شه‌ش كوردێن ئێزدى ل سووریا هاتنه‌ رزگاركرن

رووداو - دهۆك

شه‌ش كوردی دیكه‌ی ئێزدی بن ده‌سه‌ڵاتی داعش له‌ وڵاتی سووریا رزگاركران و گه‌یشتنه‌ شوێنێكی ئارام، یه‌كێك له‌ رزگاركراوەکانیش برازای نادیە موراده‌.


خه‌یری بووزانی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كاروباری ئێزدییان له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و کاروباری ئایینی به‌ تۆڕی میدیایی رووداوی راگه‌یاند، به‌هاوكاری نووسینگه‌ی رزگاركراوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان شه‌ش كوردی دیكه‌ی ئێزدی له‌ هه‌ردوو شاری ره‌ققه‌ و مه‌یادینی سووریا رزگاركراون و گه‌یشتوونەتە شوێنێكی ئارام.


بووزانی چه‌ندین زانیاری دیکەی له‌باره‌ی ئه‌و رزگاركراوانه‌ ئاشكراكرد و گوتی: "له‌و شه‌ش رزگاركراوە دوویان ژنن و چواریش منداڵن، خه‌ڵكی گونده‌كانی كۆچۆ و سیبا شێخ خدری قه‌زای شنگالن".


وەک خه‌یری بووزانی ئاماژەی پێدا، یه‌كێك له‌ رزگاربووەکان برازای نادیە موراد، باڵیۆزی نیازپاکی نەتەوە یەکگرتووەکانە،‌ چاوه‌ڕێن ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 24\6\2017 بگەنەوە نێو كه‌سوكاریان له‌ سنووری پارێزگای دهۆك.


دوای ئەوەی داعش هێرشیکردە سەر شنگال و دەوروبەری، زیاتر له‌ شه‌ش هەزار كوردی ئێزدی كه‌وتنه‌ ده‌ستی چەکدارانی داعش و ‌تاوەکو ئێستاش 3030 كه‌س رزگاركراون و هێشتا چاره‌نووسی زیاتر له‌ سێ هەزاری دیکە دیارنییه‌.


نادیە موراد، تەمەن 24 ساڵ، لە مانگی 8ی 2014 لە گوندی کۆچۆ لەلایەن داعشەوە رفێندرا، دوای رزگاربوونیشی بە گێڕانەوەی ئازارەكانی نێوبانگێكی زۆری پەیداكرد.


نادیە بۆ یەکەمجار لە رۆژی 16-9-2015 لە دانیشتنێکی تایبەتدا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی گوتارێکی پێشکەشکرد و چیرۆکی خۆی وەک کچە کوردێکی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعش گێڕایەوە. 


جگە لەوەی نادیە موراد ئێستا باڵیۆزی نیازپاکی نەتەوە یەکگرتووەکانە، گۆڤاری تایم-یش بە یەکێک لە 100 کاریگەرترین کەسایەتی ساڵی 2016 دەستنیشانی کردبوو.

تعليقات

المشاركات الشائعة