"هه‌تا نۆكه‌ سێ هه‌زار و 31 كه‌سێن ئێزدى ژ ده‌ستێن تيرۆرستێن داعشێ هاتينه‌ رزگاركرن"

دهۆک-KDP.info- 
بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێنراوانی کوردانی ئێزدی لە پارێزگای دهۆک ڕایگەیاند، ئەمرۆ یەکشەممە، ١٨ی حوزەیرانی ٢٠١٧، کچێکی دیکەی ئێزدی لە چنگی داعش ڕزگار کرا.

(حسێن قائیدی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''بە هەوڵی نووسینگەکەمان و هێزە ئەمنییەکان توانیمان کچێکی دیکە، بە ناوی (ن، خ)، تەمەن ١١ ساڵ، خەڵکی سیبا شێخ خدری سەر بە قەزای شنگال ڕزگار بکەین و هەوڵ و بزاڤەکانمان بەردەوام دەبن و  لە ئایندەدا هەوڵ دەدەین ئەوانەی دیکەش ڕزگار بکەین.''

(قائیدی)، دەربارەی دوایین ئاماری ڕفێنراوان گوتی: ''تا ئیستا ٣٠٣١ کەس لە چنگی داعش ڕزگار کراون و زیاتر لە ٣٣٠٠ کەس لە دەستیاندا ماون.''

هەر لەو بارەیەوە مامی ئەو کچە، بە ناوی (ناجی ساڵح) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئەم خێزانە لە ١٠ کەس پێک هاتبوون و پێشتریش دایکی ئەم کچە لەگەڵ چوار کچی دیکەیان ڕزگار کرابوون، ئەمڕۆش بە هەوڵی نووسینگەی ڕفێنراوان ئەم کچە ڕزگار کرا.''

مامی کچەکە گوتی: ''ئەم کچە هیچکام لە کەسوکارەکەی نەناسییەوە، جگە لە من، چونکە هەموو شتێکی لەبیر کردووە، تەنیا باسی چیرۆکەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش دەکات.''

لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەم کچە رزگارکراوە گوتی: ''داعش زوڵم و ستەمێکی زۆری لە ئێمە کرد، نەیدەهێشت ئێمە هیچ شتیک بکەین، تەنیا تەلەڤزیۆنێکیان بۆ ئێمە دانابوو، هەموو شتێکی دەربارەی پەیڕەوی داعش فێر دەکردین.''

بە گریانەوە گوتی: ''داعش هەموو ستەمێکی لە ئێمە کرد و ئەگەر شتێکیان بەدڵ نەبووایە، ڕۆژانە لێیان دەداین.''

ئێستا کچەکە لە کەمپی ئێسایە، کەمپێکی نیزیکی ناحیەی باعەدرێی سەر بە قەزای شێخانە.

تعليقات

المشاركات الشائعة