رزگاربوویەکێ کۆمكوژيا گوندێ کۆچۆ به‌حسێ رۆژا گوله‌بارانكرنێ ژلایێ داعش دکه‌ت

باسنيوز:
ئەوان کاریان لەسەر شکاندنی هەیبەتی مرۆڤ کردووە، چەقی پیرۆزییەکانیان کوشتن و سەربڕین و تۆقاندنی دەوێت. کامیان دڕندەترە، ئەویان داعشێکی عیارە بیست و چوارە. باشیی داعشەکان لە ناوخۆیان، بە ئاستی دڕندایەتییان دیاری کراوە. پێوەری باشی لای ئەوان گەیشتنە ئاستی جەلادبوونە.


کاتێک لەگەڵ بەشێک لە پیاوانی ئێزدی قسە دەکەی، جگە لە نیگەرانی، تووڕەیی و ترس، هەست بە جۆرێک لە شکانەوە دەکەی، کە داعشەکان بە مەبەست ئەنجامیان داوە. کولتووری رۆژهەڵاتی هاوکارە بۆ ئەم جۆرە تۆڵە کردنەوە و شکاندنە. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جەستەی ژن شەرەفی پیاوە. دەستکاریکردنی ئەم جەستەیە دەستکاریکردنی شەرەفە، ئەوەش دەرەنجامی ئەو کولتوورە پیاوسالارییەیە کە لەسەر بنەمای ئایین و عەقڵیەتی خێڵ و عەشیرەت، بنیات نراوە.


داعشەکان، بە مەبەست، بە بەرچاوی پیاوەکانیانەوە دەستکاریی جەستەی ژنەکانیان کردووە. ئەوەشی نەیبینیبێ لێی یەقینە. بۆیە هەست بە ئازارێکی قووڵ دەکەن. ئەوە جۆرێکی ترە لەو شەڕە دەروونییەی لەگەڵ کوردانی ئێزدی کراوە.


ئەو کوڕێکی گەنجە. تەمەنی 32 ساڵە. چیرۆکی رزگاربوونی عمران، لە چیرۆکی فیلمە ترسناکەکان دەچێ، کە بە موعجیزە لە مەرگی حەتمی رزگاریان دەبێ. بە بەرچاوی جەلادەکاندا دەڕۆن و نایانبینن!


عمران، خەڵکی گوندی کۆچۆیە، ئەو گوندەی کە داعش کۆمەڵکوژیی تێدا ئەنجام دا و توانی بە فێڵ هەموو مرۆڤەکانی ئەم گوندە دەستبەسەر بکات.


بەر لە داگیرکاریی داعش، کۆچۆ گوندێكی 1337 کەسی بوو. بیست کیلۆمەتر لە شەنگال دوورە. پازدە رۆژ دوای داگیرکردنی شەنگال، داعش توانی فێڵ لە خەڵکەکەی بکات و بەبێ بەرگری خۆیان رادەست بکەن.


عمران دەگێڕێتەوە: "لە 3-8ب ە ئێمەیان گوت، دەبێ خۆتان رادەست بکەن. ئێمە هیچتان پێ ناڵێین. ئەو کەسەی لەگەڵ ئێمە لە دانوستاندا بوو، داعشێکی موالید 81، ناوی ئەبو حەمزە بوو. لە 15-8، هات لەگەڵ ئەحمەد جاسۆ موختاری گوند، کۆ بوووە و گوتی دەبێ بڕۆن، بەڵام بێ ماڵ و نابێ هیچ لەگەڵ خۆتان ببەن. ئەوەی کە موسڵمان بێت لە ماڵی خۆی دەمێنێتەوە. کەس زیانی پێ ناگەیەنێت. ئەحمەد جاسی گوتی، ئێمە دەڕۆین. با هەموو شتێکمان بۆ ئێوە بێت. نزیکەی سەعات و نیوێک لەم دانیشتن و قسەکردنانەدا بووین".


