ڤیان دەخیل:داعش كچ و ژنێن گرتيێن ئێزيدى برينه‌ به‌غدا و پارێزگه‌هێن دى يێن عێراقێ

رووداو- هەولێر
لە چواچێوەی پرۆگرامێکی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیادا، 500 ئافرەتی دیکەی رزگاربووی ئێزدی دەبرێنە ئەڵمانیا. پەرلەمانتاری کوردی ئێزدیش زانیاری نوێ لەبارەی کچ و ژنە رفێنراوەکان ئاشکرادەکات و دەڵێ: "ئێستا داعش لەنێو بە‌غدا هەیە، بەشێک لە کچ و ژنە رفێنراوەکان براونەتە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق".

لە قۆناخی یەکەمی پرۆگرامەکەی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیادا هەزار و 200 ژن و کچی کوردی ئێزدی برانە ئەڵمانیا، دوای ئەوەی راهێنانی دەروونی تەواویان پێشکەشدەکرێت و دەگەڕێنەوە دۆخی ئاسایی، خۆیان بڕیاردەدەن لە ئەڵمانیا بمێننەوە یان بگەڕێنەوە کوردستان، بڕیارە ئێستاش قۆناخی دووەمی پڕۆگرامەکە جێبەجێبکرێت. 

ڤیان دەخیل، پەرلەمانتاری کوردی ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:  "لە قۆناخێکی دیکەدا 500 کچ و ژنی دیکەی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعش دەبرێنە ویلایەتێکی دیکە لە ئەڵمانیا، فەڕەنساش ئێستا زۆر بەتەنگ کەیسی ئێزدییەکانەوەیە".

ڤیان دەخیل زانیاری نوێی لەبارەی کچ و ژنە رفێنراوەکان ئاشکراکرد و گوتی: "داعش تەنیا لە موسڵ و سەڵاحەدین و ئەنبار نییە، بەڵکو ئێستا لەنێو بە‌غدا و پارێزگاکانی دیکەش هەیە. کچ و کوڕانی ئێزدی تەنیا نەبراونەتە سووریا و تورکیا، بەڵکو براونەتە پارێزگاکانی دیکەی عێرق و وردەوردە ئاشکرادەبن".

ئەو پەرلەمانتارە کوردە ئێزدییە جەختیکردەوە کە تاوەکو ئێستا نزیکەی 3 هەزار و 100 ئافرەتی کوردی ئێزدی لەدەستی داعشدا ماون و، هیچ لەبارەی چارەنووسیان نازانرێت. 

کچێکی کوردی ئێزدی تەمەن 20 ساڵ لەلایەن چەکدارێکی داعش بردراوەتە بەغدا، پاشان کچەکە لای دراوسێکان خۆی ئاشکراکردووە و گوتوویەتی: "کوردم و ئێزدیم و لە شنگال منیان رفاندووە"، دوای ئەوەی دراوسێکانیش پۆلیسیان ئاگادارکردووەتەوە، چەکدارەکە دەستگیرکراوە.

ڤیان دەخیل پشتڕاستیکردەوە کە پۆلیس چەکدارەکەی دەستگیرکردووە، گوتیشی: "ئێستا لە هەوڵی گەڕاندنەوەی کچە ئێزدییەکەداین." ئاماژەی بەوەش کرد کە تاوەکو ئێستاش لە تورکیا و سووریا کچان و کوڕانی کوردی ئێزدی دەفرۆشرێن. 

لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا ئایا هیچ بڕە پارەیەک بۆ کڕینەوەیان تەرخانکراوە؟ ڤیان دەخیل گوتی: "ساڵی 2017 حکومەتی عێرق سێ ملیار دیناری بۆ کڕینەوە و رزگارکردنی کچانی ئێزدی تەرخانکرد، جیا لەوە هیچ بڕە پارەیەک بۆ رزگاردکرنی ئێزدییەکان تەرخان نەکراوە."

ئەمە جگە لەوەی لەدوای مانگی ئابی 2014 ەوە، لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە نووسینگەیەکی تایبەت بۆ رزگارکردنی کوردانی ئێزدی کراوەتەوە، تائێستاش سەتان کەس لەرێگەی نووسینگەکەوە رزگارکراون و، تاوەکو ئێستاش لە هەوڵەکانی بەردەوامە.

تعليقات

المشاركات الشائعة