ناديا موراد:كۆمكوژى يا به‌رده‌وامه‌ و ئاینده‌يێ مه‌ نه‌دیاره‌

رووداو - ئەڵمانیا

نادیە موراد، كچه‌ كوردی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعش و باڵیۆزی نیازپاكی نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتووه‌كان داوای وشككردنی سه‌رچاوه‌كانی دارایی داعش ده‌كات. هاوکات ناكۆكییه‌كانی نێوان پێشمه‌رگه‌ و میلیشیا شیعەکان، هێرشه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر پێگه‌كانی پەکەکە بە هۆكارەکانی نه‌گەڕانه‌وه‌ی خه‌ڵكی شنگال دادەنێت.


گۆڤاری (دێر شپێگل)ی ئه‌ڵمانی هه‌ڤپه‌یڤنێكی له‌گه‌ڵ نادیە موراد، كچه‌ كوردی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعش ئه‌نجامداوه‌، کە تێیدا ئاماژه‌ به‌ هەندێک لایه‌نی تایبه‌تی ژیانی خۆی له‌ ئه‌ڵمانیا ده‌کات.


نادیە مورادی ته‌مه‌ن 24 ساڵ دەڵێت، 40 كه‌سی خانه‌واده‌كه‌ی له‌ هێرشه‌كه‌ی 3ی ئابی 2014ـی داعش بۆ سەر شنگال له‌ده‌ستداوه‌. ده‌رباره‌ی ژماره‌ی ئه‌و كچ و ژن و منداڵانه‌ی كوردانی ئێزدی كه‌ تاکو ئێستاش دیلی داعشن، نادیە ده‌ڵێت "زیاتر لە سێ هەزار ماون".


  "زیاتر لە سێ هەزار ژن و منداڵی كوردی ئێزدی لەدەستی داعش ماون"
له‌ وەڵامی پرسیارێكدا ده‌رباره‌ی شەڕ لە دژی داعش، نادیە ده‌ڵێت "من سیاسی نیم، به‌ڵام من ده‌بینم كه‌ داعش ئێستاش چه‌ك و ئۆتۆمبێلی نوێی هه‌یە. كێ‌ پێیان ده‌دات؟ ده‌بێت سه‌رچاوه‌ داراییه‌كانیان وشكبكرێن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌بێت تاوانباره‌كان بۆ به‌رده‌م دادگا رابكێشرێن. ئێمه‌ كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین تاوانباره‌كان بدرێنه‌ دادگای نێوده‌وڵه‌تی".

سه‌باره‌ت به‌ بیركردنه‌وه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ زێدی خۆی، نادیە موراد گوتی "نازانم بەڵام بارودۆخ له‌وێ زۆر ئه‌سته‌مه‌. هه‌ندێك له‌ خێزانه‌كان گه‌ڕانه‌وه‌ به‌ڵام له‌و شوێنانه‌ی داعش هێرشی كردبووه‌ سه‌ریان، ئێستا ناكۆكی له‌نێوان پێشمه‌رگە و میلیشیاكانی شیعه‌ هه‌ن، دیسانه‌وه‌ش توركیا پێگه‌كانی په‌كه‌كه‌ ده‌گاته‌ ئامانج، بۆیه‌ ئه‌و خێزانانه‌ جارێكی دیكه‌ ئاواره‌ بوون". 


لەبارەی ئه‌و كه‌سانه‌ی هاوسۆزی داعش بوون و ده‌ستیان له‌ تاوانه‌كانی دژی كوردانی ئێزدی هه‌بووه‌، نادیە موراد دەڵێت "له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌شدارییان له‌ تاوانه‌كان نه‌كردووه‌، بێگومان ده‌توانین بژین، به‌ڵام زۆرینه‌یان یان هاوكاری داعشیان كردووه‌ یاخود چاوپۆشیان كردووه، بۆیه متمانه‌ نەماوە".


  "ئێستا ئه‌ڵمانیا ماڵی منه"
نادیا موراد، كه‌ خه‌ونی به‌ كاركردن له‌ بواری جوانكاریدا ده‌بینی و هیوای ژیانێكی ئاسووده‌ له‌ گوندی كۆچۆی سه‌ر به‌ شنگال ده‌كرد، یه‌كێكه‌ له‌و كچه‌ كورده‌ ئێزدییانه‌ی رزگاربووی ده‌ستی داعش كه‌ لە هه‌رێمی بادن ڤویرتمبێرگ له‌ باشووری ئه‌ڵمانیا دەژی. سه‌باره‌ت به‌ ژیانی‌ نوێی لەو وڵاتە، نادیە دەڵێت "ئه‌ڵمانیا زۆری بۆ ئێمه‌ كرد. بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی وه‌كو من له‌ عێراق له‌نێو كه‌مپی په‌نابه‌راندا ده‌ژیان، چانسی ژیانێكی باشتری پێبه‌خشین. ئێستا ئه‌ڵمانیا ماڵی منه، به‌ڵام زمانی ئه‌ڵمانی زۆر سه‌خته"‌. 


نادیە موراد به‌رده‌وامی به‌ قسه‌كانی ده‌دات و دەڵێت "هیوای گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ زێدی خۆمان هه‌ر ده‌مێنێت به‌ڵام كۆمه‌ڵكۆژییه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌. ئاینده‌یی ئێمه‌ نادیاره‌". 

تعليقات

المشاركات الشائعة