بەپێی قسەکانی عمران، ئەو کاتە 15800 کەسیان پێکەوە بردووەتە قوتابخانەی گوندەکە. دوای قسەکردنێکی زۆر، ژن و کچەکانیان بردووەتە قاتی سەرەوەی مەکتەبەکە و پیاوەکان کە ژمارەیان 400 کەس بووە، لە قاتی خوارەوە هێڵراونەتەوە.


عمران دەڵێت: "دوای جیاکردنەوەی ژنەکان و ئێمە لە قوتابخانەی گوندەکە، گوتیان پارە و مۆبایلەکانتان دانێن، ئینجا زێڕ و پارە، هەموومان ئەوەی داوایان کرد دامان، دوای ئەوە ریزیان کردینەوە. گوتیان، ئەوەی موسڵمان نەبێت دەیکوژین. کەس نەیگوت موسڵمان دەبین. بۆیە هەر ئەوکات زیاتر لە 30 کەسیان بۆ گوللەبارانکردن برد. دوای بیست دەقە لە کوشتنی ئەوان هاتنەوە 13 کەسی تریان بردە رۆژهەڵاتی گوندەکە، ئەوانیشیان گوللەباران کرد. ئێمە چاومان لە کوشتارەکە بوو. ئینجا کۆتا وەجبە هاتن ئێمەشیان برد. 13 کەس دەبووین، حەفتا مەترێک دوور لەوان رایانگرتین و گوتیان ریز بن. من و برازایەکی شازدە ساڵیم لەگەڵ ئەو وەجبەیەدا بووین. کە داعشەکە گوتی ریز بن، برازاکەم رایکرد و ئێمەیان گوللەباران کرد. نزیک حەوت دەقە، بە چوار پێنج داعش تەقەیان لێ دەکردین".


کاتێک عمران و وەجبەکەی گوللەباران دەکرێن، هەمووان دەکەونە سەر زەوی و خوێنیان لێ دەڕوات، داعشەکان دەیانەوێ بۆ کوشتاری خەڵک، کات لەدەست نەدەن، بۆیە بۆ وەجبەی تر دەڕۆن: "کاتێک داعشەکان بۆ هێنانی وەجبەی تر رۆیشتن، من و چوار پیاو بریندار بووین. ئەوان وایانزانی مردووین. هەرچۆنێک بێ هەستایەنەوە رامانکرد، کیلۆمەتر و نێوێک رۆیشتین. دوای نیو سەعات، بە سەیارەی ئەمیرەکەیان دوامان کەوتن. لە گوندێکی عەرەب نزیک بووین، یەکێک لە بریندارەکان هەڤاڵی من بوو. گوتی، ئەو گوندە عەرەبە هەموویان داعشن، بڕۆینە ئەوێ دەمانکوژن. لەو قسانەدا بووین، من سێسەد مەترێک لەوان دوور کەوتمەوە. هەر کەس هەوڵی دەدا خۆی رزگار بکات، دەشتەکە گەنم و جۆی لێ کۆمەڵ کرابوو. من خۆم خستە ژێر مەڵۆ گەنمێک. کە خۆم لەناو مەڵۆ گەنمەکە شاردەوە، دەنگی سەیارە و گوللە هات. هەستم کرد هەڤاڵەکانم ئاشکرا بوون و کوشتیانن. چاوەڕێ بووم منیش بدۆزنەوە و بمکوژن".


لەگەڵ گێڕانەوەی ساتە ترسناکەکان، ئارەقە لە ناوچەوانی عمران دەهاتە خوارەوە و دەستەکانی دەلەرزین. رەنگی دەگۆڕا. دەمتوانی کەمێک لە ئازارەکانی هەست پێ بکەم.


دوای وچان و کەمێک هێوربوونەوە، پەرداخێک ئاوم لای عمران دانا، داوام لێ دەکرد کە زوو زوو ئاو بخواتەوە. پێم وابوو بەم جۆرە دەتوانین بەردەوام بین.


