ل شنگالێ سیاسەتا ب ئهرەبکرنێ دەست پێ كر
رووداو - شنگال
دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر لەدوای کۆنترۆڵکردنی شنگال و ناوچەکانی دەوروبەری لەلایەن حەشدی شەعبییەوە، جارێکی دیکە کوردانی ئێزدی و موسڵمانی گەڕاوەی شنگال ناچاربوونەوە ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵنەوە و بەگوتەی قایمقامی شنگال، لەکۆی 20 هەزار خێزانی شنگال و دەوروبەری ئێستا 13هەزار خێزان ماون.
قایمقامی شنگال دەڵێت، لە شنگال سیاسەتی بەعەرەبکردن خراپتر لە سەردەمی حکومەتی بەعس دەستیپێکردووە و ئەو عەرەبانەی بە هۆی شەڕی داعش لە ناوچەکە هەڵاتبوون ئێستا بەبێ هیچ لێپرسینەوەیەک گەڕاونەتەوە شنگال.
مەحما خەلیل، قایمقامی قەزای شنگال بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "پێش 16ـی ئۆکتۆبەر 20 هەزار خێزانی کوردی ئێزدی لە شنگال و دەوروبەری دەژیان، بەڵام دوای کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە لەلایەن حەشدی شەعبییەوە، ئێستا 13 هەزار کەس لە شنگال ماون. ئەو عەرەبانەی لەگەڵ هەڵاتنی داعش هەڵاتبوون بەبێ هیچ لێپرسینەوەیەک زۆربەیان گەڕاونەتەوە".
لەبارەی دۆخی شنگال و پێشهاتەکان، شاندێکی یۆنامی لەگەڵ بەرپرسانی قەزاکە كۆبووەوە، قایمقامی شنگال دەڵێت "بە شاندەکەی یۆنامیمان گوت شنگال پێویستی بە پاراستنە و داوای ئیدارەیەکی هاوبەشی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستانمان پێشکەش بە یوئێن کرد، هاوکات داواشیانکردووە هەرچی زووە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی ئەم دواییەی شنگال و دەوروبەری دەستپێبکرێت".
لەدوای 3 ساڵ و چوار مانگ لە هێرشی داعش بۆسەر شنگال و دەوروبەری، تاوەکو ئێستا نزیکەی 50 %ـی رفێندراوانی دەستی داعش چارەنووسیان نادیارە.
دوای دوو ساڵ لە کۆنترۆڵکردنەوەی شنگال و ناوچەی سنوونێ و ناوچەکانی دەوروبەری لەلایەن پێشمەرگە و دەرکردنی داعش لەو ناوچانە، بەشێکی زۆری خەڵکی ناوچەکە جارێکی دیکە گەڕانەوە و دەستیان بە ژیان کردەوە، بەڵام لەدوای کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچە لەلایەن حەشدی شەعبی، جارێکی دیکە کوردانی ئێزدی و موسڵمانی گەڕاوەی شنگال ناچاربوونەوە ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵنەوە.
تعليقات