پشتى پەلامارا شنگالێ 9900 كوردێن ئێزدی هاتينه‌ كوشتن يان گرتن

رووداو- هەولێر
ساڵی رابردوو، كۆمیسیۆنی نێودەوڵەتی و سەربەخۆ بۆ لێكۆڵینەوە كە رێكخراوێكە لەژێر چاودێریی نەتەوە یەكگرتووەكاندا كاردەكات، رایگەیاند كە توندوتیژییەكانی داعش لە دژی كوردی ئێزدی لە شنگال و دەوروبەری دەچێتە خانەی جینۆسایدەوە. 

داعش خۆیشی هیچكات نەیشاردووەتەوە كە دەیەوێ لەڕێی كوشتن، بەكۆیلەكردن و بڕواپێهێنانی زۆرەملییەوە شوێنكەوتووانی ئایینی ئێزدی لەناوبەرێ. ئەوەی هەتا ئێستا دیار نییە ئەوەیە قەبارەی توندوتیژییەكانی داعش لەدژی ئەو كۆمەڵگە كوردییە چەند بووە. بۆ روونكردنەوەی ئەوە، تیمێكی چوار كەسی دەستیان بە لێكۆڵینەوەیەكی مەیدانی كرد و پوختەی لێكۆڵینەوەكەشیان لە گۆڤاری (فۆرین ئەفەیرز)ی ئەمریكی بڵاوكردەوە.

لە ماوەی زیاتر لە یەك ساڵی رابردوودا ئامار و ژمارەی جیاواز لەبارەی كوژراو و رفێنراوانی ئێزدی خراوەتەڕوو. ژمارەكان باسی 2500 بۆ 5000 كوژراو و زیاتر لە 6000 رفێنراو دەكەن، بەڵام نەتەوە یەكگرتووەكان هەتا ئێستا ئەو ژمارانەی پشتڕاست نەكردووەتەوە. 

بەگوێرەی راپۆرتەكەی (فۆرین ئەفەیرز)، بە دۆكیومێنتكردنی ژمارەی كوژراوان و رفێنراوەكان تەنیا بۆ ئەوە گرنگ نییە كە وەكوو بەڵگەیەك بەدەستی دادگا نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەكانەوە بێ‌، بۆ ئەوەی دواجار توندوتیژییەكان بخرێنە چوارچێوەی تاوانی جینۆسایدەوە، بەڵكو ئەو داتایانە بۆ گەیاندنی هاوكاریی مرۆیی، هەوڵەكانی رزگاركردنی ئەوانەی هەتا ئێستا لەژێر دەستی داعشدان و دانانی ستراتیژێكی تۆكمەی چاودێریی تەندروستیش بایەخێكی زۆریان هەیە، ئەوە جگە لەوەی ئەو جۆرە دۆكیۆمێنتانە بۆ هەوڵەكانی ئاساییكردنەوەی رەوشی ناوچەكە و پەرەپێدانی ئاشتەوایی نێوخۆییش گرنگن. 

بۆ ئەنجامدانی ئەو لێكۆڵینەوە مەیدانییە، تیمی ئامادەكاری راپۆرتەكە لە 13 كەمپی ئاوارەكانی هەرێمی كوردستان چاوپێكەوتنیان لەگەڵ 1300 خێزاندا كردووە و لەبارەی كوشتار و رفاندنی ئەندامانی خێزانەكە لەلایەن داعشەوە پرسیاریان كردووە. 

بەپێی راپۆرتەكە، لەو 1300 خێزانەی قسەیان لەگەڵ كراوە، 988 خێزانیان كوردی ئێزدی خەڵكی ناوچەی شنگال بوون، 19 خێزانیش ئێزدیی خەڵكی ناوچەكانی دیكەی پارێزگای مووسڵ بوون. ئەوانی دیكە 105یان كوردی شەبەك، شەش توركمان، 83 كوردی سوننە، 86 عەرەبی سوننە و 13 خێزانیش ئاشووری بوون. تێكەڵكردنی ئایین و خەڵكانی دیكەی جگە لە ئێزدی لە لێكۆڵینەوەكە بۆ ئەوە بووە بەراوردێك لە نێوان كوژراوانی كوردی ئێزدی و خەڵكانی سەر بە ئایین  و نەتەوەكانی دیكە بكرێ. 

بەپێی ئەو زانیارییانەی كۆكراونەتەوە، لە چەند رۆژی هێرشەكانی داعشدا لە ناوچەی شنگال لە ئابی 2014 ، نزیكەی 9900 كوردی ئێزدی (واتە 2.5%ی دانیشتووانی ناوچەكە) كوژراون یان رفێنراون. لەو ژمارەیە 3100 كەسیان كوژراون كە 1400 كەسیان بە گولـلە، سەربڕین و زیندەبەچاڵكردن بووە. 1700 كەسیشیان بەهۆی برسێتی یان تینوێتی مردوون. 6800 كەسەكەی دیكەش (واتە 1.7% دانیشتووە ئێزدییەكانی ناوچەكە) رفێنراون. 