هەرچەندە من و قوربانییانی دەسەڵات و عەقڵی ئایینیش، ئەگەر لەبەر دۆکیۆمێنتکردنی تاوانەکان نەبوایە، دانیشتنێکمان بۆ گێڕانەوەی ساتە دۆزەخیەکان تەرخان نەدەکرد، لەجیاتی ئەوە هەوڵمان دەدا، بیر لە داهاتوویەکی دوور لە توندوتیژی و ژیانێکی بێ داعش بکەینەوە.


عمران بەردەوام بوو لە گێڕانەوە: "چل دەقە لەناو مەڵۆ گەنمەکەدا بەبێ جووڵە و دەقەیەک سەردەرهێنان مامەوە. ئاخر من چاوەڕێی مردنی حەتمی بووم. پێش چەند دەقەیەک بە بەرچاوی منەوە، چەندین هەڤاڵ و خزم و هاوگوندی من گوللەباران کران. دوای چل دەقە جارێک سەری خۆم دەرهێنا، هەڤاڵەکانم نەبینی. ئەوکاتە دڵنیا بووم کە گیراون و ئەو تەقەیەی گوێبیستی بووم کوشتنی ئەوان بوو. ئینجا نیوسەعاتێک لەسەر سک رۆیشتم. چوومە بن کۆمەڵە گەنمێکی گەورەتر تا دنیا تاریک بوو و شەو داهات".


عمران، لەگەڵ ئەوەی لە سترێسی خۆڕزگارکردن لە مەرگی حەتمیدا بووە. بریندا بووە و بەردەوام خوێنی لێ رۆیشتووە، دەبێ تا چەند بەرگە بگرێت؟!: "سەعات هەشتی شەو هاتمە دەرەوە، برسی و تینوو و ترساو. برینەکەی دەستم خوێنی لێ دەچۆڕا. بیست کیلۆمەتر رۆیشتم، گەیشتمە گوندێکی عەرەب، سەعات دوازدە و نیوی شەو لە دەرگای ماڵێکم دا، گوتیان: تەنیای؟ گوتم: بەڵێ، گوندەکە ئاپوسی بوو. کوردی لێ بوو، موسڵمانیش بوون، بەڵام زۆر باش بوون لەگەڵم، نانیان دامێ. ئینجا بە دیتۆڵ و دەرمانی ئیلتیهابات و پاککەرەوە، دەستیان تەداوی کردم. رۆژانە پێنج جار خواردنیان دەدامێ. ئەوانیش زۆر دەترسان داعش بماندۆزێتەوە، چونکە بە دۆزینەوەی من ژیانی من و ئەوانیش دەکەوتە مەترسییەوە، بە تاوانی داڵدەدانی کافرێکی هەڵاتووی دەستی داعش، بۆیە کە داعشەکان دەهاتنە ئەو گوندە، هەر جارەی لە سووچێکی نەدیوەی ماڵەکا دەیانشاردمەوە. دواتر گوتیان، ماڵی موختار سەلامەتترە بۆ پاراستنت، راست بوو. ئینجا بردیانمە ماڵی موختار و شەش شەو لەوێ مامەوە. برایەکی ترم کە لە کۆمەڵکوژییەکە شەش گوللەی بەرکەوتبوو، لەگەڵ خزمێکی تریشمان یەکترمان بینییەوە. شەوی حەوتەم، موختار بە سەیارەی خۆی ئێمەی بردە دەرەوەی گوندەکە، ئاو و نان و مۆبایلیان داینێ. رۆیشتین تا چوار و نیوی سبەی بەیانی گەیشتینە سەر چیایەک".


عمران، دوای ئەوە هیوایەک بە ژیان و رزگاربوون لە دەستی داعش، دێتەوە گیانی، چونکە لەسەر چیاکەوە پێشمەرگە و شەڕڤانان دەبینێ، کاتێک دەزانن ئەوان کوردی ئێزدین. ئامبوڵانسیان بۆ دێنن و بۆ سەعات دەی شەو، دەیانگەیەننە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی زاخۆ".


