په‌رله‌مانێ كوردستانێ بريارا ئه‌نجام دانا ريفراندۆمێ په‌سه‌ند كر

K24 – هه‌ولێر:
له دانیشتنی نائاسایی ئه‌مڕۆدا، به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ، په‌رله‌مانی كوردستان بڕیاری ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانی په‌سه‌ند كرد.
كاتژمێر 07:00ی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ به‌ به‌شداری سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌ په‌رله‌مانییه‌كان جگه‌ له‌ فراكسیۆنه‌كانی گۆڕان و كۆمه‌ڵ، په‌رله‌مانی كوردستان دانیشتنێكی نائاسایی ئه‌نجامدا و دوای ده‌ربڕینی سه‌رنج و تێبینییه‌كان له‌سه‌ر بڕیاری ئه‌نجامدانی ریفراندۆم، بڕیاره‌كه‌ به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی په‌رله‌مانتاران په‌سه‌ند كرا.
به‌ گوێره‌ی ناوه‌ڕۆكی راسپێردراوه‌ په‌سه‌ندكراوه‌كه‌، ریفراندۆم له‌ واده‌ی دیاریكراوی خۆی له‌ هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌نجام ده‌درێت.
ئه‌م دانیشتنه‌ له‌سه‌ر داواكاری 62 په‌رله‌مانتاری كوردستان بوو، كه‌ واژوویان كۆكردبوویه‌وه‌ بۆ ئه‌نجامدانی دانیشتنه‌كه‌.
به‌ گوێره‌ی رێككه‌وتنی فراكسیۆنی پارتی و یه‌كێتی له‌سه‌ر كارنامه‌ی دانیشتنه‌كه‌ سكرتێری په‌رله‌مان ده‌ستنیشان كرا.
هه‌ر له‌ دانیشتنه‌كه‌دا، به‌ گوێره‌ی رێككه‌وتنی نێوان فراكسیۆنه‌كان بێگه‌رد تاڵه‌بانی سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مان وه‌ك سكرتێری په‌رله‌مان به‌ شێوه‌یه‌كی كاتی راسپێردرا.
پۆستی سكرتێری په‌رله‌مان له‌ لای كۆمه‌ڵی ئیسلامی بوو، به‌ڵام له‌ ماوه‌ی رابردوودا یه‌كێتی پێی وابووه‌ ئه‌و پۆسته‌ مافی خۆیه‌تی و سه‌ره‌تا به‌ هۆی نه‌بوونی كاندیده‌وه‌ پۆسته‌كه‌ دراوه‌ته‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامی.
ئه‌مڕۆ هاوكات له‌گه‌ڵ سووربوونی فراكسیۆنه‌كان بۆ ئه‌نجامدانی دانیشتنی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان، هه‌ریه‌ك له‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی ره‌تیانكرده‌وه‌ به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه‌ بكه‌ن.
سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ئومێد خۆشناو پێشتر به‌ كوردستان 24ی راگه‌یاند، ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵ و گۆڕان بیانه‌وێت به‌شداری دانیشتنی ئه‌مڕۆ بكه‌ن، ده‌بێت په‌یوه‌ستی رێككه‌وتنی فراكسیۆنه‌كانی پارتی و یه‌كێتی بن و به‌ گوێره‌ی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ دانیشتنی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌بچێت.

تعليقات

المشاركات الشائعة