 لە كاتی ئەنجامدانی راپۆرتە مەیدانییەكەدا 4300 كەس (واتە نزیكەی 67%ی رفێنراوەكان) رزگاریان ببوو، 2500 كەسیش (واتە زیاتر لە 33%ی رفێنراوەكان) شوێنبزر بوون.

ژمارەیەكی وردی دانیشتووانی كوردی ئێزدی ناوچەی شنگال لە كاتی هێرشەكەدا بەردەست نییە، جیا لەمە ژمارەی كوژراو و رفێنراوەكان دەكرێ هێشتاش لەو ژمارانە زیاتر بێ كە لە راپۆرتەكەدا خراونەتەڕوو، لەبەر ئەوەی ژمارەیەكی نادیار لە خێزانەكان هەموو ئەندامەكانیان رفێنراون یان كوژراون، بۆیە هیچ كەسێكیان نەماوە چیرۆك و بەسەرهاتی خۆی و خێزانەكەی باس بكات.

توندوتیژییە تایفییەكانی عێراق بەشێوەیەكی تایبەت پیاوانی كردووەتە ئامانج. بەڵام لێكۆڵینەوە مەیدانییەكەی (فۆرین ئەفەیرز) دەریدەخات داعش لە كاتی هێرشەكانی بۆ سەر كوردی ئێزدی گوێی بە تەمەن و رەگەز نەداوە. بۆیەش لەو خێزانانەی وەكوو كەیس وەرگیراون، 1%ی خێزانەكان تەنیا یەك كەسیان دەربازی بووە و زیندوو ماوە، ئەندامانی دیكەی خێزانەكان یان كوژراون  یان رفێنراون یان شوێنبزرن.

لە كاتی هێرشەكانی داعشدا، رێژەی منداڵانی خوار تەمەن 15 ساڵ لە ناوچەی شنگال 41.2٪ی دانیشتووان بووە، رێژەی رەگەزی مێیینەی ناوچەكەش 49.4% و نێرینەش 51.6% بووە. بە گوێرەی راپۆرتەكە، منداڵانی خوار تەمەن 15 ساڵ قوربانیی سەرەكیی هێرشەكانی داعش بوون، بەجۆرێك نزیكەی 93%ی كوژراو و مردووەكانی سەر چیای شنگال لەكەسانی سەر بەو تەمەنانە پێكدێن، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە منداڵانی خوار تەمەن 15 ساڵ ناتوانن وەكوو كەسانی پێگەیشتوو لە كاتی هێرشەكاندا رابكەن یان خۆیان دەرباز بكەن، هەروەها تەنیا 18.8%ی منداڵە رفێنراوەكان توانیویانە رابكەن یانیش بە هەر شێوازێكی دیكە رزگاریان ببێ. ژمارەی كوژراو و رفێنراوەكان لە نێوان دوو رەگەزەكەدا لەیەك نزیكە. 

شایەتحاڵە ئێزدییەكان ئاشكرایان كردووە چارەنووسی كچ و كوڕە ئێزدییەكان تەواو جیاواز بووە، لە كاتێكدا كچەكان یان وەكوو دیاری بە چەكدارەكانی داعش دراون یان فرۆشراون، كوڕەكان بە زۆرەملی رەوانەی كەمپەكانی مەشقی داعش كراون. 

یەكێك لەو رەخنانەی لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بەتایبەتی ئەمریكا دەگیرێ، ئەوەیە كە دەیانتوانی رێگە لە كوشتار و رفاندنی كوردی ئێزدی بگرن، بەڵام راپۆرتی گۆڤارە ئەمریكییەكە دەڵێت ئەگەر هەوڵە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان نەبوونایە هێرشەكانی داعش ئاكامی زۆر قورستریان دەبوو، دەیان هەزار كەسی دیكە دەكوژران یان دەڕفێنران. بەڵام ئەگەر هاریكارییەكان خێراتر گەیشتبان ژیانی خەڵكانێكی زیاتر رزگار دەكرا.

سەرەتای مانگی ئابی 2014، چەكدارانی داعش هێرشیان كردە سەر شنگال و ناوچەكانی دەوروبەری. لە ئاكامی ئەو هێرشەدا هەزاران كوردی ئێزدی كوژران، رفێنران و ئاوارە بوون. لە ئاداری 2015، نووسینگەی كۆمیساریای باڵای مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لە راپۆرتێكدا كوشتار و رفاندن و بە كۆیلەكردنی كوردە ئێزدییەكانی لەلایەن داعشەوە بە كردەوەی جینۆساید هەژماركرد.

ساڵێك دواتر و لە رۆژی 14ی ئادار، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكاش بە كۆی دەنگ توندوتیژییەكانی داعشی لەدژی كوردانی ئێزدی، شیعەكان، مەسیحییەكان و گروپەكانی دیكە بە جینۆساید دانا.

چارەنووسی 9900 كوردی ئێزدی
3100 كەس كوژراون
1400 بە گوللە، سەربڕین و زیندە بەچاڵ
1700 بەهۆی برسێتی و تینیوێتی
6800 رفێنراون
4300 كەس رزگاركراون
2500 شوێنبزرن

تعليقات

المشاركات الشائعة