شێخ شامۆ:دەنگێ کوردێن ئێزيدی بۆ لیستا پارتی يه‌

شنگال-KDP.info-
 نوێنەری کوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد، زۆر لایەن ھەن کار لەسەر دەنگەکانی کوردانی ئێزدی دەکەن و دەشڵێ، دەنگی کوردانی ئێزدی بۆ لیستی ١٨٤ی پارتییە و گرەوی لەسەر ناکرێت.

شێخ شامۆ، نوێنەری کوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کوردانی ئێزدی لە ڕەوشێکی دژواردا دەژین و ھێشتا ناوچەکانیان بە داگیرکراوی ماوەتەوە لە شنگال، تا کارەساتەکانی ڕابردوو دووبارە نەبنەوە خەڵکی ئێمە زۆربەیان دەنگیان بۆ لیستی ١٨٤ی پارتی دیموکراتی کوردستانە، چونکە لە نێو لیستی پارتی نزیکەی ١٧ی کاندیدی ئێزدی ھەن ھەر لە شێخان تا دەچێتە شنگال خەڵکی ئێمە دەنگیان پێ دەدەن، چونکە ھاووڵاتیان ئەمڕۆ وشیارن و ناھێڵن دەنگیان بۆ لیستێک بچێت دواتر لێی پەشیمان ببنەوە، لەبەر ئەوەش پێشبینی دەکەین زۆرترین دەنگی کوردانی ئێزدی بۆ کاندیدانی ئێزدییە لەنێو لیستی پارتیدا."

لەبارەی دەڤەری شنگالەوە شێخ شامو ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "شنگال وێرانە و داگیر کراوە، تەنیا ١٠%ی خەڵکی گەڕاوەتەوە، ڕاستە لە لایەن ھێزە داگیرکەرەکانەوە ھەموو توانایەکیان خستووەتە کار بۆ ئەوەی ئیش لەسەر دەنگەکانی کوردانی ئێزدی بکەن، بەڵام ئەوانەی ئاوارەن لێرە لە ھەرێمی کوردستان ئەوە دەنگیان بۆ لیستی پارتییە، ئەوانەیشی لە شنگالن ٦٠%یان دەنگ بە پارتی دەدەن، لێرەوە دەمەوێ بڵێم بە ھیچ شێوەیەک گرەو لەسەر دەنگەکانی کوردانی ئێزدی ناکرێت."

سۆزان خودێدا، کاندیدی ژمارە ٢٤ی لیستی پارتی لە نەینەوا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێمە وەک کاندیدی کوردی ئێزدی لە نێو لیستی پارتی ئەگەر متمانەمان پێ بدرێت، ھەموو توانایەک دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی بەرگری لە مافەکانی خەڵکی کوردستان بەگشتی و ئەو سنوورەی ئێمە لەشنگال بکەین، چونکە لە سێ ساڵی ڕابردوودا بە ھۆی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرستانی داعشەوە شنگال بە ھەموو ناوچەکانییەوە خاپوور کراوە و بەغدا تا ئێستا ئامادە نییە ئاوەدانی بکاتەوە، وڵاتانی کۆمەکبەخش ھاوکارییان پێشکەش بە عێراق کردووە، ئێمە ئەگەر بچینە بەغدا یەکێک لە ئەرکەکانمان ئاوەدانکردنەوەی مووسڵ و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەبێت، بەتایبەتی ناوچەیەکی وەک شنگال دوای دوو ساڵ لە لەناوچوونی داعش ھێشتا ئاوارەکانی ناتوانن بگەڕێنەوە و زۆڵم و ستەم لە خەڵکەکەی دەکرێت."

تعليقات

المشاركات الشائعة