ته‌رمێ 80كوردێن ئێزيدى دگۆره‌كى بكۆم دا ل شنگال هاتنه‌ ديتن

وشه‌:
هێزەكانی عێراق گۆڕێكی تری بە كۆمەڵی ئێزیدییەكانیان لە شارۆكەی شنگالی ڕۆژئاوای مووسڵ دۆزییەوە و دووپات لەوە دەكەنەوە، تەرمی دەیان هاووڵاتیی كوردی ئێزیدی تێدایە و پرۆسەی پشكنین و لێك جیاكردنەوەی تەرمەكانیش بەردەوامی هەیە.

سەرچاوەیەكی تەناهی ئاشكرای كرد، هێزەكانی عێراق بە پشتبەستن بە زانیاریی هاووڵاتییان، توانییان شوێنی گۆڕێكی تری بە كۆمەڵ لە شارۆكەی شنگال بدۆزنەوە، لەلایەن فەرمانگەی تەندروستیی شنگالەوەیش لیژنەیەك و تیمێكی تەناهی پێكهێنراون، بۆ كردنەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكە، بەگوێرەی زانیارییەكانی سەرچاوەكەیش تەرمی 80 هاووڵاتیی كوردی ئێزیدی لەو گۆڕە بە كۆمەڵەدا هەیە.

سەرچاوەكە دەڵێ، زانیاری تەواو هەیە كە گۆڕی تری بە كۆمەڵ لە شارۆكەی شنگال هەن و ئێستەیش هەڵمەتی گەڕان بە دوای گۆڕە بە كۆمەڵەكان دەستی پێ كردووە.

هاشم عەبدوڵا بەرپرسی فەرمانگەی تەندروستی شنگال بە "العربی الجدید"ی ڕاگەیاند، ئەو لیژنەیەی پێكهێنراوە، لەمیانەی لێكۆڵینەوە سەرەتایییەكان ئەوەیان دەرخستووە كە مێژووی گۆڕە بە كۆمەڵەكە بۆ سێ ساڵ پێش ئێستە دەگەڕێتەوە، ئەوكاتەی داعش بۆ یەكەم جار گەیشتە سنووری شارۆكەی شنگال و دەستی بە كوشتوبڕی ئێزیدی و مەسیحییەكان كرد.

زیاتر گوتی، تەرمەكان تەنیا ئێسك و پرووسكیان ماوە، دوای هەڵدانەوەشیان بۆ پزیشكی دادی دێنە ناردن تا ناسنامەیان ئاشكرا بكرێ و بە كەسوكاریان بدرێتەوە.

ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش لە مانگی ئاب/ئۆگستسی 2014 هەڵمەتەكانی بەرەو ناوچە كوردستانییەكان دەست پێ كرد و شنگال و ناوچە كوردستانییەكانی سەر بە پارێزگای مووسڵی كۆنتڕۆڵ كرد، لەو ناوچانەیش كە پێكهاتەی ئاینی ئێزیدی و مەسیحی لێی دەژین، تاوانی گەورە و كۆمەڵكوژی زۆری ئەنجام دا، بەڵام لە 13 تشرینی دووەم/نۆڤێمبەری 2015 بە سەرپەرشتی سەرۆك بارزانی، هێزی پێشمەرگەی كوردستان توانی شنگال لە تیرۆریستان پاك بكاتەوە.

بەگوێرەی ئامارەكان، تا ئێستە 35 گۆڕی جیاجیا لە ناوچەكانی دەوروبەری شارۆكەی شنگال دۆزراونەتەوە، بەشێك لەو گۆڕانە هەڵدراونەتەوە و پاشماوەی تەرمەكانی لە پزیشكی دادی یەكلا كراونەتەوە و ڕادەستی كەسوكاریان كراونەتەوە، بەشی زۆری گۆڕە بە كۆمەڵەكانیش تا ئێستە تەنیا شوێنەكانیان دیاری كراوە و هێشتا پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕەكان بە چڕی دەستی پێ نەكردووە.

