هەوه‌كا به‌رفره‌هـ بۆ لێگه‌ريانا کوردێن ئێزدی ل مووسل و کەمپان دێ ئێته‌ ئەنجام دان

مووسڵ-KDP.info-
 ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ دەڵێت، زانیاریمان ھەیە ژمارەیەکی زۆری کوردانی ئێزدی لە مووسڵ ماون، بۆیە ھەڵمەتێکی فراوان ئەنجام دەدرێت لە مووسڵ و کەمپەکان بۆ ئەوەی ئەوانەش ڕزگار بکرێن و بە کەسوکاریان شاد بکرێنەوە.
(بەرەکات شەمۆ) بە ماڵپەڕری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لیژنەیەک لە ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ دروست کراوە بۆ گەڕان بەدوای کوردانی ئێزدیدا لە دوای ڕزگارکردنی مووسڵ. چونکە زانیاریمان ھەیە، ژمارەیەکی زۆر کوردی ئێزدی لە مووسڵ لە نێو خێزانەکاندا ماون و ڕزگار نەکراون، بۆیە لەو کاتەوە تا ئێستا توانیومانە زیاتر لە ٤٠ کەس ڕزگار بکەین و تا ئێستاش کاری لیژنەکە بەردەوامە.''
(بەرەکات شەمۆ) گوتی: ''ئەمڕۆ جارێکی دیکە لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکانی مووسڵ کۆ بووینەوە بۆ ئەوەی ھەوڵی زیاتر بدەن تا ئەوانەی لە مووسڵ و لە نێو کەمپەکاندا ماون، ڕزگار بکرێن، چونکە ئێمە دەزانین ژمارەیەکی زۆر لە مووسڵ ماون، بۆیە بڕیارە ھەڵمەتێکی فراوان لە مووسڵ و کەمپەکاندا ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی ئەوانەی ماویشن، ڕزگار بکرێن.''
(شەمۆ) ڕوونی کردەوە: ''لە کاتی ھاتنی داعشدا بۆ شنگال، زیاتر لە شەش ھەزار کەس ڕفێندران و تا ئێستا زیاتر لە ٣ ھەزار و٢٠ کەس ڕزگار کراون و بەشێکیان بە دەستی داعش کوژراون و بەکۆمەڵ نێژراون و بەشێکیان بەرەو سووریا و تەلەعفەر بردراون و بەشێکیشیان لە مووسڵن.''
(شەمۆ) باسی لەوەش کرد: ''ئاگاداریەکمان بۆ خەڵکی مووسڵ بڵاو کردووەتەوە، ئەوەی کوردێکی ئێزدیی لا بێت، ڕادەستی بکاتەوە، بەپێچەوانەوە دواتر سزا دەدرێت.''
لای خۆیشیەوە، (شەریف سلێمان)، نوێنەری پێشووی کوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''دەنگدانی کوردانی ئێزدی لە پرۆسەی ڕیفراندۆمدا بە (بەڵێ)، واتە دەنگدان بە مێژووی خۆیان و گەڕانەوەی شکۆی ئێزدییەکانە، چونکە ئەمە پرسێکە پەیوەندیی بە ھەموو کوردێکەوە ھەیە و بڕیار لە چارەنووسی خۆی دەدات، بۆیە گرینگە کوردانی ئێزدی بە حەماسەوە بەشداری لەو پرۆسەیەدا بکەن وب وونی خۆیان بسەلمێنن.''
(شەریف سلێمان) گوتیشی: ''دەنگدانی کوردانی ئێزدی بە (بەڵێ)، واتاکەی ئەوەیە کە ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە بۆ سەر ھەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە تووشی کارەسات نەبن، چونکە لە ماوەی ڕابردوودا جگە لە زوڵم و تەعریبکردنی ناوچەکانمان، ھیچمان لە عێراق نەدیتووە.''
بە پێی ئامارێکی نووسینگەی ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی، لە کاتی ھێرشی داعشدا بۆ سەر شنگال، زیاتر لە شەش ھەزار کەسیان ڕفاند و تاوەکو ئێستاش زیاتر لە ٣ ھەزاریان ڕزگار کراون و ئەوانەی دیکەش لە دەست داعشدا ماون و زیاتر لە ٦٨ مەزاریان تەقاندەوە و ٣٨٠ ھەزار کەسیش ئاوارە بوون و ٤٥ گۆری بەکۆمەڵیش لە شنگال دۆزراونەتەوە.''

تعليقات

المشاركات الشائعة