پاش مووسڵ، فۆكوسی میدیاكان بە ئاراستەی تەلعەفەر، دوا پێگەی داعشە لە باكووری عێراق و نەینەوا، شەڕی تەلعەفەر كێشەی زۆر بە دوای خۆیدا دەهێنێ، چونكە هەندێك وڵاتی هەرێمی دژی بەشداریی حەشدی شەعبی و گرووپەكانی سەر بە ئێرانن.
قەزای تەلعەفەر 65 كیلۆمەتر لە رۆژئاوای مووسڵ دوورە، ژمارەی دانیشووانەكەی 250 هەزار كەس دەبێ كە زۆربەیان توركمانن، ئەوانیش لەنێوان شیعە و سوننەدا دابەشبوون، بەڵام بەهۆی شەڕەوە 60%یان قەزاكەیان جێهێشتووە.
تەلعەفەر ناوچەیەكی ستراتیژی و سەربازی و سیاسی و مێژوویی گرنگە كە مووسڵ بە سووریاوە دەبەستێتەوە، داعش دوو هەفتە دوای گرتنی، پەلاماری تەلعەفەری دا، پاش ئەوەی ئەبو وەلید، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا كە بە (شێرەكەی مالیكی) ناسرابوو رێڕەوێكی بۆ هێزەكانی لە تەلعەفەر كردەوە و لە 22/6/2014 لەگەڵ لیوای 10ی فیرقەی سێی سوپای عێراق خۆیان گەیاندە سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە شنگال.
حەشدی شەعبی پێش دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی بەری راستی مووسڵ، رێگەی تەلعەفەر-شنگالی لە رۆژئاواوە كۆنترۆڵ كرد و هاتوچۆی چەكدارانی داعشی لە نێوان سووریا و عێراق پەكخست.
كێشەی گەورەی حەیدەر عەبادی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، حەشدی شەعبی بوو لە شەڕی تەلعەفەر، چونكە گوشاری ئێرانی لەسەربوو بۆ بەشداری و لە هەمانكاتدا سوننە و توركمان و توركیا بەشداریكردنی حەشد لەو شەڕەیان بە هێڵی سوور دەزانی.
عەبادی پێشتر چەند جارێك رایگەیاندبوو كە سوپا و پۆلیس تەلعەفەر كۆنتڕۆڵ دەكەنەوە. ئەمەش وەك پێدانی دڵنیایی بە سوننەكان بوو كە حەشد بەشداریی ئەو شەڕە ناكات. دوای مشتومڕێكی زۆر، رۆژی 29ی تەمموز حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاند: ''هێزەكانی حەشدی شەعبی و حەشدی عەشائیری بەشداریی لە كۆنترۆڵكردنەوەی تەلعەفەردا دەكەن''.
بەڵام پێناچێ بەشداریی حەشدی شەعبی لەو شەڕە بەبێ باج تێپەڕێ، چونكە توركیا چەندینجار رایگەیاندووە ئەگەر حەشدی شەعبی بەشداربن، هەموو رێگەیەك بۆ پاراستنی توركمانەكانی تەلعەفەر دەگرنەبەر.
داعش بە درێژایی 60 كیلۆمەتر و پانایی 40 كیلۆمەتر سنووری شەڕكردنی لەگەڵ هێزە عێراقییەكان هەیە، جگە لە ناوەندی قەزاكە، داعش ناحیەكانی عەیازییە و محەلەبیە و 47 گوندی بەدەستەوەیە، بەشێكیان لەناوچەی دەشتایی و بیاباندان و بەشەكەی دیكەش لەنێوان گردۆڵكە و هەندێ بەرزایین لە دامێنی رۆژهەڵاتی چیای شنگال.
حەیدەر وائیلی، ئەفسەر لە هەواڵگری سەربازیی عێراق بە (رووداو)ی راگەیاند ''داعش لەنێوان بەشی زۆری گوندەكاندا تونێلی لێداوە و خۆی ئامادە كردووە، بگرە لە مووسڵ زیاتر خۆی بۆ ئەو شەڕە ئامادە كردووە، لەبەر ئەوەی تەنیا رێگەی شەڕكردنیان لەبەردەمە''.
رائید شاكر جەودەت، فەرماندەی پۆلیسی فیدراڵی دەڵێت ''مەشق و راهێنان لەسەر شەڕی كۆڵان و هێرشی لەناكاو دەكەین و پلانێكمان هەیە بۆ رێگەگرتن لە تەقاندنەوەی قوتابخانە و شوێنە حكومییەكان".
ئەو هێزانەشی ئاشكرا كرد كە بەشداریی شەڕەكە دەكەن. هێزەكان بریتین لە مغاویری پۆلیس و فەوجێك بۆ شەڕی شەو، لیوایەكی قەناس، تیمەكانی پووچەڵكردنەوەی بۆمب. سوپا و دژەتیرۆر و پۆلیسی فیدراڵی و حەشدی عەشائیری و حەشدی شەعبی.
ئەحمەد ئەسەدی، گوتەبێژی فەرمی حەشدی شەعبی بە (رووداو)ی راگەیاند ''پلانی كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەلعەفەر فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان دایدەڕێژن، تەواوی هێز و لیوا و كەتیبەكانی حەشد بەشداری لە پرۆسەكە دەكەن''. بە گوتەی حەشدی شەعبی دوو هەزار چەكداری داعش لەنێو تەلعەفەر سەنگەریان لە هێزە عێراقییەكان گرتووەو ئەستەمە كەسیان خۆیان رادەست بكەن.
پاش ئەوەی حەیدەر عەبادی بەشدارپێكردنی حەشدی شەعبی و عەشائیری لە شەڕی تەلعەفەر راگەیاند بە فەرمی كۆمەڵی هێز و لیوای دیكە لە شەڕكردن لە مووسڵ دوورخرانەوە لەوانە: لیوا 29 لە فیرقە 15ی سوپای عێراق. لیواكانی 9 و 10 فیرقەی سێی پۆلیسی فیدراڵی، لیوا حوسین لە حەشدی شەعبی، هێزەكانی پۆلیس ئامادەی تەلعەفەر.
زوهیر حازم الجبوری، گوتەبێژی پاسەوانی نەینەوا بە (رووداو)ی گوت ''هیچ فەرمانێكمان پێ نەگەیشتووە بۆ بەشداریكردن لە شەڕی تەلعەفەر، ئەگەر شەڕێك نزیك ببێتەوە، ئەوە چەندین مانگ ئێمە خۆمانی بۆ ئامادە دەكەین، بەڵام پێناچێت حكومەت رێگە بە پاسەوانی نەینەوا بدات بەشداریی لەو شەڕەدا بكەن".
350 كوردی ئێزدی لە تەلعەفەرن
خەیری بۆزانی، بەڕێوەبەری كاروباری ئێزدییەكان لە وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی كوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند ''نزیكەی 350 كوردی ئێزدی رفێندراو لە تەلعەفەر لەلایەن داعشەوە دەستبەسەركراون، بەشی زۆریان منداڵن، هاوكات داعش بەشێكیانی بەرەو سووریا بردووە''.
هەر لەوبارەوە ئەحمەد ئەسەدی، گوتەبێژی حەشدی شەعبی دەڵێت ''زانیاریمان لەسەر ئێزدییە رفێنراوەكان كۆكردووەتەوە و ئەگەر داعش نەیانكوژێت ئەوە بە دڵنیاییەوە رزگاریان دەكەین".
تعليقات