رزگاربوويه‌كا ئێزدی تیرۆرسته‌كێ داعش دناڤ ئاواران دا ئاشکه‌را دکه‌ت

باسنیوز:

کچە کوردێکی ئێزدی چەکدارێکی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لەناو ئاوارەکانی شارۆچکەی تەلەعفەر لە پارێزگای نەینەوا، ئاشکرا دەکات.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی (سۆمەرییە نیوز)، ئیڤانا وەلید عەلی، کچە کوردێکی رزگارکراوی ئێزدییە، رایگەیاندووە، ئەو چەکدارەی داعشە بە ئەبو عەلی ناسراوە و ”کڕین و فرۆشنی بە منەوە کردووە“.
ئیڤانا وەلید عەلی هەروەها رایگەیاندووە، کە هەرگیز شێوەی ئەو چەکدارەی داعشی لەیاد ناچێت، ”بەرپرسی فرۆشتنی کچانی ئێزدی بوو“ و ئاماژەی بەوەش کردووە، کە زۆربەی کچە کوردە ئێزدییە رفێندراوەکان دەیناسنەوە.
ئەو کچە کوردە ئێزدییە چەکدارەکەی داعشی لە میانەی راپۆرتێکی تەلەڤزیۆنیدا دۆزیوەتەوە، کە لکە نیو ئاوارەکانی تەلەعفەر بووە.
دوای داگیرکاریی داعش لە شاری شنگال، چەکدارانی داعش هەزاران کچ و ژنی کوردی ئێزدییان رفاند.
سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 20/8/2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی تەلەعفەری راگەیاند.
ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ لە 17.10.2016 دەستی پێ کرد و دوای نۆ مانگ، تەنیا ناوەندی شاری مووسڵ رزگار کراوەتەوە و شارۆچکەی تەلەعفەر و چەند ناوچەیەکی دیکەی سنوورەکە هێشتا لەژێر دەسەڵاتی رێکخراوی تیرۆریستی داعشدا ماونەتەوە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و شاری شنگال و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.

تعليقات