پەیمانگای تەکنیکیی شارۆچكهی شنگال، لەژێر دروشمی (بەڵێ بۆ ریفرهندۆم) ئاههنگی گەڕی پێنجەمی دەرچووانی پەیمانگاکە بهڕێوه چوو و، تێیدا پشتگیریی ریفراندۆم بۆ سهربهخۆییان راگهیاند و خوازیار بوون لە کوردستان درێژە بە خوێندن بدەین.
(ناسر شەهوانی) مامۆستای پەیمانگاکەیە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوت: ''پەیمانگای تەکنیکی قەزای شنگال سەربە زانکۆی پۆلتەکنیکی دهۆکە، كه داعش هات و شارەکەی وێران کرد و دانیشتوانهكهی کۆمەڵکوژ کران، پەیمانگاکە بۆ شیخان گوێزرایهوه، ئەمڕۆ ئاهەنگی پێنجەم گەڕی لەژێر دروشمی (بەڵێ بۆ ریفراندۆم) ساز دا.''
لهو مهراسیمهدا پەیامێک لە لایەن قوتابیانی شنگال خوێندرایەوە، تێیدا پشتیوانیی خۆیان بۆ ریفراندۆم ڕاگهیاند و خوازیار بوون، لە شنگال دەوڵەتی کوردستان رابگەیێنرێت و شنگال بخرێتهوه باوهشی هەرێمی کوردستان.
(لۆزینا سوید رەشۆ) كه دەرچووی پەیمانگای شنگالە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوت: ''ئەگەر شنگال سەر بە کوردستان بووایە و حکوومەتی عیراق پابەندی دەستوور بووایە ئەمە حاڵی ئێمە نەدهبوو.. دۆخی شنگال به هەڵواسراوی مابووهوه، حکوومەتی عێراق ئێمەی پشتگوێ خستبوو و، ئەو هاوکاریانەشی بۆ ئێمە دەهاتن لە کوردستانەوە بوون، ههڵبهت ئەوانیش بەشی شنگالی نەدەکرد. سهرباری ههموو ئهوانه، ئێمە پشتگیریی ریفراندۆم بۆ سهربهخۆیی دەکەین و دەمانەوێت لە کوردستان درێژە بە خوێندن بدەین.''
(حازم قاسم) دەرچوویێکی دیکەی پەیمانگای شنگالە، دهڵێ ''حکوومەتی عیراق بە هیچ شێوەیەک هاوکاریی شنگالییەکانی نهكردووه و ناکەت، ئهوهی دهیبینین حکوومەتی کوردستانە هاوکاریی قوتابییە شنگالییەکان دەکات.. بە هەزاران قوتابی لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم درێژە بە خوێندنی دەدەن و لە خوا دەخوازین ساڵی دابێت، ئێمە بگهڕێینەوە شنگال بهڵام جیاوازتر له ڕابردوو و پارێزگایەکی هەرێم بێت و زانکۆ و پەیمانگای دیكه لە شنگال بکرێنەوە.. شنگال برینی قووڵە و پێویستی بە زۆر شتە.''
بریارە لە 25ی ئەم مانگەدا، ریفراندۆم بۆ سهربهخۆیی له ههرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی بەڕێوە بچێت.
تعليقات