شنگال بێ‌ نوونەرە ل پەرلەمانێ عێراقێ

رووداو - دهۆك
كاتێك نووسینگەی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە دهۆك سەرقاڵی جیاكردنەوەی دەنگەكان بوو، كۆمیسیۆنی بەغدا ئەنجامی كۆتایی راگەیاند و هیچكام لە كاندیدەكانی پارتی لە شنگال لە نێو كاندیدە دەرچووەكاندا نەبوون. مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی لەسەر ئەمە لە كۆمیسیۆن سكاڵای تۆمار كردووە.

نزیكەی 150 هەزار ئاوارەی قەزای شنگال لە دهۆك دەنگیان دا كە دەنگی 80 هەزاریان مەرجدار بوو. هێشتا دەنگی ئەو ئاوارانە نەژمێردرابوو كە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لە بەغدا ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی راگەیاند.

مەیسەر حەجی كە كاندیدی پارتی بوو لە شنگال و دەرنەچووە، گوتی: "ئێمە پشتئەستوور بووین بە دەنگی ئەو ئاوارانە، بەڵام دەنگی هیچیان حیسابی بۆ نەكرا، ئەمەش هۆكار بوو بۆئەوەی هیچ كاندیدێكی پارتی لە شنگال دەرنەچێ‌".

پارتی لە هەموو حیزبەكانی دیكە كە كاندیدیان لە شنگال هەبووە، زیاتر هەست بە نیگەرانی دەكات، چونكە لەو شەش كاندیدەی لە سنووری پارێزگای نەینەوا گەیشتنە پەرلەمان، چاوەڕێی دەكرد سێیان ئێزدی بن.

قادر قاچاخ، بەرپرسی لقی 17ی پارتی لە شنگال دەڵێت: "هۆكار زۆر بوون بۆ ئەمە، یەكەم هەژمارنەكردنی دەنگی ئاوارەكانی شنگال كە 75%ی دەنگەكانیان تا ئێستا هەژمار نەكراوە، دووەم: كۆمسیۆن رۆڵی خراپی هەبوو، ئاوارەكان نەیاندەزانی چۆن و لە كوێ‌ دەنگ بدەن، مەكتەبی هەڵبژاردنیش هۆكار بوو كە لەسەر ئێمەی فەرز كرد 31 كاندید لە شنگال هەبن، بەو هۆیەوە دەنگەكانمان پەرت بوون".

ئاوارەكانی شنگال لە 61 بنكە و 190 وێستگە دەنگیان دا، بەڵام كۆمیسیۆن تەنیا دەنگی 70 وێستگەی هەژمار كردووە.

خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی بە (رووداو)ی گوت، لە كۆمیسیۆن لەسەر ئەمە سكاڵایان تۆمار كردووە.

سەكڤان دێرەشی، بەرپرسی راگەیاندنی ئۆفیسی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لە دهۆك بە (رووداو)ی گوت: "ئێمەش سەرمان سوڕماوە، لەكاتێكدا تیمەكانی ئێمە لە دهۆك خەریكی جیاكردنەوەی دەنگی ئاوارەكانی شنگال بوون، كۆمیسیۆن لە بەغدا ئەنجامەكانی راگەیاند".

لە سێ خولی رابردوودا كورسی كۆتای ئێزدیی پارێزگای نەینەوا بو ئێزدییەكانی شنگال بوو، بەڵام ئەمجارە ئێزدییەكی باشیك كورسییەكەی برد.

تعليقات

المشاركات الشائعة