پێشتر مەحما خەلیل قایمقامی شارۆكەی شنگال ئاشكرای كرد، لەو گۆڕە بە كۆمەڵانە بە ڕێژەی جیاجیا تەرمی ئێزیدییەكان بوونیان هەیە، زۆرترین ئەو تەرمانەی لەناو یەك گۆڕی بە كۆمەڵیشدان، گەیشتووەتە زیاتر لە 100 كەس و هەشیانە تەنیا پێنج تەرمی تێدایە، سەرجەمیان لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە لە سەروبەندی جینۆسایدی ئێزیدییەكان ئەنجام دراون.

شنگال یەكێكە لە ناوچە كوردستانییە داگیركراوەكان، بە دووری 80 كیلۆمەتر لە شاری مووسڵەوە دوورە، زۆرینەی ڕەهای دانیشتووانی كوردی ئێزیدین و ژمارەی دانیشتووانی دەگاتە 84 هەزار كەس، بەگوێرەی ئاماری ساڵی 2014 ، جیا لە كوردی ئێزیدی، كەمینەیەكی توركمان و عەرەبیشی تێدا دەژی و هاوسنوورە لەگەڵ سووریا و شارەدێكانی سنوونێ و تەلعزێر، كۆمەڵگەی سیبا شێخ خدر و چەندان گوندی بەسەرەوەیە.

ئێزیدیی، ئاینی كۆنی كوردە، بەر لە هاتنی ئیسلام بۆ ناوچەكە زۆرینەی كوردانی بەسەر ئاینی زەردەشتی و ئێزیدی دابەش بوون، دوای هاتنی ئیسلام بۆ ناوچەكە، بە زۆر سەپاندنی حوكم بەسەر ناوچەكانی كوردستان، بەشێكی زۆری كوردان لەسەر ئاینی ئێزیدی مانەوە و بەنهێنی پابەندی ئاینەكەی خۆیان بوون، لە باشوور و ڕۆژئاوا و باكوری كوردستان نیشتەجێ بوون، زۆرینەی ئێزیدییەكانی دنیایش لە باشوور و ڕۆژئاوای كوردستانن، جیا لەوەیش لە توركیا و ئەڵمانیا و جۆرجیا و ئەرمینیا ژمارەیەكی بەرچاوی ئێزیدی بوونیان هەیە.

زمانی ئاینی ئێزیدی، كرمانجییە و پەیام و سرووتەكانی ئەو ئاینەیش هەر بە زمانی كوردی و زاراوەی كرمانجین، ژمارەی كۆی ئێزیدییەكانی دنیا نزیكەی 700 هەزار تا ملیۆنێك كەس دەبێ، زیاتر لە 400 هەزار لەو ڕێژەیە لە باشووری كوردستان، لە ناوچەكانی شنگال و شێخان و باعەدرێ و سنوونێ و ناوچەكانی تر ژیان بەسەر دەبەن، پیرۆزترین شوێنی ئیزیدی لە ناوچەكە پەرستگەی لالشە، ئێزیدییەكان ساڵانە لە وەرزی پایز و لە 23ی ئەیلوول تا سەرەتای مانگی تشرینی یەكەم، ڕوو لە لالش دەكەن و حەجی ئێزیدیایەتی لە ماوەی شەش ڕۆژ تەواو دەكەن.

لە مێژوودا ئێزیدییەكان تووشی 72 هەڵمەتی كۆمەڵكوژی و كوشتوبڕ بوونەتەوە، ئەمەیش وای كردووە، بەردەوام لە ترس بژین و ژمارەیەكی زۆریشیان زێدی ڕەسەنی خۆیان جێ بهێڵن و ڕوو لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەو وڵاتانە بكەن، كە ئازادی ئاین بە تەواوی فەراهەم كراوە. پێشتر سەرۆك بارزانی لە چەندان بۆنە، ئێزیدییەكانی بە كوردی ڕەسەن ناو بردووە، دووپاتی لەوە كردووەتەوە كە ئێزیدییەكان بنەچە و ڕەسەنایەتیی نەتەوەی كورد پێكدەهێنن.

تعليقات

المشاركات الشائعة