كوردێن ئێزدى پشته‌ڤانيا خۆ بۆئه‌نجامدانا ريفراندۆمێ دووپات دكه‌ن

باسنيوز:
هەریەک لە پێکهاتەکانی کوردی ئێزیدی و کریستیانەکانی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی خۆیان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم دووپات دەکەنەوە و ٢٥ی ئەیلولی ئەمساڵیش بە رۆژی بڕیاردان لەسەر ئایندەی خۆیان ناو دەبەن.

زۆرینەی پێکهاتەکانی کوردی ئێزیدی و کریستیانەکان لە هەرێمی کوردستان شوێنی نیشتەجێبوونیان دەکەوێتە ناوچە کێشە لەسەرەکان، کە لە دەستووری عێراق بە مادەی ١٤٠ دەستووری ناودەبرێ، ئەو پێکهاتانەش دەیانەوێ لە ڕێگەی دەنگدانەوە بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن.

شێخ شامۆ نوێنەری پێکهاتەی کوردانی ئێزیدی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند "ریفراندۆم رۆژی بڕیاردانە لەسەر چارەنووسی خۆمان و رۆژی رێگریکردنە لە دەستێوەردانە دەرەکییەکانی ناوچەکە، بۆیە ئێمە وەک کوردی ئێزیدی وەک هەر پێکهاتەیەکی دیکەی هەرێمی کوردستان لە ریفراندۆم دەنگ بە بەڵێ دەدەین".

شێخ شامۆ ئاماژە بەوە دەدات کە مانەوەیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندی پێکهاتەی کوردی ئێزیدی و هەموو پێکهاتەکانی دیکەدایە، وەک خۆی دەڵێ "لەمێژە چاوەڕوانی ئەو رۆژە دەکەین کە بڕیار لەسەر مانەوەی خۆمان بدەین لەژێر ئاڵای کوردستان، چونکە ئێمە بەشێکی گرنگی کوردستانین و بە هیچ شێوەیەک بەشێک نین لە عێراق، چەندین ساڵە عێراق و حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئەو وڵاتە جگە لە کۆمەڵکوژی و جینۆساید هیچی دیکەی لێ بەرهەم نەهاتووە، بۆیە دەمانەوێت بە پرۆسەی ریفراندۆم رێگری لە دووبارە بوونەوەی کارەساتەکان بکەین".

شێخ شامۆ گوتیشی "متمانەی تەواومان بە خەڵکی خۆمان هەیە کە چارەنووسی خۆیان یەکلایی دەکەنەوە و پاڵپشتی سەرخستنی پڕۆسەی ریفراندۆم دەکەن، چونکە ئەگەر کوردی ئێزیدی بڕیارێکی هەڵە بدەن و پێچەوانەی ریفراندۆم کاربکەن، ئەوکات بە درێژایی مێژوو کارەسات و کۆمەڵکوژکردن بەسەر ئێمەی ئێزدی دووبارە دەبێتەوە و مافەکانمان پارێزراو نابێت".

ئەو نوێنەرەی کوردانی ئێزیدی لە پەرلەمانی کوردستان ریفراندۆم بە هەلێکی باش دەزانێت بۆ رێگری کردن لە دەستوەردانی گرووپی پەکەکە و لقەکانی سەر بە پەکەکە و دەشڵێت "هەر کاتێک هاووڵاتییانی سنووری شنگال دەنگی خۆی خستە پاڵ دەنگی دەنگی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و لە ریفراندۆم بڕیاری لەسەر چارەنووسی خۆیدا و داوای سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی کرد، ئەو کات دەسەلمێندرێت کە بوونی پەکەکە لە شنگال و سنوورەکە زۆردارییە، نەک خواستی خەڵکی شنگال، جا بۆیە داواکاریم لە کوردانی ئێزیدی ئەوەیە ئامادەکارییەکی تەواو بکەن بۆ ئەو رۆژە گرنگە".

بە هەمان شێوە واحیدە یاقۆ نوێنەری کریستیانەکان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند "پێکهاتەی کریستیانەکان بە کلدان و ئاشوورییەکانەوە دەنگیان بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ریفراندۆمە، چونکە لای هەمووان ئاشکرایە کە ریفراندۆم چارەنووسی ئێمە دیار دەکات و مافێکی رەوای گەلی کوردستانە بە هەموو پێکهاتەکانەوە".

یاقۆ ئاماژەی بەوەدا "دوای سەرکەوتنی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان دۆخی دارایی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە پێکهاتەی کریستیان و پێکهاتەکانی دیکەی هەرێم بەرەو باشتر هەنگاو دەنێت، تا ئێستا لە بەشێکی زۆری مافە رەواکانی خۆمان بێبەش بووینە، چونکە خاوەن وڵاتێکی سەربەخۆ نەبووینە".

دەشڵێ "ئەرکێکی ئەخلاقی و مرۆیی لەسەر شانی ئێمەیە پڕۆسەی ریفراندۆم سەربخەین، چونکە جگە لەوەی چەندین ساڵە هەرێمی کوردستان خزمەتی کریستیانەکان دەکات، زیاتر لە دوو ساڵیشە ئەگەر هەرێمی کوردستان نەبووایە هیچ وڵاتێکی ناوچەکە ئامادە نەبوو بە هانای ئاوارە کریستیان و ئێزیدی تەنانەت عەرەبەکانیشەوە بێت، هەر هەرێمی کوردستان بوو دەرگای بەڕووی ئاوارەکان کردەوە و هەر پێشمەرگە بوو بە جوانترین شێوە پێشوازی لە ئاوارەکان کرد، ئەمانە بەڵگەن کە پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان مافییان پارێزراوە".

تعليقات

المشاركات الشائعة