كێشە ل هەلدانا گۆرێن بكۆمێن ئێزديان ل شنگالێ هه‌يه‌

وشه‌
بەرپرسانی كاروباری ئێزیدی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و شارەزایانی یاسایی، دووپاتی دەكەنەوە كە بەهۆی تەنگژەی دارایی و نەبوونی پاڵپشتی نێودەوڵەتی، هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی ئێزیدییان رووبەڕووی كێشە و ئاستەنگ بووەتەوە.

بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامانەی لە لیژنەی باڵای بەجینۆسایدناساندنی تاوانەكانی دژ بە كوردانی ئێزیدی رادەستی "وشە" كراون، تا ئێستە 35 گۆڕی بە كۆمەڵ لە ناوچە ئازادكراوەكانی ژێردەستی داعش دۆزراونەتەوە كە رووفاتی قوربانییانی ئێزیدییان لەخۆ گرتووە.

چەكدارانی داعش لە 3ی ئابی 2014، ناوچە ئێزیدینشینەكانی شنگال و دەوروبەریان داگیر كرد و هەزاران هاووڵاتیی ئێزیدییان شەهید و هەزارانی تریان لە ئافرەتان و منداڵان گرت و وەك كۆیلەی سێكسی هەڵسوكەوتیان لەگەڵ كردن.

پاش دوو ساڵ لە رووبەڕووبوونەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بەرامبەر بە تیرۆریستانی داعش، زۆربەی ناوچە داگیركراوەكانی ئێزیدییان ئازاد كراونەتەوە، لەو ناوچانە ئازادكراوانەدا ژمارەیەكی زۆر گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراونەتەوە كە رووفاتی قوربانییانی ئێزیدییان لەخۆ گرتووە، ئەوانەی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە شەهید كراون.

لیژنەی باڵای بە جینۆسایدناساندنی تاوانەكانی دژ بە كوردانی ئێزیدی كە لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە پێك هاتووە، بۆ "وشە"ی روون كردەوە، "جگە لەو 35 گۆڕە بەكۆمەڵەی دۆزراونەتەوە، چاوەڕوان دەكرێت دەیان گۆڕی تری بە كۆمەڵ هەبن كە بەكۆی گشتی نزیكەی هەزار و 500 رووفاتی قوربانییانی ئێزیدییان لەخۆ گرتبێت".

تەنگژەی دارایی وەك یەكێك لە كێشەكانی بەردەم پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان دادەنرێت كە وای كردووە ئاستەنگ رووبەڕووی لیژنە پێوەندیدارەكە ببێتەوە.

پارێزەر ئەیاد كاكەیی، یەكێك لە پارێزەرانی قوربانییانی ئەنفال و جینۆسایدی گەلی كوردستان لە دادگاییكردنی سەدام حوسێن و سەرانی پێشووی بەعسی عێراقی، بە"وشە"ی راگەیاند، "بەهۆی تەنگژەی دارایییەوە نەتوانراوە پسپۆڕانی بیانی لە هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكاندا بەشداری پێ بكرێن، لە كاتێكدا پێشتر لە هەڵدانەوەی رووفاتی 123 قوربانی ئەنفالكراودا، بڕی حەوت ملیۆن و 500 هەزار دۆلار خەرج كرا، ئەو پرۆسەیە تێچووی زۆری دەوێت".

كاكەیی دەڵێ‌، "پێویست دەكات هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی قوربانییانی ئێزیدی لە ئاستی نێودەوڵەتی كاری لەسەر بكرێت، بەشێوەیەك تێچووی پرۆسەكە لە ئەستۆی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێت".

كەسوكاری قوربانییانی ئێزیدی چاوەڕوانی ئەوە دەكەن رووفاتی كەسوكارەكانیان بەزوویی لە گۆڕە بەكۆمەڵەكاندا بهێنرێنە دەرەوە، بەڵام وەك پارێزەرەكە دەڵێ‌، "سەرەڕای ئەوەی كەسوكاری قوربانییان دەیانەوێ‌ بە رووفاتی قوربانییەكانیان شاد ببنەوە، بەڵام هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان و تۆماركردنی داتاكان و بەكارهێنانی وەك بەڵگەیەك بۆ بەجینۆسایدناسانی تاوانەكە، كردەیەكی گەورەیە و پێویست بە ئارامگرتن دەكات".

لیژنەی باڵای بەجینۆسایدناساندنی تاوانەكانی دژ بە كوردانی ئێزیدی، هەوڵەكانی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا چڕ كردووەتەوە بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەو تاوانانەی داعش دژ بە كوردانی ئێزیدی ئەنجام دراون، بەڵام ئەوان رووبەڕووی ئەو ئاستەنگە دەبنەوە كە تا ئێستە عێراق ئەندامێتی لە دادگای باڵای تاوانەكاندا نییە، لەو روانگەیەوە لە هەوڵدان لەگەڵ عێراق بۆ ئەندامبوون لەو دادگایەدا یان ئەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە رێگەی بڕیارێكەوە عێراق ناچار بە ئەندامبوون بكات.

تعليقات

المشاركات الشائعة