دەزگه‌هێ خێرخوازیێ بارزانی ھاريکاری پێشكێشى لێقەومايێن چیايێ شنگالێ كرن

باسنيوز:
بەھۆی شەپۆلێکی بارانبارینەوە کە ھەرێمی کوردستانی گرتەوە، لافاو لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان زیانی ماددی و گیانی لێ کەوتەوە، بە ھەمان شێوەی ناوچەکانی دیکە لەسەر چیای شنگال لافاو زەرەر و زیانێکی گەورەی گەیاندە ئاوارە ئێزدییەکان و بارودۆخی ژیانی تێکدان، زۆربەی ئاوارەکان ناچار بوون چادرگەکانیان جێ بھێڵن.

دوابەدوای ئەو ڕووداوە سروشتییەی لەسەر چیای شنگال (کەمپی سەردەشت) ڕووی دا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەمیانی دەرکردنی بەیاننامەیەکدا داوای گەیاندنی ھاوکاریی بەپەلەی بۆ ئاوارەکانی سەر چیای شنگال کرد و ئامادەیی تەواوی نیشان دا بۆ گەیاندنی ھاوکارییەکان بۆ سەر چیاکە، بەڵام تا ئێستا کونسوڵخانەی وڵاتی کوێت لە ھەرێمی کوردستان بەدەم بانگەوازەکەی (دەزگای خێرخوازیی بارزانی)یەوە ھات و ئامادەیی نیشان دا ھاوکاریی ئاوارەکانی سەر چیاکە بکات.

ڕۆژی چوارشەممە 16/5/2018، دەزگای خێرخوازیی بارزانی کاروانێکی پڕ لە ھاوکاریی خۆراک و پێداویستیی ناو ماڵی گەیاندە سەر چیای شنگال و بەسەر لێقەوماوانی لافاوەکەی سەر چیاکەدا دابەشی کرد، کە ژمارەیان نزیکەی 500 خێزانە.

لە ھاوکارییەکاندا دەوڵەتی کوێت، ھەزار کارتۆن خۆراکی وشکی بۆ ئاوارەکان دابین کردووە و ھاوکارییەکانی دیکە (ھەزار دۆشەک، دوو ھەزار بەتانی و ھەزار سێت کەلوپەلی مەتبەخ) لەلایەن (دەزگای خێرخوازیی بارزانی)یەوە پێشکەش بە ئاوارەکان کرا.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئامادەیی تەواوی ھەیە بۆ گەیاندنی ھاوکاری لە ھەر بارودۆخێکی لەناکاودا، تیمەکانی ھەردەم ئامادەن بۆ ڕووبەڕوبونەوەی حاڵەتە نەخوازراوەکان.

چیای شنگال دەکەوێتە ئیداری پارێزگای نەینەوا و دوای ھێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ شارۆچکەی شنگال، دانیشتوانی شارۆچکەکە کە کوردی ئێزدین، ئاوارەی سەر چیای شنگال بوون، لەو کاتەوە تا ئێستا لەنێو خێمەدا ژیان دەگوزەرێنن.

تعليقات

المشاركات الشائعة