داعش دەستێ راستی يێ گه‌نجه‌كى ئێزيدى ب گوله‌يان بريه‌ و يێ چه‌پى دشكينن

باسنيوز:
دوای هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر شنگال، لە چوارچێوەی پرۆسەکانی کۆمەڵکوژی و گرتن و ڕفاندنی کوردانی ئێزدی. یەکێک لەو خێزانانەی داعش دەیانبەن، کوڕێکی تەمەن ١٢ ساڵیان هەیە. پاش دابڕاندنی ئەو منداڵە لە خێزانەکەی، لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوتەمەنەکانی خۆی، دەبردرێنە مووسڵ، دوای ساڵێک مانەوە، دەبردرێنە سەربازگەیەکی ڕەققە و لەوێ مەشق و ڕاهێنانیان پێ دەکرێ، بەڵام چونکە ئەو کوردە ئێزدییە ناچێتە ژێر باری فەرمانەکانیان بۆ بەشداریکردن لە شەڕەکاندا، دەستی ڕاستی بە گوللە دەبڕنەوە و دەستی چەپەیشی دەشکێنن. ئەو کوڕە کە هەنووکە لە دەستی داعش ڕزگاری بووە و هێشتا دایک و باوک و دوو خوشک و دوو برای لە لای داعش ماون، سەربردەی خۆی بۆ (باس) دەگێڕێتەوە.

بارزان عیدۆ خەلەف، بە (باس)ی ڕاگەیاند: “دوای ڕفاندنمان لە لایەن چەکدارانی داعش، زیاتر لە ساڵێک لەگەڵ کۆمەڵێ منداڵی هاوتەمەنی خۆم بردراینە قوتابخانەیەکی مووسڵ، لەوێ جگە لە بەزۆر ئیسلام کردنمان، فێری زۆر شتی خراپیشیان کردین، یەکێک لەوانە سەربڕینی مرۆڤ بوو”.

دوای ساڵێک ئەو منداڵ و مێرمنداڵانە لەوێ دەگوازنەوە و وەک ئەو گەنجە ئێزدییە دەڵێ: “دوای ئەو ماوەیە و ڕاهێنانمان لەسەر کاری قێزەون، ئێمەیان گواستەوە شاری ڕەققەی سووریا، لەوێ بردنیانین بۆ قوتابخانەیەکی سەربازی و مەشق و ڕاهینانیان لەسەر شەڕ و خۆتەقاندنەوە پێ کردین”.

بارزان کە ئەو کاتەی لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەی لە لایەن چەکدارانی داعش ڕفیندراوە، تەمەنی ١٢ ساڵ بووە، ئاماژە بەوە دەکات، کە بۆ هۆی ڕازی نەبوونی بە بەشداریکردن لە شەڕ، لە لایەن داعشەوە سزا دراوە و گوتی: “دوای تەواوکردنی مەشقەکانی ڕەققە، من ئامادە نەبووم بچمە شەڕ، بۆیە داعش دەستی ڕاستمی بە گوللە بڕییەوە و دوای ئەشکەنجەیەکی زۆریش، دەستی چەپەمیان شکاند. ئێستا هیچ کارێکم بۆ ناکرێ، نە دەتوانم خۆم بشۆم، نە بە دەستەکانی خۆم نان بخۆم. بۆیە داوا لە لایەنە بەرپرسەکان و ڕێکخراوەکان دەکەم، هاوکاریم بکەن”.

بارزان بە چاوی پڕ گریان و قوڕگی نووساوەوە باس لەوە دەکات، کە لەو ڕۆژەی لە ساڵی ٢٠١٤دا ڕفێندراون، لە خێزانەکەی جیا کراوەتەوە و تا ئێستا هیچ هەواڵ و زانیارییەک لەبارەیانەوە نازانێ و دەشڵێ: “ساڵێکی مووسڵ و سێ ساڵی رەققە، بۆ من سەختترین و ناخۆشترین کاتی تەمەنم بوون. بە درێژایی ئەو چوار ساڵە وەک مرۆڤ مامەڵەیان لەگەڵدا نەکردووین. تەنیا فێری هونەری بەکارهێنانی چەک، شەڕ و خۆتەقاندنەوە، کوشتوبڕ و خوێنڕشتنیان کردووین” و جەخت دەکاتەوە کە پێش ساڵی ٢٠١٤، وەک هەر منداڵێکی دیکە، منداڵییەکی ئاسایی، بە خۆشی و ئارامی و دڵنیایی ژیاوە، بەڵام وەک خۆی دەڵێ : “دوای ئەوە، داعش ژیانیمانی کردە دۆزەخ”.

خەیری خەڵەف، مامی (بارزان) دەربارەی چۆنێتیی ڕزگارکردنی برازاکەیان لە دەستی داعش، بە (باس)ی ڕاگەیاند: “دوای ئەوەی زانیاریمان پێ گەیشت کە بارزان لە گوندی حەڕدوبی سەر بە ڕەققەیە و کەوتووەتە دەست خێزانێکی عەرەب و ئەوان لای خۆیان دەستبەسەریان کردووە. بۆ خۆم چوومە ئەو گوندە و لە بەرانبەر پێدانی بڕی ٩ هەزار دۆلار برازاکەمم لە خێزانەکە وەرگرتەوە”.

سەبارەت بە ڕەوشی تەندروستیی برازاکەیشی، خەیری دەڵێت: “ڕەوشی تەندروستیی بارزان زۆر خراپە، نەشتەرگەرییەکی سەرەتاییمان بە بڕی دوو ملیۆن دینار بۆ دەستێکی کردووە، بەڵام پێویست دەکات بۆ چارەسەری ببردرێتە دەرەوەی وڵات. بۆیە هیوادارین لایەنە بەرپرسەکان و ڕیکخراوە مرۆییەکان، بە دەم داوای ئەو گەنجەوە بێن و هاوکاریی بکەن”.

دوای هێرشی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی - داعش - بۆ سەر شنگال لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ و داگیرکردنی شارەکە، بە هەزاران ژن و پیاوی بەتەمەن، کچ و کوڕی منداڵ و گەنجی ئێزدیان ڕفاند، کە تا ئێستا چارەنووسی زۆبەیان دیار نییە و بێ سەروشوێن و هەواڵ و سۆراخن.

تعليقات

المشاركات الشائعة