کچەكا کوردا ئێزيدی: ژترسا جینۆسایده‌كا دی نازڤرمه‌ عێراقێ

رووداو- هەولێر
فەریدە عەباس خەڵەف یەکێک لەو هەزاران ئافرەتە کوردە ئێزدییەیە کە چەکدارانی داعش لە ئابی 2014دا رفاندیان و دەستدرێژییان کردووەتە سەری. ئەوکات فەریدە تەمەنی تەنیا 18 ساڵ بووە و زیاتر لە سێ ساڵ دوای هێرشەکان پێیوایە نەمانی داعش بەو مانایە نییە کە عێراق ئیدی وڵاتێکی پارێزراوە و گونجاوە بۆ گەڕانەوەیان.

فەریدە کە خەڵکی گوندی کۆچۆیە، بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت "هیچ شتێک نەگۆڕاوە، هەمان ئەو کەسانەی چووبوونە ناو داعش، ئێستا لەو گەڕەکانەن، چۆن دەکرێت جارێکی دیکە متمانەیان پێبکەین و بگەڕێینەوە؟ کێ دەتوانێ گەرەنتی ئەوەمان بداتێ کە جارێکی دیکە گرووپێک بەناوێکی دیکەوە جینۆسایدمان ناکاتەوە؟".

فەریدە کە کتێبێکی بەناوی "ئەو کچەی شکستی بە داعش هێنا" نووسیوە، لە پەراوێزی کۆبوونەوەیەکی لوتکەی بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ لە جنێڤ گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە خێزانەکەی هیچکات چاوەڕێی ئەوەیان نەدەکرد داعش هێرش بکاتە سەر گوندەکەیان، چونکە "ئێمە زیانمان بۆ کەس نەبوو، ئازاری هیچ کەسمان نەدابوو، تەنیا دەمانویست بە ئارامی بژین".

بەڵام داعش لە رۆژی سێى ئابی 2014 هێرشی کردە سەر گوندەکەیان کە دەکەوێتە باکووری ناوچەی شنگال. کاتێک چەکدارانی داعش گەیشتنە ناو گوندەکە، داوایان لە دانیشتووانی گوندەکە کرد ببنە موسڵمان، ئەگینا ئاکامی قورس چاوەڕێیان دەکات. فەریدە بەم جۆرە باس لە رووداوەکانی دواتر دەکات: "هەموومانیان لە گوندەکە کۆکردەوە و داوایان کرد ببین بە موسڵمان، بەڵام ئێمە قەبووڵمان نەکرد، ئەوانیش دەستیان بە کوشتنی پیاوەکان کرد".

باوک و برایەکی فەریدە لە نێو ئەو 450 پیاوەدا بوون کە داعش لەو رۆژەدا کوشتنی.

بازاڕی کۆیلەکان

سەبارەت بە رووداوەکانی دواتر، فەریدە بە ئاژانسە فەرەنسییەکە دەڵێت: "کاتێک ئێمەیان گرت (واتە کچ و ئافرەتە ئێزدییەکان)، هەموو شتێکیان پێمان کرد، دەستدرێژییان دەکردە سەر کچی هەشت ساڵانیش".

فەریدە بۆ یەکێک لە بازاڕەکانی کڕین و فرۆشتنی کۆیلە گوازرابووەوە، وەکوو خۆی دەگێڕێتەوە "چەکدارەکان هەر کەسێکیان ویستبا دەیانبرد، وەکوو بڵێی لە سوپەرمارکێتێک بن، یان خەریکی کڕینی ئاژەڵ بن".

سەرەڕای هەموو ئەشکەنجە جەستەیی و دەروونییەکان، فەریدە هەوڵی دابوو ورە و هێزی خۆی لەدەستنەدات، تەنانەت ورەی بە کچ و ئافرەتە بەندکراوەکانی دیکەش دابوو، وەکوو خۆیشی دەڵێت هەموو کات بیری لە راکردن دەکردەوە، ئەو هیوایەی دوای چوار مانگ بە هۆی قفڵنەدانى یەکێک لە دەرگاکان وەدیهات. ئەو رۆژە فەریدە و ژمارەیەکی زۆر لە ئافرەتانی ئێزدی توانیان رابکەن و فەریدەش دواجار رووی لە ئەڵمانیا کرد. ئەڵمانیا 1000 کوردی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعشی وەکوو پەنابەر وەرگرتووە و هاوکاریی دەروونی و کۆمەڵایەتییان پێشکەش دەکات.


هێنانی تاوانباران بۆ بەردەم دادگا

ئێستا ئافرەتە ئێزدییەکە هەموو هەوڵەکانی خۆی لەسەر ئەوە چڕکردووەتەوە کە جینۆسایدەکەی داعش لە دژی کوردى ئێزدى دانی پێدا بنرێت و "چەکدارانی داعش بهێنرێنە بەردەم دادگا". فەریدە جەخت لەوە دەکاتەوە شکستی سەربازیی داعش بەس نییە بۆ ئەوەی برینەکانیان ساڕێژ ببن و دەڵێت "دەمەوێت چەکدارانی داعش و ئەوانەی تاوانەکانیان کردووە بێنە بەردەم دادگای نێودەوڵەتی".

بەگوێرەی هەندێک لە ئامارەکان نزیکەی 3000 ئافرەتی کوردى ئێزدی هێشتاش دیار نین و بیرکردنەوە لەو ئافرەتانە و هەموو ئەو ئافرەتانەی لە کەمپەکانی ئاوارەکاندا ماون، بیرکردنەوەی فەریدەی ئاڵۆز کردووە و دەڵێت "ئەوان پێویستیان بە یارمەتی و چارەسەرییە، ئەمەش لە کەمپەکانی ئاوارەکان دەستناکەوێ". هۆشداریشی دا کە "ژمارەیەکی زۆری ئەو ئافرەتانە خۆیان دەکوژن" ئەگەر ئەو جۆرە هاوکاری و چارەسەرییەیان پێشکەش نەکرێت.

سەبارەت بە مەرجی گەڕانەوەی بۆ ناوچەکەی خۆی، فەریدە بە فرانس پرێسی گوت: "تەنیا کاتێک بیر لە گەڕانەوە دەکەمەوە کە ببینم دادپەروەری چەسپاوە، دادگایەکی نێودەوڵەتی رووداوەکانی وەکوو جینۆساید ناسیوە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش دەمانپارێزێت، ئەگینا چۆن بزانین جارێکی دیکە رووبەڕووی جینۆساید ناکرێینەوە؟".

تعليقات

المشاركات الشائعة