لسەر داخوازا خەلکێ شنگالێ حکوومەتا ھەرێمێ رێيا دناڤبه‌را دھۆک_ شنگال ڤه‌كر

شنگال-KDP.info-
  قایمقامی قەزای شنگال دەڵێت، لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە رێگای نێوان دھۆک بۆ شنگال بە ھۆی دەستبەسەرداگرتنی شارۆچکەکە لە لایەن حەشدی شەعبییەوە، داخرابوو، ئێستا حکوومەتی ھەرێم لە پێناو بەرژوەندی خەڵکی و داواکاری ئەوان، ئەورێگایەی کردەوە.

پێش رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر رۆژ بە رۆژ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شنگال و دەوروبەری بەردەوام بوو، (مەحما خەلیل) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "ئەوکات ژمارەیان لە ٢٠ ھەزار خێزان تێپەڕیکردبوو، بە بەردەوامیش حکوومەتی ھەرێم ھاوکاری دەکردن و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش کۆمەک و ھاوکارییانی پێشکەش دەکردن، بەڵام دوای روداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر حەشدی شەعبی کە دەستیان بەسەر شارۆچکەکەدا گرت، لە ئێستادا ١٣ھەزار و٦٠٠ خێزان لە شنگال و دەوروبەری ماون، ئەوانەی دیکە ھەمووی  ئاوارەبوونەتەوە".

رێگەی ھاتووچۆ لە نێوان دھۆک بۆ شنگال لە لایەن حەشدەوە داخرابوو، ناوبراو ئاماژەی بە هەوڵەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کرد، کە چەندین جار داوای کردووە ھەماھەنگی بۆ ھاتووچۆی ئەو خەڵکە هەبێت، بەڵام حەشد رازی نەبوون، "بەڵام حکوومەتی ھەرێم لەسەر داواکاری خەڵک و بۆ بەرژوەندی ئەوان رێگاکەی کردەوە و ئەمڕۆ خەڵک دەتوانێت ھاتووچۆی شنگال بکات".

لەبارەی دۆخی خەڵکی شنگال، قایمقامی قەزاکە گوتی، "دۆخی خەڵکی شنگال باش نییە و زۆریش خراپە، لەبەر ئەوەی ھیچ خزمەتگوزاریەک پێشکەشی ئەو خەڵکە نەکراوە و پێداویستی سەرەکیان نییە، لە رووی ئاو و کارەبا و تەندرووستی، بۆیە پێویستیان بە ھاوکاری بە پەلە ھەیە".

(خەلیل) مەترسی رێکخراوەکانی نێودەوڵەتیش لە حەشدی شەعبی ناشارێتەوە، کە ناتوانن ھاوکارییە مرۆییەکانیان بگەیەننە ئەو خەڵکە، تاوەکو حەشدی شەعبی لەوێ بن ئەوان ناتوانن ھاوکاری ئەو خەڵکە بکەن.

قایمقامی قەزای شنگال زیاتر گوتیشی، "لە ئێستادا بۆ ئەو خەڵکە دەرکەوتووە چەندە پێویستیان بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە و جگە لە ھەرێمی کوردستان، ھیچ لایەنێک ھاوکاری کوردانی ئێزدی ناکات و خۆی لێ ناکاتە خاوەن" .

تعليقات

المشاركات الشائعة