات. لە ڕاستیدا هەموو ئەوانەی تا ئێستا ئازاد کراون بە پشتیوانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە، ئەویش لە ڕێگای نووسینگەی ئێزدییە ڕفێندراوەکان”.

هەروەها شریم ئاماژە بەوە دەکات، کە لە چەند شوێنێکی مووسڵ ژمارەیەک ڕفێندراوی ئێزدی هەن، بەڵام دەرفەتی ئەوە بە تیمەکانیان نەدراوە کاری خۆیان بکەن و گوتی: “لە کەمپەکانی حەمام عەلیل و گەیاڕە کچ و ژنی کوردی ئێزدی ڕفێندراو هەن، کە تا ئێستا ڕزگاریان بکەین. بەگوێری زانیارییەکانمان کە 100% ڕاست و پشتڕاستکراوەن، ئەو ڕفێندراوانە لەو کەمپانەدا هەن، هاوکات پەکەکەش بە ڕۆڵی خۆی ئاستەنگ لە بەردەم ڕزگارکردنیان دروست دەکات و بەشێک لەو ڕفێندراوانەی، کە بە هاوکاریی ئێمە رزگار کراون، لای خۆیانیان هێشتوونەتەوە”.

بۆ ئەوەیش کە گومانی هاووڵاتییان بە گشتی و خوێنەران بەتایبەتی لەسەر ڕاستی و ناڕاستیی قسەکەی نەهێڵێ و بیسەلمێنێ کە زانیارییەکانی دروستن، دەشڵێت: ”شەش مانگ پێش ئێستا ڕفێندراوێکمان بە ناوی (فەوزیە بەشار) ئازاد کرد، بەڵام پەکەکە لای خۆی هێشتییەوە”.

دیارە نەک زۆربەی، بەڵکوو هەموو ئەو ڕفێندراوانەی کە ڕزگار کراون، لەبەرامبەر پێدانی پارەدا بووە، لەمەشدا ئەو نووسینگەیە و تیمەکانی ئاستەنگیان بۆ دروست بووە، کە بەشێکی زۆریشی پەیوەندیی بە میزاجی ڕفێنەرەکانەوە هەیە، لەم ڕووەوە شریم دەڵێ: “سەرەتا ڕفێندراوە ئێزدییەکانیان لەبەرامبەر 10 هەزار دۆلار - واتە دەفتەرێک دۆلار- ئازا دەکرد، بەڵام ئێستا ڕفێنەرەکان ئەو نرخەیان بۆ 20 هەزار دۆلار بەرز کردووەتەوە و ڕۆژ دوای ڕۆژیش تیرۆریستانی داعش و ئەو عەرەبانەی ڕفێندراوەکانیان لایە، نرخەکە بە ویست و میزاجی خۆیان بەرز دەکەنەوە و پرۆسەکە سەختتر دەکەن. هەروەها پیویستە ئاماژە بەو ڕاستییەش بکەم، کەوا لە دەسپێکی کارەکانماندا و لە پرۆسەی دۆزینەوە و ئاشکراکردنی شوێنی ڕفێندراوەکاندا، کوردانی ڕەققە و حەلەب زۆر هاوکارییان دەکردین”.

تعليقات

المشاركات الشائعة