ئەڵمانیا-KDP.info-
کەسایەتییەکی کوردی ئێزدی دەڵێ، پێویستە کوردانی ئێزدی دوو جار ئامادە بن بۆ بەشداری لە پرۆسەی ڕیفراندۆمدۆم، چونکە دوو جار زوڵمیان لێ کراوە، جارێک لەسەر نەتەوایەتی و جارێکیش لەسەر ئایینەکەیان و، جەختیش دەکاتەوە، لە دەرەوەی وڵات ١٨٠ ھەزار کوردی ئێزدی ھەیە و بەپرۆشن بۆ بەشداری لە ڕیفراندۆمدا و بەشێک لەوانەش دێنەوە ھەرێم بەشداری دەکەن بۆ ئەوەی ئەو ڕۆژە مێژوویییە بە چاوی خۆیان ببینن.
کوردانی ئێزدی بە ٥٠٠ ھەزار کەس مەزندە دەکرێن لە سنووری شنگال و تاوەکو ئێستاش بە ھۆی ئەوەی لە ژێر دەسەڵاتی عێراقدا بوون، ٧٤ فەرمان لەدژیان کراوە و لە دواین فەرمانیشدا ساڵی ٢٠١٤ داعش ھێرشی کردە سەر شنگال و ٣٨ ھەزار کەسیان ئاوارە بوون و نیزیکەی ١٠٠ ھەزاریش ئاوارەی دەرەوەی وڵات بوون و زیاتر لە شەش ھەزار کەسیشیان لەلایەن داعشەوە ڕفێندران و تاوەکو ئێستاش چارەنووسی زیاتر لە ٣ ھەزار کەس دیار نییە، بۆیە ئێستا کوردانی ئێزدی جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، پێویستە ناوچەکانیان بگەڕێتەوە سەر ھەرێمی کوردستان و چی تر لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی عێراقدا نابن.
(شێخ زێدۆ باعەدری)، کەسایەتیی کوردی ئێزدی، کە ئێستا لە وڵاتی ئەڵمانیایە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بۆ یەکەم جارە کورد بڕیاری خۆی دەدات و بۆ ئێمەی کوردی ئێزدی پرۆسەی ڕیفراندۆم نەھێشتینی (ئەبوبەکر بەغدادی) و ئەوعەرەبە داگیرکەرانەیە، کە بە ناوی موسڵمانانەوە خاکی ئێمەیان داگیر کردووە و جگە لەوەش، ئەمە گەڕانەوەی کەسایەتیی ئێمەیە، بۆیە پێویستە ئەگەر کوردی موسڵمان جارێک بەشداری لە پرۆسەی ڕیفراندۆمدا بکەن و دەنگی خۆیان بە (بەڵێ) بدەن، پێویستە کوردی ئێزدی دوو جار ئامادە بن بۆ دەنگدان، چونکە دوو جار زوڵم لە ئێمە کراوە، جارێک لەسەر نەتەوایەتی و جارێکیش لەسەر ئایینەکەمان ''
.
حکوومەتی عێراق لە ماوەی ١٠٠ساڵی ڕابردوودا بەردەوام دژایەتیی کوردی ئێزدیی کردووە و زوڵمی لێ کردوونە و ڕێگەشی نەداوە لە ھیچ جێگەیەکی دەسەڵاتدا بەشدار بن و تەنانەت پۆستی پارێزگارێکیش وەربگرن، (شێخ زێدۆ باعەدری) لەو بارەیەوە گوتی: ''ئەگەر ناوچەکانی ئێمە بگەڕێتەوە سەر ھەرێمی کوردستان ئەوکات میر و بابە شێخ و قەوالەکانی ئێمە لە ناو مللەتی خۆیاندا دەبن، بە ئارامی دەژین و پێویستیان بە ڤیزای ھیچ وڵاتێک نابێت و جگە لەوەش، ئێمە تاوەکو ساڵی١٩٩١ تەنیا ناوی وەزارەت و پارێزگامان بیستبوو، خەون بوو کوردێکی ئێزدی ببێتە وەزیر، یان پارێزگار، ئێستاش عەرەب ڕێگە نادەن لە مووسڵ پۆستی گەورە لای کوردی ئێزدی بێت، بۆیە باشترین ڕێگا ئەوەیە، کە بگەرێینەوە سەر ھەرێمی کوردستان.''
(شێخ زێدۆ باعەدری) ڕوونیشی کردەوە: ''کوردانی ئێزدی زیاتر لە کوردانی ئێرە بەپەرۆشن بۆ بەشداری لە پرۆسەی ڕیفراندۆمدا، چونکە ئەوان دەزانن، بێ وڵاتی چەند ناخۆشە، بۆیە ھەمووان چاوەڕێی ٢٥/٩ دەکەن، بۆ ئەو مەبەستەش سەنتەر و ڕێکخراوەکانی کوردی ئێزدی لە دەرەوە ئامادەکاری بۆ ئەو ڕۆژە دەکەن.''
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسیی ھەرێم بڕیاری داوە سیستەمێکی ئەلکترۆنی دروست بکرێت بۆ ئەوەی کوردانی دەرەوەش بە شێوەی ئەلکترۆنی بەشداری لەو پرۆسەیەدا بکەن، بۆ ئەوەی ئەوانیش لەو پرۆسەیەدا بێبەش نەبن، (باعدری) ڕوونی کردەوە: ''لەدەرەوەی وڵات ١٨٠ ھەزار کوردی ئێزدی ھەیە و ھەموویان ئامادەن بۆ بەشداری لە پرۆسەی ڕیفراندۆمدا و ژمارەیەکیشیان پلێتیان بڕیووە و بۆ ڕیفراندۆم دێنە ھەرێمی کوردستان، کە ١٠ لەوانە لە کۆمەڵەی دۆستایەتیی کورد و ئەڵمانیا لە ئێستاوە پلێتیان بڕیوە، بۆ گەڕانەوە بۆ ھەرێمی کوردستان و، جگە لەوەش، گەر پرسیاری نووسینگەی گواستنەوەی خەڵک بکەی لە دەرەوە پلیت نەماوە، لەبەر گەڕانەوەی خەڵک بۆ ھەرێم بۆ ئەوەی بێن خۆیان ئەو ڕۆژە مێژوویییە ببینن.''
باسی لەوەش کرد: ''ئەنجومەنی ڕۆحانیی کوردی ئێزدی پێویستە بەزووترین کات بانگەوازێک بکات، کوردی ئێزدی بچنە سەر سندووقی دەنگدان و بە بەڵێ دەنگی خۆیان بدەن.''
جێگەی وەبیرھێنانەوەیە، لە دوای کەوتنی شنگال بە دەستی داعش، سوپای عێراق بە سەرۆکایەتیی (نووری مالیکی)، نەک ئەو ناوچانەیان ڕزگار نەکرد، بگرە کێشەیان بۆ ڕزگارکردنیشی دروست کرد، بەڵام ھێزی پێشمەرگە بە خوێنی دەیان پێشمەرگە توانی شنگال لە دەستی داعش ڕزگار بکات و تاوەکو ئێستاش ھەرخۆی پارێزگاری لەو ناوچانە دەکات.
تعليقات