حوسێن قایدی:"ل حەویجە تەنها سێ کوردێن ئێزيدی هاتنه‌ رزگارکرن"

شنگال-KDP.info- 
بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش گوتی، لە پرۆسەی ڕزگارکردنی حەویجەدا تەنیا سێ کوردی ئێزدی ڕزگار کراون، ھۆکارەکەیشی بۆ نەبوونی پلانی حکوومەتی عێراق بۆ ڕزگارکردنی ئەو کەسانە دەگەڕێتەوە.

(حوسێن قایدی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''تا ئێستا چەندین ناوچەی گرینگی عێراق، وەک فەللووجە و مووسڵ و تەلەعفەر و حەویجە لە دەستی داعش ڕزگار کراون،  کە زانیاریمان ھەبوو ژمارەیەکی زۆری کوردانی ئێزدی لێ بووە، بەڵام حکوومەتی عێراق لە ڕزگارکردنی ھەموو ئەو ناوچانەدا ھیچ پلانێکی بۆ ڕزگارکردنی ئەو کەسانە نەبووە، بۆیە نەیانتوانیووە ڕزگاریان بکەن.''

(حوسێن قایدی) گوتیشی: ''لە سەرەتای دەستپێکردنی پرۆسەی ڕزگارکردنی حەویجەوە تا ئێستا، کە حەویجە بەتەواوەتی ڕزگار کراوە، تەنیا سێ کوردی ئێزدی لە دەستی داعش ڕزگار کراون، هۆکارەکەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە لە پلانی ڕزگارکردنی حەویجەدا ھیچ خاڵێکی تێدا نەبووە باسی ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی بکات، بۆیە بەداخەوە سیاسەتی حکوومەتی عێراق، وەکو ھەمیشە دژی ھەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستان بووە.''

بە گوێرەی زانیارییەکان، جگە لە ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش ژمارەیەکی زۆری ڕزگاربووان نەخۆشن و پێویستیان بە دەرەوە ھەیە، کە بە ھۆی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی ھەرێمەوە ناتوانن گەشت بکەن، ئەمەش کاریگەریی زۆری بەسەر ئەوکەسانەوە ھەبووە.

جێی ئاماژەیە تا ئێستا ٣ ھەزار و ١٤٨ کەس لە دەستی داعش ڕزگار کراون و نزیکەی ٣ ھەزار و٢٠٠ کەسی دیکەش لەدەست داعشدا ماون و تا ئێستا ڕزگار نەکراون، کە زۆرینەیان ئێستا لە سووریان و لەژێر دەسەڵاتی داعشدان.

تعليقات