مه‌ترسيا كۆمكوژيێ لسه‌ر ئێزيديێن عه‌فرينێ هه‌يه‌

دهۆک-KDP.info- 
راوێژکاری ئەنجوومەنی رۆحانی ئێزدییان دەڵێ، ئێزدییەکان لە عەفرین مەترسی کۆمەڵکوژیان لەسەرە و لە سنووری عەفرین لەژێر تۆپباران و فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا دان.

هێزەکانی تورکیا حەفتەیەک زیاترە بە سەختی عەفرین و دەرووبەری تۆپباران دەکەن و ئۆپەراسیۆنێکیان لەو ناوچەیەدا دەست پێکردووە، ژماریەکی زۆری گوندەکانی ئێزدیانیش لە دەورووبەری عەفریندا هەن، راوێژکاری ئەنجوومەنی رۆحانی ئیزدییان کەریم سلێمان دەڵێ، ئێزدییەکانیش دابەشی سەر چوار وڵات بوونە و بەشێکیان لە دەورووبەری عەفرینن، ئێستا لەسەر سنووری عەفرین ئێزدییەکان لە دۆخێکی خراپدان چونکە لەژێر تۆپبارانی تورکیا و فڕۆکە جەنگییەکان دان، بەو هۆیەوە ئێزدییان لە مەترسی کۆمەڵکوژییەکی دیکە دان.

کوردانی ئێزدی لە رۆژئاوای کوردستاندا دەکەونە ناوچەی جەزیرەی فوڕات و چیای حەلەب و ناوچەی عەفرین، پێشووتر ژمارەی ئێزدییان لە سووریادا بە ٢٥ هەزار کەس دا دەنرا، بەڵام لەگەڵ شەڕی سووریا ئێستا ژمارەکە زۆر کەمی کردووە و خەڵکی ئێزدی روویان کردووەتە دەرەوە و بەشێکی زۆری لە سووریادا رۆیشتوون.
کەریم سلێمان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی رایگەیاند، ئەگەر بێت و وڵاتانی دنیا بە هانای رۆژئاوا نەیەن، ئەوا ئێزدییەکان لە عەفرین کۆمەڵکوژ دەکرێن، چونکە گوندەکانی ئێزدییان دەکەونە ناوچەی شەڕ و ئێستا دۆخیان خراپە.

سەبارەت بە هەڵوێستی ئەو ئێزدییانەی لە سنووری عەفرین دان، کەریم سلێمان گوتی، ئەوان بەرگری لە ناوچەکانیان دەکەن، بەڵام تورکیا بە فڕۆکە بۆردومانیان دەکات، بەتایبەت لە گوندەکانی باسۆفان دۆخی ئیزدییان خراپە.
بەگوێرەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی ئێزدیانی سووریا، ئێزدییەکان لە عەفرین دابەشی سەر چوار ناوچە بوون، ئەوانیش ناوچەی شکاک، چیای لەیلۆن و قەڵای سەمعان و دەشتی جۆمێ، ئێستایش ناوچەی چیای لەیلۆن و قەڵای سەمعان لەژێر هەڕەشەی زۆر دان.

ئێزدییەکان هەر لە عەرفرین نا، بەڵکوو لەسەر چیای شنگالیش ترسیان هەیە، قاسم شەشۆ، فەرماندەی پێشمەرگەی شنگال کە ئێستا لە چیایی شنگالە، بە ماڵپەڕیی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوت: ئێزدییەکانی سەر چیای شنگال ترسیان هەیە لەوەی تورکیا ئەوانیش بۆردومان بکات، چونکە بنکە و بارەگای پەکەکە لەسەر چیای شنگالیش هەن.
ئەو دەشڵێ، چەندین جار بە پەکەکەمان گوتووە ئێرە جێبێڵن، چونکە بە بیانووی ئێوە تورکیا بۆردومانی ئێرەیش دەکات، بەڵام پەکەکە گوێی پێنەداوە.
شەشۆ، زانیاری دا کە مەترسی لەسەر چیای شنگال لەسەر کەمپی سەردەشتێ هەیە، چونکە خەڵکەکە ترسی لەوە هەیە تورکیا بە بیانووی پەکەکە بۆردومانیان بکەن.

تعليقات

المشاركات الشائعة