کاتێک دەگەنە زاخۆ، عمران تێ دەگات کە حاڵی خۆی و برا و خزمەکەی، خراپە، چونکە چەند خوێنیان رۆیشتووە و بریندارن، بەڵام چارەسەری پێویستیان بۆ نەکراوە: "کە گەیشتین یەکسەر براکەمیان بردە ژووری نەشتەرگەری، بۆ سبەی نەشتەرگەریی بۆ من کرا و گوتیان، چوار سەعات لە ژووری نەشتەرگەری بووی، چونکە قۆڵت مەترسیی بڕینەوەی لەسەر بوو. وێڕای نەشتەگەری، زۆر ماندوو بووم. ئینجا هەستم بە برسێتی و ئازار دەکرد، حەسانەوەی دوای تۆفان بوو. دوای ئەوە، دوو برام هاتن و پێشمەرگە و پۆلیسەکان، پێشوازییان لێ کردم، بنەماڵەکەی ئێمە شەست مرۆڤ بووین کەس نەمابوو. دکتۆرەکان زۆر خزمەتیان دەکردین. تا بیست رۆژ لە خەستەخانە بووین و چاودێریی تەندروستیمان کرا. دوای ئەوە کە گوتیان ئیتر پێویستتان بە نەخۆشخانە نەما، شوێنێک نەبوو بۆی بچین. دواتر خزمێکمان هات ئێمەی بردە ماڵی خۆی".


عمران، زوو زوو ئازار و تارمایی کۆمەڵکوژییەکەی دێتەوە یاد، چونکە جگە لەو چوار کەسەی کە رایانکردووە، برینداری تریش هەبوون، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەکانیان. نەیانتوانیوە بڕۆن: "کەس هەبوو بریندار بوو، نەمدەتوانی هاوکارییان بکەم، ئەوانیش نەیاندەتوانی رابکەن، چونکە برینەکانیان سەخت بوو. کە من هەستام رابکەم، پیاوێکی دراوسێمان، لەوێ تەنیا بوو. ناوی زێدان بوو، گوتی، لاقم لەبن ئەو کەسە دەربێنە. لاقی گوللەی زۆر بەرکەوتبوو. بەو هۆیەوە نەیدەتوانی بجووڵێ. قاچیم دەرهێنا. لەسەر سک دەخشام، گوتم من رادەکەم، گوتی منیش رزگار بکە، گوتم، من باوەڕ ناکەم بتوانم خۆشم رزگار بکەم. دەستم فیشەکی پێوەیە. جگە لەوە دەمزانی دوای دە دەقەی تر، شۆڤڵ دێنن ژێر خاکمان دەکەن، بۆیە دەبوایە زوو لەوێ بڕۆم. برینداری تریش هەبوون ناڵەناڵیان دەهات، هەمووی داوای فریاکەوتنی دەکرد و دەپاڕایەوە، لەو رۆژی حەشرە دەچوو کە بۆ رۆژی دوایی باسی دەکەن".


عمران، ئێستا جگە لەوەی قۆڵی سەقەت بووە. تووشی لەبیرچوونەوەش بووە. هەرچەند بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی یارمەتیدەرە، بەڵام هەندێجار تووشی ئازاریشی دەکات: "ئێستا زۆر شت هەیە بیرم نایەت، هەندێ جار شتی زۆر ئاساییشم بیر دەچێتەوە. هەتا ناوی کەسە نزیکەکانم کە بۆ من ناخۆشە. ساتەکانی راکردنی من تۆقێنەر بوون. دواتر زانیمەوە کە لە وەجبەی من تەنیا من دەرچووم. لەو چوار کەسەی رامانکرد بەس من رزگار بووم. ئەبوو حەمزە خۆی دوامان کەوتبوو، ئەوانی تریان گرتبووەوە و هەر لەوێ کوشتبوویانن".

تعليقات

المشاركات الشائعة