ل هەنگاریا ژماره‌يه‌كا كۆچبه‌رێن كوردێن ئێزدى دكه‌مپه‌كێ دا هاتينه‌ زيندانكرن

رووداو - هەولێر

 لەنێو کەمپی تومپا لە هەنگاریا ، 250 کورد زیندانی کراون و بەگوتەی یەکێک لە کوردەکان، ژیانیان زۆر ناخۆشە و داوای هاوکاریش لە مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی دەکەن.

لە چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیدا کە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراون کوردێک دەڵێت "لەسەر ئەو هەموو نەهامەتییە خەریکە لەنێو ئەو کەمپەدا لەئاودا دەخنکێن، داواکارین لە مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی هاوکاریمان بکەن، چونکە ئێمە لێرە لە زیندانداین و ناتوانین بۆ هیچ شوێنێک بچین و رێگەمان پێنادەن".

لەو گرتە ڤیدیۆییەدا ئەو کۆچبەرە دەڵێت "ئێمە لەنێو زیندانداین و جگە لەو بەشەی ئێمە سێ شوێنی دیکەی هاوشێوە هەیە و ژیانمان زۆر ناخۆشە، ئێمە مانمانگرتووە و نان ناخۆین تاوەکو چارەسەری ئەو دۆخەی ئێمە نەکرێت".

لەبارەی ئەو کەمپەوە حەیدەر عەلی، وەک رۆژنامەنووس لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ژیانی ئەو کوردانە زۆر ناخۆشە و لە نزیکەوە ئەو کوردانە دەناسم کە دانیشتووی ئەو کەمپەن، ئەوان کوردی ( عێراق ، سووریا)ین لەنێویشیاندا کوردی ئێزدی هەن".

هەروەها گوتی "ئەو کەمپە لە رۆژی 15-3-2017، بۆ ئەو کۆچبەرانە کراوەتەوە کە کۆچ دەکەن بۆ وڵاتانی ئەوروپا و دەکەوێتە سنووری نێوان سڕبیا و هەنگاریا".


کەمپی تومپا لە هەنگاریا ، لە چوار بەش پێکدێت، هەر بەشێک لە 16 ماڵ پێکهاتووە و ژمارەی ئەو کەسانەی لەنێو کەمپەکەدان 500 کەسن، بەگوتەی ئەو رۆژنامەنووسە "85%ـی کوردەکان لەنێو کەمپەکەدان لەنێو کەمپەکەدا لە دۆخێکی خراپدا دەژین".

رۆژی 24-5-2017  ڤیدیۆکان تۆمارکراون، لەگەڵ ڤیدیۆکاندا چەند وێنەیەک دەست رووداو کەوتوون و دەردەکەوێت ژمارەیەک منداڵی دانیشتووی کەمپەکە درووشمی جیاوازیان بەرزکردووەتەوە و هەریەکە و بەشێوازێک داوای باشترکردنی ژیانیان دەکەن.
یەکێک لە منداڵەکان کە وەرەقەیەکی بەرزکردووەتەوە و نووسیویەتی ( Wher is Humanity) واتە ( مرۆڤایەتی لە کوێیە).

تعليقات

المشاركات الشائعة